کەوتنی حیزبەکان، هەرێمی سلێمانی وەک چارەسەری رزگار بون

عەبدولرەزاق شەریف
  2020-05-11     1380
حیزب بە هەمو پێناسە و مانا جیاجیاکانی ، بە فرە تێز و فکر و ئاراستە چەپ و راستەکانیەوە ، لە دنیای ئەمڕۆی حوکمڕانیدا ، لە سەرتاسەری جیهاندا ، لە پاشەکشەدایە، لەو وڵاتانەشدا کە حیزب و بنەماڵەی حاکم هەن هەم لەوانەی یاسا تیایاندا بەرقەرار نیە زیاتر لەوەش وەک گروپی بەرژەوەندیخواز و  دژە بەرژەوەندی کۆمەڵگە پێشکەوتن و نیشتیمان دەردەکەون و خۆیان نمایش دەکەن .
لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئەم گروپ و گەلە حیزبانە، ناشرینترین جۆری کۆڕو کۆمەڵیان دروستکردوە و بە ئاشکرا نمایشی بەژەوەندی تایەفە و دین و عەشیرەت و بنەماڵە دەکەن. حوکمدارێتیان بە زەبری چەک و چۆڵ و تاڵانی و دزی مومتەلەکاتی دەوڵەت بەدەست هێناو قۆرخکرد ( لە سەروەختی روخاندنی رژێمی پیشودا و نافرسەتی لە غیابی دادگا و یاسادا ) و تا ئێستا وەک ئیرسی شۆڕشگیری پیادەی دەکەن. هەر ئەم تاڵانیە بوە بە بنەمای جیگیر بون و هێزی کۆکردنەوەی ئەو خەڵکانەی کە لە خۆیان دەچن و بەردەوام بونیان، بە پێچەوانەشەوە دورکەوتنەوەی هەمو ئەوانەی کە بەو دزی و تاڵان و بڕۆیە رازی نین.
لە ژێر دەسەڵاتی ئەم تەرحە گروپانەدا ژیانی خەڵک و ئیدارە و پەرلەمان و تەنانەت هەڵبژارنیش هیچ ئەرزش و بەهایەکی نیە ، دواجار بەرژەوەندیەکانیان یەکیان دەخات و بە جۆریکی تر دێنەوە مەیدان. پرسیاری ژنێکی شاری سلێمانی لە بەردەم مایکی کامێراکاندا ، مایەی ڕامان و بیرکردنەوەیە ، ئەو دەڵێ ( نازانین چۆن رزگارمان بێت لەدەست ئەم حیزبانە ؟ )، وەڵامی ئەم پرسیارە ئەرک و پێویستی هەمو ئەو کەسانەیە کە خۆیان بە خەمخۆر و دڵسۆزی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دەزانن لەم قۆناغەدا، بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیشە لەسەر کۆمەڵی کوردەواری . 
نزیکەی سەدەیەکەو کورد لە عێراقدا بەدوای ژیانێکی ئاسودەوەیە، لەو پێناوەدا ، دەیان رێگەی خەبات و جوڵانەوەی سیاسی گرتوەتەبەر ، ڕوبەڕوی شەڕی گەورە و جینۆساید و ماڵوێرانی گەورە بوەتەوە ، لە هەمویدا، لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەشدا، بێ پشتیوانی یاسا و دەستور بوین ، وەک یاخی و گێرەشێوێن پێناسەمان کراوە، دوای روخان و نەمانی حوکمی بەعسی عێراقی دەرویەکی خێرمان لێکرایەوە، دەستورێکی تەوافوقی نوسرا و دەنگمان پێدا، ئەم تەرحە حیزبانەی کوردستان نەیانتوانی لای کەمی مافی بە شکۆوە ژیان و ئارامی بۆ کورد دەستەبەر بکەن، بە پێچەوانەوە، سەرەنجام خۆزگە بە ساڵانی ئاگر و ئاسنی رژێمە حوکمدارەکانی عێراقی پێشو دەخوازین، چونکە بە کەرامەتەوە شەڕمان دەکردو دەسوتاین. 
ئێستا چۆن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە و چی بکەین ؟
دور لە یاخیبونی یاسایی و دەستوری، رێگەیەکمان هەیە ( بۆ رزگاربونی ئەوەندەی هەیە لەم قۆناغەدا ، رزگاری بکەین ) ، لە سەرکەوتندا، بۆ ئایندەی کورد بناغەیەکی پتەو دائەنێین. 
بە پشتبەستن بە مادەی (۱۱۹) ی دەستوری عێراق، بە پابەند بون بە دەستور و یاسا بەرکارەکانی دەوڵەتەوە دەتوانین خەباتی میللەتەکەمان بخەینە سەر ڕێگەیەکی نوێ ، بێ ترس و بێسڕینەوەی کەس، پێکەوە کار و تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی سلێمانی بکەین. کە لە هەرێمی کوردستاندا ، مافی داواکاری بە کەرامەت ژیانمان نەبێت، با لە دەڤەرێکدا، بتوانین داوای مافی چارەنوسی خۆمان بکەین. بە سەرکەوتن و پێشکەشکردنی نمونەیەکی جوانی حوکمدارێتی، گەلی کوردستان، شارەکانی تری هەرێم بە پەرۆشەوە هەمان ڕێگە دەگرنە بەر، دەستورێک بۆ هەرێمی سلێمانی، بەدەست و فکر و دەنگی خەڵکەکەی ، دەکرێ سلێمانی بکات بە نوایەکی ئارام و بناغەیەکی پتەوی کۆشکی سەربەخۆیی، بۆ ئایندەی کوردستان، لەڕوی جیۆپۆلەتیک و ژێرخان و سەرخانی ئابوریشەوە  ئەم شارە هەمو مقەوەماتێکی ئەو ئامانج و ستراتیژەی تێدایە. وەک دەڵێن ڕێگە دور بێت یا نزیک بە هەنگاوێک دەست پێدەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×