سودانی: حكومەتی هەرێم ویستێكی راستەقینەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نیشان داوە
  2023-03-14       476       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێم، هاریكاری و ویستێكی راستەقینەیان بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان نیشانداوە.

ئاوێنە: ئەو قسانەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان هات لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتدا.

سودانی وتیشی، بڕیارەكەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە، شایستەی خەڵكەكەیەتی.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، لە ماوەی چوار مانگی تەمەنی حكومەتدا قۆناغێكی گرنگمان بڕیوە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی سیاسی.

وتیشی، ماددەی 140ی دەستور بەشێكە لە رێككەوتنی سیاسی و بودجەیەك بۆ جێبەجێكردنی تەرخانكراوە.

لەلای خۆیشییەوە مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە سودانی كرد كە "دوێنێ لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی بەپارێزگابونی هەڵەبجەیان پەسەندکرد" وتیشی"هیوادارم ئەم بڕیارەی دوێنێ، ببێت بە دەستپێکێک بۆ کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی ئەو خەڵکە کە چەندین ساڵە ئازار دەچێژن."

 سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"گفتوگۆکانی ئێمە لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە و پێشکەوتنی باش هەبوە، بەم بۆنەیەش دیسان دەمەوێت دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران بکەم و پیرۆزباییش لە خەڵکی عێراق بکەم بۆ پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2023، هیوادارم پەرلەمانی عێراقیش ئەم بودجەیە پەسەند بکات کە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەمو خەڵکی عێراقە. لە چوارچێوەی ئەم بودجەیە ئێمە دەتوانین هەنگاوی دیکەش بۆ چارەسەرکردنی خاڵەکانی دیکەی وەکو یاسای نەوت و گاز بنێین."

 مەسرور بارزانی وتیشی"تیمەکانی ئێمە ئەو هەمو ماوەیە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە حکومەتی فیدڕالی بەیەکەوە کاریان کردوە و ئەم بودجەیە پەسەندکراوە، لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەزیران قسەی زیاتریشمان کردوە لەسەر ئەوەی کە چۆن بتوانین میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و لەسەر ئەمەش بەردەوامدەبین لە هاوکاریکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەزیران و حکومەتی فیدراڵی."

   

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×