پارتی: سەرجەم بارەگاکانمان لە كەركوك دەكەینەوەو گوێ بە ژاوەژاوی پوچ نادەین
  2023-02-24       524       

مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی رون و راستەخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستدەکەن بە کردنەوەی سەرجەم بارەگاکانیان لەکەرکوک. دەشڵێت: "روبەڕوی هەر گروپێک دەوەستینەوە هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە کەرکوک بکات". راوێژکارێکی ئەو مەکتەبەش دەڵێت: "ئێمە رێککەوتنی ئاشکرامان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوە، بەڵام دیارە هەندێک لە عەرەبە شۆڤێنییەکان پێیانخۆش نییە."

 ئاوێنە: مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی ئەو راگەیەندراو و قسانە دەداتەوە، کە لەدژی کردنەوەی بارەگاکانی لە کەرکوک بڵاودەکرێنەوە. لە ڕونكردنەوەیەكدا وتویەتی"جار نا جارێک لێدوانی میدیایی گرژ و پڕ لە دەربڕینی هەڕەشەئامێزی دژی ئاسایش و سەقامگیری کەرکوک دەردەچن، کە هەندێک لەو گروپانەی بانگەشەی نوێنەرایەتیی سیاسی دەکەن و لەسەر زەوی بونیان نییە، ئامانجیانە لە ڕێگەی ئەو لێدوانانەوە هەر هەنگاوێکی ئاشتییانە کە دەبێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتیی بەردەوام لە پارێزگاکەدا، لەبار ببەن. ئەم گردبونەوە لاوازانە گوتاری پۆپۆلیستانەی وا ڕادەگەیەنن کە پەیوەندییان بە واقیعی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیی کەرکوکەوە نییە و پشتبەستو نین بە بنەماکانی هاوسەنگیی هێز لەسەر زەوی و خواستی هاوڵاتییانی کەرکوک، بگرە لە شێواز و ناوەڕۆک سەرپێیی بونیاندا دەربڕینی ئەو ئەجێندایانەن کە بەرژەوەندی تەسک و بیری کۆنەپەرستانە پاڵنەریانن و لایەنی ناسراویان لە پشتە."

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک - گەرمیانی پارتی هەروەها دەڵێ: "سەبارەت بە ئێمە، ئەم لێدوانە بە باقوبریقانە ناتوانن ئەو ڕێبازە سیاسی و ئاشتییانە و یاساییەمان بگۆڕن کە بۆ ڕاستکردنەوەی هەمو ئەو هەلومەرجە نائاساییانەی لە پارێزگاکەدا زاڵن، گرتومانەتە بەر. کەرکوکیش لە ناسنامەکەی خۆی جیا نابێتەوە و لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیا نەبوەتەوە و جیا نابێتەوە."

دەشڵێ: "لێرەوە دەمانەوێت هەمو پێکهاتە ئازیزەکانی کەرکوک دڵنیا بکەینەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە و سەرجەم بارەگاکانی دەکاتەوە، ئەویش لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ڕون و ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق، کە بەهۆیەوە ئاشتی کۆمەڵگەیی و پەیکەری کۆمەڵایەتیی کەرکوک دەچەسپێنین. گوێیش بۆ ئەو ژاوەژاوە پوچانەی ئەم جۆرە لێدوانانە دەیانوروژێنن ڕاناگرین و لەگەڵ هەمو پێکهاتەکانی کەرکوکدا دەوەستین و ئەوانیش لەگەڵ ئێمە ڕوبەڕوی هەر گروپێک دەبینەوە کە هەوڵی هەڕەشەکردن لە ئاشتتی کۆمەڵگەیی بکات."

لە كۆتایی ڕونكردنەوەكەشدا هاتوە: "ئێمە لە سەختترین دۆخی ناهەمواردا ئەم شارەمان لە داعش پاراست و ناوچەکانیمان لە دەستی ڕێکخراوە تیرۆریستەکان ڕزگار کرد، بۆیە ڕۆڵەکانی پارێزگاکە ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی شارەکەیان بگەیەنێت."

 دەستەی رای عەرەبی، لایەنێکی عەرەبیی کەرکوکە. رۆژی پێنجشەممە 23-2-2023، دژایەتیی خۆیان بۆ گەڕانەوە و رادەستکردنەوەی بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، کە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ەوە هەمو بارەگاکانی پارتی لەو شارە کرانە ئامانج و لەلایەن میلیشیاکانەوە دەستیان بەسەردا گیرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×