حكومه‌تی هه‌رێم: دابەشكردنی نەوتی سپی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوامە
  2022-10-31       291       


بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی كانزایی رایگه‌یاند، دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی كراوە و  17 هەزار 866 خێزان نه‌وتیان وه‌رگرتوه‌، بۆ هەر خێزانێكیش 200 لتر دابین كراوە و به‌ 100 هه‌زار دینار ده‌درێته‌ هاوڵاتیان.

ئاوێنه‌: فەلاح مەولود ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی كانزایی لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فه‌رمی حكومه‌ت رایگه‌یاند، "دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی كراوە و تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر چوار ملیۆن و 488 هەزار و 310 لیتر و لە پارێزگای سلێمانی هه‌شت ملیۆن لیتر و لە پارێزگای دهۆک شه‌ش ملیۆن و 646 هەزار و 174 لیتر و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 220 هەزار لیتر و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک ملیۆن و 213 هەزار و 200 لیتر نەوتی سپی بەسەر ماڵان دابەشكراوە''.

بەپێی داتاکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە دهۆك 10 هەزار و 700 خێزان و لە گەرمیان هەزار و 100 خێزان و لە سۆران شه‌ش هەزار و 66 خێزان، نەوتیان وەرگرتوە کە كۆی گشتی دەگاتە 17 هەزار 866 خێزان و  بۆ هەر خێزانێكیش 200 لتر دابین كراوە. 

فەلاح مەولود وتیشی، "بڕە نەوتێکی زۆر لە کۆگاکانی بەڕێوەبەڕایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی هەیە، هەر کاتێک لە ڕێگەی قائیمقامیەتەكانەوە داوا بکەن، نەوتەکەیان بۆیان دەنێردرێت، كه‌ 284 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت و  بە نرخی پاڵپشتیکراوی 100 هەزار دینار دەدرێتە هاوڵاتیان''.

به‌پێی وته‌ی به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە ئێستادا پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوامە و دوایی ئەویش لە ناوچەکانی دەوروبەر و سەنتەری شارەکان دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×