وەزیری دارایی هەرێم دەڵێت: موچە دوانەكەوتوەو كەس خەمی موچەی مانگی سێی نەبێت
  2023-03-14       633       

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، رایگەیاند، ئەو 400 ملیار دینارەی لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە بۆ موچەیەو، جگە لە موچە بۆ هیچ شتێكی تر خەرج ناكرێت. ئەو دەشڵێت، موچە دوانەكەوتوەو كەس خەمی موچەی مانگی سێشی نەبێت.

ئاوێنە: ئاوات شێخ جەناب، ئەمڕۆ سێشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لە دوای ئامادەبونی لە كۆبونەوەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی عێراق، وتی"رێككەوتنی تەواو لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا كراوە، پرۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندكراوەو دەچێتە پەرلەمانی عێراق، ئومێدەوارین لەوێش بەزوترین كات پەسەندبكرێت."

هەروەها وتیشی، پشكی هەرێم لە بودجەدا لەسەدا 12.67ە تا ئەو كاتەی سەرژمێری دەكرێت لە عێراق. جەختی كردەوە كە "ئەوە لای ئێمەوە ژمارەی كۆتایی نییە."

سەبارەت بەو 400 ملیار دینارەی كە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، وەزیری دارایی وتی"400 ملیار دینارەكە بۆ موچە هاتوە، جگە لە موچە بۆ هیچ شتێكی دیكە خەرج ناكرێت."

لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا پڕۆسەی دابەشكردنی موچەی مانگی دو بەو 400 ملیارەی هاتوە خێراتر دەكرێت؟ ئاوات شێخ جەناب وتی"موچەی مانگی دو هەروەك ئەو خشتەیەی بڵاوكراوەتەوە بەڕێكوپێكی دەڕوات و موچەی مانگی سێش بەشێوەیەكی رێكوپێك دابەشدەكرێت. كەس خەمی موچەی مانگی سێی نەبێت."

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێستادا سەرقاڵی دابەشكردنی موچەی مانگی دوی مۆچەخۆرانە، لەكاتێكدا پێ دەنێینە ناوەڕاستی مانگی سێ، لەوەڵامی ئەوەی كە ئێستا موچەیەك دواكەوتوە؟ ئاوات شێخ جەناب وتی"هیچ موچەیەك دوا نەكەوتوە، هەمو موچەیەك بەپێی مانگی خۆی دەدرێت، هیچ مانگێك دواناكەوێت و 12 مانگ موچە بەتەواوەتی دەدرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×