وردەکاریی رووداوی گیانلەدەستدانی مێردمنداڵێک لە کاتی دەستگیرکردنیدا بڵاوکرایەوە
  2022-11-13       756       

دوێنێ لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی مێردمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ لە کاتی دەستگیرکردنی گیانیلەدەستدا، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاند، لیكۆڵینەوەکان لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

ئاوێنە: هەژار ئەحمەد، برای (سەهەند) ئەو مێردمنداڵە تەمەن 17 ساڵەی دوێنێ شەممە گیانیلەدەستدا میدیایەکی یەکێتی راگەیاند، “براکەم دوێنێ لەگەڵ چەند گەنجێکی دیکە لە گەڕەکی سەرچنار بە شەڕ هاتووە، لە دوای ئەوەی دەستگیریان کردووە هەڵاتووە و جارێکی دیکە دەستگیریان کردووەتەوە”.

ئاماژەی بەوە کرد، ” لە بنکەی پۆلیس بە ئێمەیان وت لەو کاتەی پۆلیسەکان شوێنی کەوتوون، براکەم لە شوێنێکی بەرز کەوتووەتە خوارەوە و زەبری بەرکەوتووە”.

باسی لەوەش کرد، “ئێمە گومانمان لە چۆنێتی مردنی براکەم هەیە،دەمانەوێت بە بەڵگەوە هۆکاری مردنەکەیمان پێبڵێن”.

لە بارەی هەمان رووداوەوە، سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “رووداوەکە دوێنێ شەممە روویداوە، لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکردووە لەبارەی وردەکارییەکەیەوە، لە دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی ئاشکرایدەکەین”.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×