كارمەندانی تەندروستی لە هەولێر خۆپیشاندان دەكەن
  2022-12-07       360       


ئەو كارمەندانەی تەندروستی كە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنادا لە نەخۆشخانە حكومییەكان كاریانكردووە، لە هەولێر خۆپیشاندان دەكەن و دەڵێن، زیاتر لە پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی وتەی خۆپیشاندەران، لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردووەوە مووچەیان وەرنەگرتووە و ماوەی شەش مانگە گرێبەستەكانیان بەسەرچوون و تا ئێستا وەزارەتی تەندروستی گرێبەستەكانیانی نوێنەكردووەتەوە.

یەكێك لە خۆپیشاندەرەكان راگەیاند، لە بەیانییەوە لە بەردەم وەزارەتی تەندروستی گردبوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەزیریان نەبینیوە و نوێنەرەكانیان “لە ژوورەوە چاوەڕوانی گەڕانەوەی وەزیر دەكەن”.

وتیشی، “لە كاتی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا ئەو جەنگەی كردمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاكە ئەوانی دیكە نەیاندەكرد، بەڵام ئێستا كاریان پێمان نەماوە، داواكارین ئەوەی كردمان لەبیرنەكرێت. گرێبەستەكانمان بكرێن بە هەمیشەیی یاخود بۆ ماوەی یەك ساڵ بن نەك شەش مانگ”.

بەشێك لە خۆپیشاندەران دەڵێن، بەڵێنیان پێدراوە كێشەكەیان چارەسەربكرێت، بەڵام كارەكان بە سستی بەڕێوەدەچن و ترسیان هەیە لەوەی حكومەت داواكارییەكانیان جێبەجێنەكات، لە كاتێكدا ئەوان سەرباری وەرنەگرتنی مووچە و پاداشت، بەردەوامن لە كاركردن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×