سوپای ئەمریكا: هێرشمان كردە سەر گروپێكی میلیشیا كە هێرشیان كردبوە سەر بنكەی عەین ئەسەد
  2023-11-21       341       

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و لە ئەنجامدا 8 سەربازو کارمەندیی ئەمریکی برینداربون. دەشڵێت، لە وەڵامی ئەو هێرشەدا سوپای ئەمریکا هێرشیکردوەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی "میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێران"ـەوە و ژمارەیەک چەکداریی كوشتون.

 ئاوێنە: فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ناسراو بە "سێنتکۆم"، ئەمرۆ سێشەممە، بە روداوی راگەیاند، شەوی رابردو "میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێران"ـەوە بە موشەکی بالیستی نزیک مەودا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق و لە ئەنجامدا 8 کەس برینداربون و زیانێکی کەمیش بە بنکەکە کەوت.

 بەپێی راگەیەندراوێكی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا، دوای ئەو هێرشە، فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری ئەی سی 130ی ئەمریكا هێرشی کردۆتە سەر ئۆتۆمبێلێکی "میلیشیا پاڵپشتیکراوەکان لە لایەن ئێران" کە لە هێرشەکەدا بەشداربون.

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو هێرشەی ئەنجامیان داوە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن بوە و لە ئەنجامیشدا ژمارەیەک ئەندامی "دوژمن كوژراون."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×