پێشبینی كەشناسی هەرێم بۆ كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ
  2022-11-25       354       

كەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە، شەپۆلێكی باران بارینی چڕ كە خۆی لە بارانی بەلێزمە لەگەڵ هەورە تریشقەدا دەبینێتەوە، سەرجەم ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوەو سبەینێش پلەكانی گەرما دو تا سێ پلە دادەبەزن.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بە درێژایی کاتەکان لە ئەنجامى یەکگرتنى هەردو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سور شەپۆڵێکى باران بارینی چڕ سەرتاپاى ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەمڕۆ لە سەنتەرى پارێزگاکان و زۆربەی ناوچەکانی تر باران بارینى بە لێزمە و هەورە تریشقە دەبێت هەندێ جار لە کاتى باران باریندا بەرزبونەوەى ئاستى ئاو دەبێت و لە سەر لوتکەى شاخە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت و پلەکانى گەرما رو لە نزم بونەوە دەكەن.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە، سبەی شەممە، ئاسمان بە گشتی هەوری تەواو بێت لەگەڵ هەورە تریشقە و باران بارینی مامناوەند و بەلێزمە و بارانی پچڕ پچڕ لە ناوچە جیاجیاکان.

وتوشیەتی"لە سنوری پارێزگای دهۆک و باکوری خۆرهەڵاتی هەولێرو ناوچە شاخاوییەکان زۆرترین ڕێژەی باران بارینمان دەبێت . لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکان بەفر بارین دەبێت و پلەکانی گەرما بە نزمی دەمێنێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە کاتی بەیانی زودا پلەکانی گەرما زیاتر دابەزین بەخۆیەوە ببینن و بە نزیکەی (2 تا 3) نزم ببنەوە.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 17، سلێمانی: 18، دھۆک: 12، کەرکوک: 19، ھەڵەبجە: 17، سۆران: 13، گەرمیان: 20 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×