هەڵوێستی وەزیری پەروەردەی هەرێم لەبارەی بڕیارەكەی بەغدا سەبارەت بە زمانی كوردی
  2022-10-28       338       

پاش بڵاوبونەوەی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لەبارەی هەژماركردنی وانەی زمانی كوردی بۆ دەرچون، وەزیری پەروەردەی هەرێم لەو بارەیەوە دەڵێت، "سەرەنجام هەوڵەکانمان سەرکەوتوبون."

ئاوێنە: ئالان حەمەسەعید، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پاش دەرچونی گشتاندنێک لە وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵ لە (٦ی ١٠ی ٢٠٢٢) سەبارەت بەوەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی وەزارەتی ناوبراو دەرنەچونی تێدانییەو لە تاقیکردنەوەی گشتیی هەژمار ناکرێت، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە هەر هەمان ڕۆژ لە لەگەڵیان لە پەیوەندیدابوین."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە ئەنجامدا ڕێککەوتین کە شاندێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەردانی وەزارەتمان بکەن، بۆیە لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢٢ شاندێک لەوەزارەتی پەروەردەی عێراق، بۆ ماوەی سێ رۆژ لە هەرێمی کوردستان مانەوەو گفتوگۆکانمان بەردەوام بو، سەرەنجام کۆنوسێکی هاوبەش نوسراویەوەو بەندەو بەرێز  وەزیری پەروەردەی عێراق لە کابینەی پێشو، لە ١٣ی ١٠ی ٢٠٢٢ واژۆمان کردو ڕەزامەندبوین، مانگێکیش دانرا کە دەبێت هەر دو وەزارەت گشتاندن بەو ڕێککەوتنە دەربکەین."

وەزیری پەروەردەی هەرێم وتوشیەتی"سەرەنجام هەوڵەکانمان سەرکەوتوبون و لە ٢٤ ی ١٠ ی ٢٠٢٢، بەرێوەبەرایەتی گشتیی هەڵسەنگاندن و ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵ، گشتاندنی پێویستی دەرچواند کە زمانی کوردی (دەرنەچون)ی تێدایەو ئەگەر قوتابی لەبابەتی زمانی کوردی نەگەیشتە نمرەی پێویستی دەرچون، ئەوا بەدەرنەچو دادەنرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×