به‌وته‌ی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رێککەوتنی سیاسی کراوە لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەی شەش مانگ.
ئاوێنه: نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، په‌رله‌مانی عێراق كۆبونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجامدا به‌مه‌به‌ستی خوێندنەوەی دوەم بۆ هەمواری یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام به‌هۆی ته‌واونه‌بونی نیسابی یاساییه‌وه، دانیشتنه‌كه بۆ كاتژمێر 9ی ئه‌مشه‌و هه‌ڵگیرا.
سەڵاح تەمیمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ نزیکبونەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەستیپێکردووەو رێککەوتنێکی سیاسی بۆ ئەو پرسە کراوە.
بڕیاره 18ی مانگی داهاتو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جگه له‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.
سەڵاح تەمیمی ئەوەشی خستەڕو، پرۆژەیاسای ھەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کە لەئێستادا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوەو چاوەڕوانی خوێندنەوەی دووەمی دەکرێت بۆ خستنە دەنگدانەوە، ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوا تەمەنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەی شەش مانگ درێژدەکاتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیلەوەشکردەوە، ئەگەر تەمەنی کۆمسیۆن درێژنەکرێتەوە، ئەوا ناتواندرێت ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامبدرێت.
15ی ئه‌م مانگه، یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌دوای دورخستنه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی له‌پۆسته‌كه‌ی به‌ڕێوه‌چو، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا 172 په‌رله‌مانتار ئاماده‌بون‌و تیایدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یەکەمی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرا.