سبەینێ رێکارەکانی پارێزگای هەولێر بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا کۆتایی دێت
  2020-07-11       880       

سبەینێ رێکارەکانی پارێزگای هەولێر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆتایی دێت، وتەبێژی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێریش دەڵێت: ”ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆن کۆدەبێتەوە رێکاری نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا رادەگەیەنن”.

ئاوێنه‌: هێمن قادر، ئەمڕۆ شەممە ١١-٧-٢٠٢٠، لە لێدوانێکدا وتی: ”رەوشی تەندروستی هەولێر خراپە بەشێک لە تووشبووەکان نیشانەی توندیان هەیە، ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی هەولێر کۆدەبینەوە و شەو رێنمایی نوێ رادەگەیەنین”.

سەبارەت بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواو لە شارەکە ووتیشی: ”ئەگەر بارو گوزارەرانی هاووڵاتییان و بژێوی ژیانیان نەبێت، قەدەغەی هاتوچۆ باشترین چارەسەرە بۆئەوەی کەمترین بەریەک کەوتن هەبێت، بەڵام ئێمە بۆئەوەی کە هاوسەنگییەک رابگرین لە نێوان خۆپارێزی و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان ناتوانین لە کاتی ئێستادا قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەنین، مەگەر رەوشە تەندروستییەکە زیاتر بەرەو خراپتر بڕوات”.

دەشڵێت: ”بۆیە لە ئێستادا هیچ پلانێک نییە، بۆئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەنین، مەگەر لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا یاخود تەندروستی هەولێر داوا بکات ئەوکات قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەنین”.

رۆژی ٤-٧-٢٠٢٠، ژووری ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر بریاریدا بە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواو کە بۆ ماوەی شەش رۆژ راگەیەندرا بوو، بەڵام چەند بڕیارێکی دەرکرد کە سبەینێ یەکشەممە کۆتایی بەو بڕیار و رێکارانە دێت.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×