حەسەن نەسروڵڵا: لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل چەکی نوێمان بەکار هێناوە
  2023-11-12       307       


 لەگەڵ توندتر بوونەوەی رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی لە باشووری لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، رۆژی شەممە ١١ی تشرنی دووهەم رایگەیاند، حیزبوڵڵای لوبنان کەڵكی لە کۆمەڵێک چەکی نوێ وەرگرتووە بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل.

حەسەن نەسروڵڵا لە دووهەمین وتاردانی تەلەفیزیونیدا لە سەرەتای جەنگی غەزەوە وتی :" حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، خۆی بەهێزکردووەو جۆر و ژمارەی چالاکییەکانی زیاتر و ئامانجدارتر کردووەو چەکی نوێی بەکارهێناوە".

نەسروڵڵا وتی ، حیزبوڵڵا بۆ یەکەمجار مووشەکی بورکانی بەکارهێناوە کە ئەتوانێت کێشی ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆگرام هەڵبگرێت. هەروەها بۆ یەکەمجار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر قووڵایی خاکی ئیسرائیل و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەکان  توانیویانە بگەنە شارەکانی حەیفا، عەکا وسەفەد لە باکووری ئیسرائیل.

هاوکات چەند خولەک دوای وتاردانی حەسەن نەسروڵڵا، یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لە حیزبوڵڵا کرد و وتی ئەگەر حیزبوڵڵا بچێتە جەنگێکی تەواوەوە لەگەڵ ئیسرائیل، هەموو لوبنان وەک غەزە وێران ئەکات.

گاڵات لە وتاردانێکدا بۆ سەربازە ئیسرائیلییەکان وتی :" ئەگەر حیزبوڵڵای لوبنان وەها هەڵەیەک بکات، یەکەم کەسەکان کە دەبن بە قوربانی و ئەبێ تێچووی ئەم جەنگە بدەن هاوڵاتیانی لوبنانین".

ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدایە کە هێرش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگیە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە درێژەی هەڕەشەکانیدا وتی :" ئێمە ئەو کارەی ئێستە لە غەزە جێبەجێی ئەکەین، ئەتوانین لە بەیرووتیش وەها بکەین".

ئیسرائیل بەوە تاوانبار ئەکرێت کە هاوشانی حەماس یاسا نێونەتەوەییەکانی پێشێلکردووەو تۆمەتی تاوانی جەنگی بەرامبەر بە غەزە ئەدرێتە پاڵ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×