حەماس: لە بەرامبەر هەر بۆردومانێکی ماڵی خەڵكی مەدەنیدا لە غەززە بارمتەیەک دەکوژین
  2023-10-09       393       

وتەبێژی کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس دەڵێت، لە بەرامبەر هەر بۆردومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ماڵی خەڵکی مەدەنی لە غەززە، بارمتەیەکی ئیسرائیلی دەکوژن.

ئاوێنە: ئەبو عوبێدە وتەبێژی کەتائیبی قەسام، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكی دەنگیدا رایگەیاند، بزوتنەوەی حەماس بەپێی رێنماییەكانی ئایینی ئیسلامی مامەڵە لەگەڵ دیلە ئیسرائیلییەكاندا دەكات.

بەڵام وتیشی، لەبەرامبەر هەر بۆردومانێكی ئیسرائیلدا بۆ سەر ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەزەو بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت، یەكێك لە بارمتە ئیسرائیلییەكان دەكوژین و وێنەشی دەگرین و بڵاوی دەكەینەوە.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، ئەوەش بە هاویشتنی نزیکەی "پێنج هەزار" موشەک بۆ ئیسرائیل و دزەكردنی چەكدارانی بۆ نێو خاكی ئەو وڵاتە. پاش هێرشەكەی بزوتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەزە کردو لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبو.

تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانی فەلەستین، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەلایەنی کەمەوە 560 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 900 کەسیش بریندار بون.

میدیاكانی ئیسرائیلیش دەڵێن، لە شەڕەكەدا نزیكەی 900 ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×