سودانى له‌باره‌ى چه‌ند پرسێكى گرنگى تایبه‌ت به‌هه‌رێم به‌ڵێنده‌دات
  2023-03-15       331       

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانی‌ ماوه‌ بۆ درێژكراوه‌ى كوردستان ئاشكرایده‌كات، "له‌باره‌ی‌ به‌نداوه‌كان‌و مافی‌ جوتیارانه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق وه‌ڵامی‌ ئه‌رێنی‌ دامه‌وه‌".

ئاوێنە: عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانی‌ ماوه‌ بۆ درێژكراوه‌ى كوردستان وه‌ك نوێنه‌ری‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ریی كه‌ به‌شداریی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كردوه‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق ده‌ڵێت:"تێبینی‌‌و داواکاریم خستە بەردەستی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق‌و ئه‌ویش وه‌ڵامی‌ داواكارییه‌كانی‌ دامه‌وه‌".

عه‌بدولستار مه‌جید به‌میدیاى فه‌رمى حزبه‌كه‌ى وتوه‌، "له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌مان ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیران كرد كه‌ ئێمە هەموکات لەگەڵ ڕێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا بوین‌و ئێستاش پێمانوایە لەڕوی ئابوری‌و سیاسیی‌و ئەمنییشەوە، ڕێککەوتنی هەولێرو بەغدا لەبەرژەوەندی ئارامیی‌و عێراق‌و هەرێم‌و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەیەتی".

ده‌شڵێت، "بەنداوەکان، پرسێکی ستراتیژیین‌و سەربەدەوڵەتی عێراقن، چەندین بەنداوی ستراتیژیی هەیە کە هەوڵی جدی بدەن بکەونە بواری دروستکردنەوە کە سودی گەورەی بۆ هەموو عێراق دەبێت بەتایبەت کە کەمبونەوەی ئاوو وشکەساڵیی، هەڕەشەی جدی لەهەموو عێراق دەکات".

وه‌كو خۆى ده‌ڵێت، "داوای‌ سێیه‌مم له‌باره‌ی‌ ماف‌و شایسته‌ داراییه‌كانی‌ جوتیارانه‌وه‌ بوو به‌سه‌رۆك وه‌زیرانم وت، جوتیارانی هەرێم هیچ پاڵپشتیی‌و هاوکاریی‌و پشتیوانییەکیان نییە، چۆن پاڵپشتیی جوتیارانی عێراق دەکەن، بەوجۆرەش خۆتان بەخاوەنی جوتیارانی هەرێم بزانن‌و هاوکاریی‌و پشتیوانییان بکەن، چونکە هەرێم خاکێکی بەپیتی هەیەو دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ هەموو عێراق".

له‌باره‌ی‌ وه‌ڵامی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراقیشه‌وه‌، عه‌بدولستار مه‌جید وتویه‌تى، "زۆر بەئیجابی وەڵامیدایەوەو وتی بەنداو زۆر گرنگەو کێشەی ئاومان زۆرەو قسە لەگەڵ فەننیەکان دەکەم، سەبارەت بەجوتیارانیش وتی هەوڵدەدەین هیچ جیاوازیەك نەهێڵین‌و وتی پارەکەشم بۆ جوتیاران خەرجکرد".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×