دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم: لەدوای ھەر بومەلەرزەیەك چێکی ھەمو باڵەخانەکان دەکرێت
  2023-02-23       379       

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، لە دوای ھەر بومەلەرزەیەك چێکی ھەمو باڵەخانەکان دەکرێت و بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە کواڵێتی پرۆژەکانی بیناسازی دەکرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی دەستەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بە یاوەری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێرو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی دەستە گفتوگۆیەکی کراوەیان لەگەڵ ژمارەیەک لەو وەبەرھێنەرانە ئەنجامدا کە خاوەنی تاوەرو باڵەخانەی بەرزن لە شاری ھەولێر .

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی رێکارو مەرجی تازەی پرۆژەکانی وەبەرھێنان کرا کە تایبەتن بە تاوەرو باڵەخانە و بیناسازییەکان بەمەستی رێگەگرتن لە زیانی گەورە لە دوای ھەر بومەلەرزەیەك.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا کە پێداچونەوە بە یاساو رێنماییەکانی مۆڵەتدان بکرێت تایبەت بە پرۆژەکانی وەبەرھێنان لە بواری بیناسازیدا لە ھەمانکاتدا پشکنینی کۆنکرێت و شیش و کەرەستەکانی دیکەی بیناسازی بکرێت بەر لە بنیاتنان و دروستکردنی باڵەخانەکان و دڵنیابونیش لە ھەبونی مەرجەکانی سەلامەتی و رەچاوکردنی کۆدەکانی بیناسازی بەپێی ستانداردی عێراقی و ئەمریکی کارپێکراو.

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشداوە كە لە دوای ھەر بومەلەرزەیەك چێکی ھەمو باڵەخانەکان دەکرێت و بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە کواڵێتی پرۆژەکانی بیناسازی دەکرێت و پشکنینی وردتر بۆ ئەو خاک و خۆڵە دەکرێت کە تاوەرو باڵەخانەی لەسەر بنیات دەنرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×