پۆلیسی سلێمانی: هەرکەسێک لە گیانلەدەستدانی سەهەند کەمتەرخەمی کرابێت رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر
  2022-11-13       661       


وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو پۆلیسانەی لەلایەن بنەماڵەی سەهەندەوە سكاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، لەلایەن لیژنەی لیکۆڵینەوەی پۆلیسەوە دەستبەسەرکراون و وتەیان لێوەردەگیرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو پۆلیسانەی لەلایەن بنەماڵەی سەهەندەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن لیژنەی پۆلیسەوە دەستبەسەرکراون و وتەیان لێوەردەگیرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بە بنەماڵەی سەهەندی ووتووە، بسەلمێنرێت هەرکەسێک لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی سەهەند کەمتەرخەمی کردووە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئەوەشی خستەڕوو، لەمانگی 10ـی ئەمساڵدا کەسێک سکاڵای تۆمارکردووە کە دەستڕێژی گوللـەی لێکراوە، دوایی دەرکەوتووە سەهەند و هاوڕێکەی بوون لەسەر ئەو سکاڵایە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

وتیشی، سەهەند و هاوڕێکەی بە گوێرەی مادەی 405/31 سەرەتا دەستگیرکراون.

هەروەها، لە بارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی سەرهەندەوە، سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەکرد، ئەوانیش وەک پۆلیس پرسیاریان هەیە ئایا سەهەند بەهۆکاری لێدان گیانیلەدەستداوە یان هۆکاری دیکە هەیە، هەر بۆیە تەرمەکەیان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە تا توێکاری بۆبکرێت و هۆکاری مردنەکەی دەستنیشان بکرێت.

وتیشی، "سەهەند ئەحمەد"ی تەمەن ١٧ ساڵ هەوڵیداوە خۆی کەدەستی پۆلیس رزگاربکات لەبنکەی پۆلیس هەڵهاتووە و چووەتەدەرەوە، بەڵام دواتر لەسەر بەرزییەک دەکەوێتە خوارەوە برینداردەبێت. کاتێک دەستگیردەکرێتەوە و دەبرێتەوە بنکەی پۆلیس، گیانلەدەستدەدات، لە ئێستاشدا لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەستبەکاربووە. 

ئەمرۆش، کەسوکار و بنەماڵەی ئەو کوڕەی گیانیلەدەستداوە رایانگەیاند، "کوڕەکەیان لەدوای ئەوەی گیراوە بە پێنج پۆلیس لێیانداوە و تەعزیبیان داوە و دواتریش لە ژووری زیندان خنکاندویانە."
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×