یونادم كه‌ننا: كاندیدانی پێكهاتەكان بە دەنگی پۆلیس و ئاسایش بۆ پەرلەمانی كوردستان دەرچون
  2022-11-08       389       

یونادم یوسف كه‌ننا، سكرتێری گشتی بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشوری و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی رافیده‌ین رایگەیاند، هه‌ر پێنج حزبی كلدوئاشوری داوامان له‌ پارتی كردوه‌ كورسی كۆتاكان به‌پێی سیستمی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992 بێت و كاندیده‌كانمان له‌لایه‌ن میلله‌تی خۆمانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێن و دەشڵێت، ئه‌و كاندیدانه‌ی له‌سه‌ر پشكی پێكهاته‌كان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچون، به‌ ده‌نگی ئێمه‌ نەبون، به‌ڵكو به‌ ده‌نگی پۆلیس و ئاسایش ده‌رچون.

ئاوێنە: یونادم یوسف كه‌ننا، سكرتێری گشتی بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی رافیده‌ین له‌ لێدوانێكیدا بۆ پێگەی رەسمی یەكێتی رایگه‌یاند: "هه‌ر پێنج حزبی كلدوئاشوری سه‌ردانی هه‌مو لایه‌نه‌كانمان كردوەو داوامان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كردوه‌ كورسی كۆتاكان به‌پێی سیستمی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992 بێت و كاندیده‌كانمان له‌لایه‌ن میلله‌تی خۆمانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێن وه‌ك وڵاتانی ئوردن و رۆمانیاو كرواتیا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌بێت مانای وایه‌ كاندیده‌كانی دیكه‌ به‌سه‌ر كاندیدانی ئێمه‌دا فه‌رز ده‌كرێن".

 ئەوەشی خستۆتەڕو"ئه‌و كاندیدانه‌ی له‌سه‌ر پشكی پێكهاته‌كان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچون، به‌ ده‌نگی ئێمه‌ نه‌بون، به‌ڵكو به‌ ده‌نگی پۆلیس و ئاسایش ده‌رچون، بۆ ئێمه‌ هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان پێكهاته‌كاندا نییه‌ له‌سلێمانی بێت یاخود دهۆك یان كه‌ركوك، به‌ڵام لای ئێمه‌ گرنگه‌ ئه‌و كاندیدانه‌ی ده‌چنه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ده‌نگی راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كان بن."

ئاماژەی بەوەشداوە"له‌گه‌ڵ جێنین پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عیراق و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم تاوتوێی پرسی پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنمان كردو چه‌ند پێشنیارێكیشمان بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری پێكهاته‌كان خسته‌ڕو، به‌ڵام تا ئێستا به‌ره‌سمی وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه‌".

یونادم یوسف كه‌ننا وتوشیەتی"پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نه‌بوه‌ كورسی پێكهاته‌كان به‌سه‌ر پارێزگاكانی هه‌رێمدا دابه‌شبكرێن، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و میكانیزمه‌ی له‌ ئێستادا به‌سه‌ر نوێنه‌رانمان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جێبه‌جێده‌كرێت پێمان باش نییه‌و ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان نوێنه‌رمان له‌ په‌رله‌مان هه‌بێت".

 جەختیشی كردۆتەوە كە "له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش هاوپه‌یمانی فه‌تح و رێكخراوی به‌در نوێنه‌ری پێكهاته‌كان هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام ئێمه‌ به‌وه‌ رازی نین و ده‌مانه‌وێت خۆمان نوێنه‌ری خۆمان هه‌ڵبژێرین."

یونادم یوسف كه‌ننا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتوشیەتی"كاك مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێت: (كه‌س له‌سه‌رووی یاساوه‌ نییه‌) به‌ڵام زیاتر له‌ 60 گوندی ئێمه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو دهۆك كه‌ زۆربه‌یان ده‌كه‌ونه‌ سنوری دهۆكه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ناوچه‌یه‌و خه‌ڵكانی ده‌ستڕۆیشتو به‌ پاڵپشتی حزب و حكومه‌ت، زیاده‌ڕه‌وییان كراوه‌ته‌ سه‌ر، ته‌نانه‌ت ساڵی 1993 یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ركراوه‌، به‌ڵام رێ له‌ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ ده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش بێگومان به‌ كه‌سانی ئاسایی ناكرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×