عێراق غاز هەناردەی ١١ وڵات دەكات
  2023-11-20       360       

بەرپرسێکى كۆمپانیای غازی بەسرە بڵاوی كردەوە، دوای درووستكردنی ڕێڕەوێكی نوێ و زیادكردنی ڕێژەی هەناردەكردنی غاز، لە ئێستادا عێراق غاز هەناردەی ١١ وڵات دەكات، دەشڵێت، كۆمپانیاكەمان ستراتیژ و پلان و تەكنەلۆژیای سەردەمیانە جێبەجێ دەکات بە مەبەستى تەواوکردنى پڕۆژەكان و زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز.

مەرفا كازم ئەسەدی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و جێگری بەڕێوەبەری كارگێڕی كۆمپانیای غازی بەسرە، لەبارەی هەناردەكردنی غازی عێراق بۆ دەرەوە، بۆ ڕۆژنامەی فەرمی عێراق دەدوێت.

مەرفا كازم ڕایگەیاندووە، كۆمپانیای غازی بەسرە، دوای بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان ئەمڕۆ دەستیان بە قۆناغێكی نوێی هەناردەكردنی غازی چێشتلێنان بۆ دەرەوە كردووە بە جۆرێک لە ئێستادا غازی عێراقی هەناردەی ١١ وڵات دەكرێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، كۆمپانیاكەمان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەوڵی زیادكردنی بەرهەمهێنانی غازی داوە، بۆ دابینكردنی پێداویستی وڵات و هەناردەكردنی غازی زیادە، چەند ڕێڕەوێك هەبوون بۆ هەناردەكردنی غاز، بەڵام لە ڕووی سەلامەتی و پێداویستییە ئەمنییەكانەوە ئامادە نەبوون، بۆیە هەوڵی درووستكردنی ڕێڕەوی سێیەم درا و تەواو كرا.

دەشڵێت، عێراق پێشتر هاوردەكاری غاز بوو، بەڵام ئێستا بووەتە هەناردەكار، لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنان، كۆمپانیاكەمان دەستی كرد بە هەناردەكردنی غازی چێشتلێنان بە شێوەیەکى زیاتر و خێراتر، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ تا ئێستا كۆمپانیاكەمان ماددەی كۆندێنسێت هەناردەی دەرەوە دەكات، كە گەیشتووەتە یەك ملیۆن و ٢٠٠ تەن.

ڕوونیشی كردەوە، بەرهەمی كۆمپانیاكە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە چوار هێندە زیادی كردووە، چونكە ئێستا بەرهەمهێنانی غاز گەیشتووەتە ٩٥٠ ملیۆن پێ سێجای ستاندارد.

كۆمپانیای بەسرە غاز كۆمپانیایەكی عێراقییە و بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیانی شێل و میتسوبیشی بیانی و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان كاردەكات، هەروەها كۆمپانیاكە ستراتیژی و پلان و تەكنەلۆژیای سەردەمیانەی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بەكار هێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×