هەڵەبجە هەر هەڵەبجەیە ..!

عەبدولرەزاق شەریف
  2022-03-22     854

هەموان لەو رقە پیرۆزەی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان تێدەگەین ، هەروەک چۆن لە دەستوداوێن پیسی بەرپرسە حیزبی و حکومیەکانیش لەو هەرێمەدا تێدەگەین!

ساڵانێکە و هەڵەبجە پڕپڕە لەو رقە پیرۆزە و هەرجارە و بە روداوێک خاڵی ئەبێتەوە و بەروداوێکیتر پڕی ئەکەنەوە ، جارێک تۆمەتباری بە دەستی بێگانە ئەکەن و جارێکیتر دەست بە زامەکانیدا ئەهێنن و ئەیلاوێننەوە .

مێژوی هەڵەبجە و شارەزور ، وانەیەکی ناوازەی پێکەوە ژیان و قبوڵکردنی یەکتری و ئەویتری فێرکردوین ، لەگەرمەی شەڕەکانی ناوخۆی هێزە چەکدار و حیزبیەکانی کوردستان و لەهەمو قۆناغەکاندا ، هیچ هێزێک بەتەنیا نەیتوانیوە هەڵەبجە و شارەزور بە پاوان و ژێرماڵەی خۆی بکات ، چونکە ئەوان هەمیشە رەنگاڵەیەکی وەک هەتاو بون .

لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی رابردو ژمارەیەک پیاوماقوڵی شاری سلێمانی لە دیاردەیەکی ناشرینی شارەکەیان بێزار و دڕدۆنگ ئەبن ، مەزبەتە بۆ ئەدمۆنزی حاکمی بەریتانیا لەشارەکە پڕئەکەنەوە و داوای نەهێشتن و کۆتاییهێنانی ئەو دیاردەیە ئەکەن ، ئەویش لە دیدارێکیاندا پێیان ئەڵێ کەسی بێگانەی دەرەوەی شارەکەتان لە هەڵەبجە و کەرکوک و هەولێرەوە هاتوە بۆ ئیدارە و تەدارەکی ئەو دیاردە و کارە ناشرینانە ؟ لەوەڵامدا ئەڵێن نەخێر بکەر و بدەر خەڵکی شار خۆیانن ..! لەسەر مەزبەتەکە هەمان دێڕ بە کوردییەکی رەوان ئەنوسێت و بە دەستەواژەی (هەرخۆشیان هاتون ئەڵێن با نەمێنێت ) رەزامەندی لەسەر کۆتایی هێنانی دیاردەکە دەرئەبڕێت . هەمان پرسیار ئەمڕۆ بە شێوەیەکیتر لە خزمانی هەڵەبجە ئەکرێت ، ئایا هەمو بەرپرسەکانی ئیدارە و حیزب و حکومەت خەڵکی شارەکەی خۆتان نین ؟ کەواتە هەرخۆشتان ئەتوانن ئازاری ئەو رقە پیرۆزە کەمبکەنەوە و لەکاتی پێویستا خۆشتان پڕ و بەتاڵی بکەنەوە ! بۆ خزمەتکردن و سارێژی برینەکانی هەڵەبجەش بەڕای بەندە و لەدوای سیوچوارساڵ ، نە حەرام و حەڵاڵی شەرع و یاسا و سەوابتی نیشتیمانی هەیە و نە خەتی سور .

مەبەستی سەرەکی ئەم نوسینە بیرخستنەوەی ئەو گیانی لێبوردەییەی هەڵەبجەیە کە لە رەسەنایەتی نەریتەکانی کۆمەڵی کوردەواری وەریگرتوە و بوە بە پێناسەیەک بۆ خەڵکوخوای ناوچەکەیان !

با ئەمەش بگێڕمەوە دوا دێڕ مەبەستەکەم ئەڵێم : جارێک لە قەڵەمڕەوی هۆزێکیترەوە سوکایەتی و تەعدا لە کەسێکی هۆزێکی جافی هەڵەبجە ئەکرێت ، ئەمانیش پێکەوە داوای تۆڵە کردنەوە ئەکەن و دەستیان بە تاوانبارەکە ئەگات ، بە مەبەستی کوشتنی ئەیگەیەنن بە هەڵەبجە ، سەرۆک هۆزەکەی جاف لەبەرچاوی خەڵکەکەی خۆی بە تاوانبارەکە ئەڵێت ئێستا ئێمە ئەتوانین چی لەتۆ بکەین؟

بێگومان ئەویش ئەڵێت هەمو شتێک !

سەرۆک هۆز ئەڵێت ئەوە تۆمان بەخشی و لەم دەیقەیەوە تۆ ئازادی و گەر دوبارەی نەکەیتەوە هیچ کەس لەئێمە تۆڵەت لێناکاتەوە . وەک هەڵەبجەییەک ..! وەک هاوژان و هاورقێکی پیرۆزی هەڵەبجەییەکان ئەڵێم لە سایەی دەسەڵات و حوکمدارێتی سی ساڵی حیزبە کوردستانیەکانا تەونی کۆمەڵایەتی هەڵوەشاوەتەوە ، بەها بەرزەکان کاڵبونەتەوە و دەرهاویشتەکانی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە جگە لە قوربانی هیچیتر نین ، دوا دێڕیش وەک داوا لەم نوسینە ئەخەم کەوانەیەکەوە :

( بەگەورەیی و میهرەبانی و لێبوردەیی خۆتان و مێژوی هەڵەبجە ئەو کچۆڵە تاوانبار و قوربانییە ئازاد بکەن ، تاریق رەمەزان و سەنای مام یوسف لە زیندان یان لە دەرەوەی زیندانابن ، هەڵەبجە هەر هەڵەبجەیە ) .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سودانی لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرۆمۆر زانیاری ئاشکرادەکات
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×