وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: حەماس بە دەستپێكردنی جەنگ دژی ئیسرائیل هەڵەیەكی گەورەی كرد
  2023-10-07       566       

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بە دەستپێكردنی جەنگ دژی ئیسرائیل "هەڵەیەكی گەورە"ی كرد. ئەوەش دوای ئەوە دێت كە بەیانی ئەمڕۆ باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێكی لەژێر ناوی "گەردەلولی ئەقسا" دژی ئیسرائیل راگەیاند.

ئاوێنە: یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە لێدوانێكدا راشیگەیاند، سەربازانی ئیسرائیل لە هەمو ئەو شوێنانەی چەكداران دزەیان كردۆتە ناو خاكی ئیسرائیل لەبەرامبەریان دەجەنگن.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختیشی كردەوە "ئیسرائیل لەم جەنگەدا سەردەكەوێت."

لەلایەكی دیكەوە یەعقوب شەبتای، پشكنەری گشتی پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل لە دۆخی جەنگدایەو وتیشی، لە ئێستادا لە 21 شوێن لە باشوری ئیسرائیل پێكدادان هەیە.

 باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی، ئەمڕۆ شەممە، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی دژبە ئیسرائیل راگەیاندو دەڵێت، لە گەڕی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا زیاتر لە پێنج هەزار موشەك و كاتیۆشایان ئاڕاستەی ئیسرائیل كردون.

جگە لە هێرشی موشەكی، چەكدارانی فەلەستینی لە كەرتی غەزەوە چونەتە نێو چەند ناوچەیەكی خاكی ئیسرائیل لە باشوری ئەو وڵاتەو لە چەند ناوچەیەك پێكدادان هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×