لاهور شێخ جەنگی: لە دۆخی ئێستای هەرێم بێدەنگ نابین و پلانمان دەبێت
  2022-11-02       1390       

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، ناکرێت چیتر ئەم دۆخەی هەرێمی كوردستان، بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت. دەشڵیت، بێدەنگ و بێهەڵوێست نابین لە ئاست ئەو کەمتەرخەمییانەی هەن و بەرنامە و پلانی گونجاومان دەبێت لە داهاتودا.

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە شاری لەندەن، لەگەڵ ژمارەیەک لە چین و توێژە جیاوازەکانی ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا کۆبوینەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو، "لەو کۆبونەوەیەدا ئاماژەمان بەو دۆخە ناهەموارو چەقبەستوە کرد کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تێکەوتوەو باسمان لە نائومێدی و نیگەرانییەکانی خەڵکی کوردستان کرد بەرامبەر بە شێوازی حکومڕانی و ئەو حیزبانەی کە ئێستا لە دەسەڵاتدان."

وتوشیەتی، "جەختمانکردەوە کە ناکرێت چیتر ئەم دۆخە بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارو حیزبە سیاسییەکانە بە تایبەت ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدان لە پێناو بەرژەوەندیی میللەتەکەمان بیر لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بکەنەوە بۆ دەربازبون لەم دۆخە ناهەموارە، تا چیتر میللەتەکەمان بێهیوا نەکرێت و گەنجەکانمان بیر لە بەجێهێشتنی وڵات بەرەو هەندەران نەکەنەوە."

لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی وتوە"دوپاتمانکردەوە کە ئێمەش نیگەرانین لەو دۆخەی ئێستا لە ئارادایە، بە وردی چاودێریی بارودۆخەکە دەکەین، بێدەنگ و بێهەڵوێست نابین لە ئاست ئەو کەمتەرخەمییانە، بە پشتیوانیی میللەتەکەی خۆمان هەوڵی جدی دەخەینەگەڕو بەرنامە و پلانی گونجاومان دەبێت لە داهاتودا."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×