وەزیری ناوخۆی تورکیا تۆمه‌تێكى مه‌ترسیدار ئاراسته‌ى ھەدەپە دەکات
  2022-11-08       524       

وەزیری ناوخۆی تورکیا تۆمه‌تێكى مه‌ترسیدار ئاراسته‌ى پارتى دیموكراتى گه‌لان (هەدەپە) ده‌كات‌و به‌باڵی سیاسیی پارتى كرێكارانى كوردستان (پەکەکە) ناوى ده‌بات.

ئاوێنە:  سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیاو جێگری سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا هێرشێکی توندیکرده‌سه‌ر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)و بەباڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستانی وەسفکرد.

سۆیلو لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێک لەئاهەنگی کۆتایی خولی دەرچونی پاسەوانانی ئاسایش لەزانکۆی شرناخ لەباکوری کوردستان وتی:"چەند ساڵە هەدەپە بەباڵی سیاسیی پەکەکە وەسفدەکەین، بەڵام ئەوان نە نکوڵی لەوە دەکەن‌و نە شەرمیش دەیانگرێت، هێشتاش لەشەقامەکانی ئامەدو شرناخ‌و جزیرە دێن‌و دەچن‌و داوای ئازادکردنی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن، نەک هەر ئەوە، بەڵکو خەریکی دۆزینەوەی ئەندامی نوێن بۆ چونە ناو ڕیزەکانی ئەو پارتە جوداخوازە.

وتیشى:"خۆیان واپیشاندەدەن کە لەئەنکەرە سیاسەتدەکەن‌و بەشداریی کاری پەڕلەمانیی دەکەن، بەڵام بەرامبەر بەهەموو ئەو ڕوداوو کۆمەڵکوژیانەی لەوڵاتدا ڕودەدەن داوای لێبوردن ناکەن".

ئەو لێدوانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای ئەوەهات کە شاندێکی پارتی دادو گەشەپێدان بەسەرۆکایەتیی بەکر بوزداغ وەزیری دادی تورکیا سەردانێکی بۆ لای پارتی پارتی دیموکراتی گەلان بەمەبەستی کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆ گۆڕانکارییە دەستورییەکانی پەیوەست بەئازادکردنی سەرپۆش لەدامەزراوە فەرمییەکان ئەنجامدا، بەوپێیەی هەدەپە وەک پارتێکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا کراوەو پێیوستیان بەدەنگی ئەو پارتە هەیە.

لەوەڵامی ڕەخنەکانی سۆیلوشدا، محەمەد عەلی جوهاری پەرلەمانتاری پارتی دادو گەشەپێدان لەمیانی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، هەدەپە پارتێکە بەپێی یاساکانی تورکیا دامەزراوەو کوتلەی لەناو پەرلەمانی تورکیادا هەیە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، محەمەد مەتینەر پەرلەمانتاری پێشوی پارتی دادو گەشەپێدان‌و نوسەر لەڕۆژنامەی یەنی شەفەق ڕایگەیاند، ئەگەربێت‌و ئاکەپە بیەوێت پاڵپشتی هەدەپە بەدەستبهێنێت، ئەوە ئیتر کاتی ئەوە هاتوە  لەگەڵیدا کۆببێتەوەو تۆنی دەنگ‌و شێوازی سیاسەتکردنی خۆی بەرامبەر بەو پارتە کوردییە بگۆڕێت.

هەروەک وتى:"تۆمەتبارکردنی هەدەپە بەوەی باڵی سیاسیی پەکەکەیەو داواکردن بۆ قەدەغەکردنی لەکاری پەڕلەمانی، لەهەمانکاتیشدا دانیشتن لەگەڵیانداو داواکاریی بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەو پارتە، مانای بونی قەیرانە لەناو ئاکەپەدا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×