2020-07-07   1237     
ئهمریكا کۆنسوڵهكهی لەشاری ههولێر دەگۆڕێتو بڕیاره لهجێگای ستیڤ فەیگن، لهچهند ڕۆژی داهاتودا رۆب وۆڵەر وهك كونسوڵی گشتی ئهمریكا لهههرێمی كوردستان دهستبهكاربێت.
ئاوێنه: ستیڤ فەیگن، کۆنسولی گشتی ئەمریکا لەھەرێمی کوردستان لەھەژماری تایبەتی کۆنسوڵخانەكه لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەی بەوەداوە کە خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەجێھێشتنی ھەولێر.
ناوبراو رایگەیاندووه، "ئەم دو ساڵەی رابردو وەک ماڵی خۆم سەیری ههرێمی كوردستانمکردووە حەزدەکەم سوپاسگوزاری خۆم ئاراستە بکەم لەبەرامبەر ھاوڕێو یادگاریو پێکەوە بەدەستھێنانی کاری شایستەو مانادار".
ستیڤ فەیگن نوسیویەتی، "کارکردن لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەئاراستەی برەودان بەئامانجە ھاوبەشەکانمان ئیمتیازو شەرەف بووە بۆ من، لەھەمانکاتیشدا بووەتە بەشێکی دیارو سەرەکی پیشەکەم، خۆشحاڵبوم بەکارکردن لەگەڵ جێگری کۆنسولی گشتیی، ئێلیزابێس رەوزنستۆک-سیلەر کە ئەویش بەم نزیکانە ھەولێر بەجێدەھێڵێت، ھەروەھا تەواوی ستافی کۆنسولخانە کە لەرێیانەوە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندیەکانی لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا پتەوترکردووە".
لەپەیامەکەی کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لەھەولێر ئەوەیش خراوەتەڕو کە لەچەند رۆژی داھاتودا بەخێرھاتنی کۆنسولی نوێی ئەمریکا، بۆب وۆڵەرو جێگرەکەی، کەیتی کایزەر دەکەن.
بۆب وۆڵەر کە دیپلۆماتێکی باڵای وڵاتەکەیەتیو بەڕێوەبەری ئۆفیسی کاروباری عێراق بووە لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو لەچەند رۆژی داهاتودا وەک کونسوڵی نوێی ئەمریکا لەهەولێر دەستبەکاردەبێت. وۆڵەر بەرپرسی کاروباری عێراقە لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو یەکێکە لە دیپلۆماتکارە بەناوبانگەکانی ئەمریکاو پێشتر دیپلۆماتکاری وڵاتەکەی بووە لەئیماراتو سویسڕا.
وۆڵەر لەساڵی 2018وە بەڕێوەبەری ئۆفیسی کاروباری عێراق بووە لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو چەندینجار دیدارو کۆبونەوەی لەگەڵ شاندو بەرپرسانی هەرێمی کوردستانو عێراق هەبووە.