ئاسایشی سلێمانی: دو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران
  2022-10-30       434       

ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هێزەكانیان دو بازرگانی ماددەی هۆشبەرییان دەستگیركردون و دەستیشیان بەسەر بڕی ١٣٦ كیلۆگرام ماددەی ئەسید و ١٤٠ گم ماددەی حەشیشدا گرتوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای لێكۆڵینەوەی وردو بەدواداچون هێزەكانی ئاسایش بەفەرمانی دادوەر لە ٢٠٢٢/١٠/٢٢ لە هەڵمەتێکدا لە یەکێک لە بازگەکانی دەروازەی شاری سلێمانی دەستیانگرت بەسەر بڕی ١٣٦ كیلۆگرام ماددەی ئەسید كە لەناو (دەبە)ی سوتەمەنیدا شاردرابویەوە لەگەڵ بڕی 140 گرام ماددەی حەشیش و ئامێری پێوانەکردن (تەرازو)."

ئەوەشی خستۆتەڕو، دو تۆمەتباریش بە ناوەکانی (س. ق. م.) لەدایكبوی ١٩٨٧ و (ر. ه. م.) لەدایكبوی ١٩٩٥ كە دانیشتوی هەرێمی كوردستانن دەستگیركران.

وتوشیەتی، بەپێی زانیارییەكان ئەو ماددانە لەدەرەوەی هەرێمەوە هێنرابون.

ئاسایشی ئاماژەی بەوەشداوە كە بە فەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە ئەقڵییەكان دو تۆمەتبارەكە ڕاگیراون.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×