حزبەكەی حەلبوسی: هەر سێ وەزیرەکەمان دەستلەكاردەكێشنەوە
  2023-11-14       282       

پاش بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق، حزبەكەی نابراو بڕیاریدا سێ وەزیرەكەی لە حكومەت دەست لەكاربكێشنەوەو پەرلەمانتارەكانی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان و حزبەكەش بایكۆتی كۆبونەوەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بكەن.

ئاوێنە: حزبی تەقەدوم، ئەمشەو سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، توشی سەرسوڕمان بون بە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەدوای دەرچونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، سەركردەو پەرلەمانتارانی حزبەكە كۆبونەوەو چەند بڕیارێكیان داون لەوانە: بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، دەستلەكاركێشانەوەی نوێنەرانی حزبەكە لە حكومەت كە پێكدێن لە: محەمەد عەلی میم جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید نەجم وەزیری پیشەسازی و كانزاكان، ئەحمەد بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزارو شوێنەوار.

هەروەها بڕیاریشیانداوە پەرلەمانتارانیان لە سەرۆكایەتی لیژنەكانی پەرلەمان دەستلەكاربكێشنەوەو سەرجەم پەرلەمانتارەكانیشیان بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×