داوا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا دەكرێ رێگرییەكانی بەردەم گەشتی ژنان هەڵبگرن
  2023-07-19       503       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ دەڵێت، زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا تاوەكو ئێستاش رێگری دەكەن لە شوێن گۆڕینی ژنان لەنێو وڵاتەكانیاندا یاخود لە گەشتكردن بە ئازادی بۆ دەرەوە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی سەرپەرشتیارەكانیان كە ئاسایی باوك، برا یان هاوسەری ژنەكەن. رێكخراوەكە داوای هەڵگرتنی سەرجەم ئەو رێگریانە دەكات كە جیاكارین و بەسەر ئازادیی شوێن گۆڕین و گەشتكردنی ژناندا سەپێنراون.

ئاوێنە: رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لەژێر ناوی "گەمارۆدان: رێگری لە گەشتی ژنان لە زەریاوە بۆ كەنداو" رایگەیاندوە، وێڕای سەركەوتنەكانی چالاكوانان لە بواری مافەكانی ژنان و دەستەبەركردنی بەشێك لە ئازادییەكانیان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا، بەڵام هێشتا هەندێك رێگریی كۆن و نوێ، ژن ناچار دەكەن بۆ هاتوچۆ لەناوخۆی وڵاتەكەی یان دەرهێنانی پاسپۆرت و گەشتی دەرەوەی وڵات، مۆڵەت لە سەرپەرشتیارەكەی وەربگرێت كە ئاسایی باوك، برا یان هاوسەری ژنەكەن.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە لە بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە، ژن ناتوانێت هاوشێوەی پیاو لەگەڵ منداڵەكانی گەشتی دەرەوەی وڵات بكات.

رۆسنا بێگەم، لێكۆڵەری باڵای مافەكانی ژنان لە رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە، وێڕای خەباتی ژنانی ناوچەكە دژی ئەو رێگرییانە، كەچی دەسەڵاتداران بانگەشەی ئەوە دەكەن ئەو رێگرییانە بۆ پاراستنی ژنان، بەڵام لە راستیدا بێبەشكردنی ژنانە لە مافەكانیان و تواناداركردنی پیاوانە بۆ كۆنترۆڵكردن و سوكایەتی پێكردنیان هەركاتێك بیانەوێت.

راپۆرتەكەی هیومان رایتس ۆوچ پشتی بە شیكردنەوەی بەراوركارییانەی دەیان یاساو بڕیار بەستوە، وێڕای ئەو زانیارییانەی پارێزەران و چالاكوانان و ژنان لە 20 وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا پێشكەشیان كردون.

رێكخراوەكە وتوشیەتی، هێشا یاساكانی باری كەسێتی و یاساكانی خێزان لە 15 دەوڵەتی ناوچەكە، ژن ناچاردەكەن بە "گوێڕایەڵی" پیاوەكەی، ژیان لەگەڵی، وەرگرتنی مۆڵەتی ئەو بۆ چونە دەرەوە لە ماڵ یان بۆ كاركردن و گەشتكردن. دادگاكان دەتوانن بڕیار بدەن كە ژنەكە بگەڕێتەوە بۆ ماڵی پیاوەكەی یاخود بێبەش دەبێت لە نەفەقە.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە هەندێك وڵات ئەو رێساو رێگرییانە، توندترن.

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتوە، بەگوێرەی یاسای باری كەسێتی سعودیە، دەبێت ژن گوێڕایەڵی پیاوەكەی بێت و ئەگەر رەتیكردەوە لە ماڵی هاوسەرێتیدا بەبێ "هیچ پاساوێكی شەرعی" بژی، ئەوا بێبەش دەكرێت لە پشتیوانی دارایی لەلایەن مێردەكەیەوە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە لە ئوردن، كوەیت، قەتەر و سعودیە، دەكرێت ژن دەستگیربكرێت یاخود ناچار بكرێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەكەی ئەگەر سەرپەرشتیارەكەی ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردەوە لە نەبونی لە ماڵ. هەروەها لە سعودیەو یەمەن تاوەكو ئێستاش ژن بەبێ رەزامەندی سەرپەرشتیارەكەی ناتوانێت زیندان جێبهێڵێت.

لە زانكۆكانی ئێران، بەحرەین، كوەیت، عومان، قەتەر، سعودیەو ئیمارات، وەك لە راپۆرتەكەدا هاتوە، دەبێت ژن مۆڵەت لە سەرپەرشتیارەكەی وەربگرێت بۆ ئەوەی گەشتی زانستی ئەنجام بدات یان لە بەشە ناوخۆییەكان بمێنێتەوە.

لە ئێران و یەمەن و قەتەر، ژنی هاوسەردار دەبێت، مۆڵەتی مێردەكەی وەرگرتبێت ئینجا دەتوانێت پاسپۆرت دەربهێنێت یان گەشتی دەرەوەی وڵات بكات.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە لە قەتەر، ئێران، سعودیە، یەمەن و لە غەزەی فەلەستین، سەرپەرشتیار دەتوانێت قەدەغەی گەشتكردن لە ژنەكەی و كچەكەی و ئەو كچ و ژنانە بكات كە سەرپەرشتیاریانە.

رێكخراوەكە وتویەتی، دەبێت دەسەڵاتدارانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا سەرجەم ئەو رێگری و جیاكارییانەی كە بەسەر ئازادیی شوێنگۆڕین و گەشتی ژناندا سەپێنراون هەڵبوەشێننەوەو لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم رێساكانی سەرپەرشتیاریی پیاو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×