وتەبێژی یەپەگە: ئەو شەڕەی ئەردۆغان دەیکات بۆ تورکیا نییە، بەڵکو بۆ هەڵبژاردنەوەی خۆیەتی
  2022-11-25       765       

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) رایدەگەیەنێت؛ تورکیا دەیەوێت پرۆژەی دیموکراسی لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا نەهێڵێت، ئامادەیی هێزەکانی خۆیشیانی نیشاندا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی تورکیا.

ئاوێنە: نوری مەحمود، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی کەی ئێن ئێن رایگەیاند؛ لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە لەگەڵ جیهان قسەمان کردوەو هێزەکانی ئێمە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی تورکیا ئامادەن.

وتیشی: تورکیا دەیەوێت پرۆژەی دیموکراسی لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا نەهێڵێت، لە هێرشەکانیشدا زیانی زۆریان بە هاوڵاتیانی مەدەنی گەیاندوە.

رونیکردەوە، لە 32٪ی خاکی سوریا بەدەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوەیەو لە 40٪ی خەڵکی سوریاش لەناوچەکانی ئێمە دەژین.

نوری مەحمود رایگەیاند؛ داوامان لە روسیاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، چونکە ئەردۆغان ئەو شەڕەی دەیکات بۆ تورکیا نییە، بەڵکو شەڕی هەڵبژاردنەوەی خۆی دەکات.

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە لە تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ، نوری مەحمود وتی: بەرپرسانی تورکیا لێدوانی جیاوازیان داوە، ئەو کەسەشی لەسەر روداوەکە دەستگیرکراوە، سێ برای لەنێو ریزەکانی داعشدا کوژراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×