پۆلیس زانیاری لەبارەی لێدانی ژنێك لەبەردەم مۆڵێكی كەركوك دەخاتەڕو
  2022-10-29       431       
ئەمڕۆ شەممە، بەردەم مۆڵەكەی كەركوك، پۆلیس لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەكات. فۆتۆ: كەركوك ناو

دوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی لێدان لە ژنێك لەلایەن كارمەندانی مۆڵێك لە كەركوك، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە روداوەكەو دەركەوتوە ئەو ژنە "هەڵساوە بە دزینی كۆمەڵێك كاڵا لەنێو مۆڵەكەو شاردنەوەیان لەنێو جانتاكەیدا."

ئاوێنە: ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە كە تێیدا دەردەكەوێت لەبەردەم مۆڵی "تۆپ سیتی" لە ناوچەی رەحیمئاوای شاری كەركوك، ژمارەیەك لە كارمەندانی مۆڵەكە بەشەق لە ژنێك دەدەن.

موقەدەم عامر شوانی، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك، ئەمڕۆ شەممە، لەبارەی روداوەكەوە، بە كەركوك ناوی راگەیاندوە"لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە روداوەكە پێكهێنراوەو دەركەوتوە ئەو ژنە هەڵساوە بە دزینی كۆمەڵێك كاڵا لەنێو مۆڵەكەو شاردنەوەیان لەنێو جانتاكەیدا."

وتوشیەتی"دوای پێزانینی لە كامێراكانی مۆڵەكەوە، سكیوریتی مۆڵەكە هاتون و ژنەكەیان راگرتوەو جانتاكەیان كردۆتەوە بەڵام ژنەكە رێگری لێكردون و دواتر ژنەكە جانتاكەی هەڵڕشتوەو شتە دزرەكانی نێوی شكاندوە، هەروەها پەلاماری چەند كاڵایەكی دیكەی نێو مۆڵەكەی داوەو شكاندونی و فڕێی داونەتە سەر زەوی و قسەی بە كارمەندانی مۆڵەكە وتوە."

وتەبێژی پۆلیسی كەركوك وتوشیەتی"كارمەندانی مۆڵەكە ژنەكەیان كردۆتە دەرەوەو ئەویش هەڵساوە بە شكاندنی جامی چەند ئۆتۆمبێلێك كە لە بەردەم مۆڵەكە راگیران."

ئەوەشی خستۆتەڕو"رەفتارەكە نائەخلاقی بوە بەڵام بەوردی لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەكەین ئەوەش لە رێگەی ئەوانەی لە مۆڵەكە بون و هەروەها لە رێگەی كامێراكانی چاودێرییەوە."

👈🏻الصورة ظهر السبت، 29 تشرين الاول 2022، امام مول توب ستي، تظهر اللجنة التحقيقة وقيادات شرطة كركوك، الصورة خاصة بكركوك ناو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×