"ماڵی کورد" لەپەیامی بارزانی، لەیادگەی نیشتیمانی بارزانیدا!

عەبدوڵا مەحمود
  2023-05-17     428

لەدووەم رۆژی ڕێ و رەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتیمانی بارزانی، سەرۆکی پارتی وتارێکی پێشکەش کرد و لەبەشیکی وتارەکەیدا رای گەیاند" دەمانەوێت ناو ماڵی کورد ڕێکبخرێتەوەو ئەم تەشەنوجە نەمێنێت... وە باسی لەوە کرد: ناحەزانی کورد سود لە ناتەبایی کورد وەردەگرن". داوای کرد مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن...

 بەر لەهەموو شت کردنەوەی یادگەی نیشتیمانی بارزانی، لەلایەن سەرۆکی پارتییەوە ئامانج لێی بە پیرۆز راگرتنی میژووی پارتی و بارزانییە، نەک مێژوی بەرەنگاری خەڵکی کوردستان دژی ستەم و بێمافی و سەرکوت و کە خودی بارزانی و پارتی و هیزەکانی تر دەرهاویشتە و بەرهەمی ئەم هەلومەرج و ستەمەن و ویستویانە بە پاساوی بەرگری لەخەڵکی کوردستان ببنە هاوبەشی یەک لەدوای یەکی دەسەڵاتی ناوەندی، بێ گوێدانە ناسنامەو ناوەرۆکی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆر و ستەم گەرانەی عێراق.

ئەگەر بریار بێت یادگەی نیشتیمانی!! بۆ هەر کەسایەتیەکی داهێنەر و کاریزمایەکی دانپیانراوی مەیدان و بوارێکی دیاریکراو و جەماوەری دروست بکرێت، ئەوا کاری حزب و سەرۆکی حزب نییە، بەڵکو کاری دامەزراوە حکومی و نیشتیمانییەکانە! و ناوەندی شارەزاو سەربەخۆییە، پارتی کاری بە بریاری گشتی و خواستی سەراسەری و بریاری دامەزاروەیی نییە و چونکە بەدوای ئەوەوەیە پێگەی پارتی بەهەر ڕیگایەک بووە گەورە بکات و هەژموونی خۆی و بریارە حزبی و بنەماڵەیەکانی دابسەپێنێت و رەمزو سەرکردەکانی بەوێنەی رەمزو رابەری خەڵکی کوردستان وێنا بکات. هەر لەو پێگەیەشەوە، سەرۆکی پارتی لێدوانی خۆی سەبارەت بە دۆخی سیاسی عیراق و پەیوەندی هەرێم و بەغدا و هەلومەرجی سیاسی کوردستان دا و داوای کرد، کورد ناو ماڵی خۆی رێک بخات!!.

سەرەتا پرسیار ئەوەیە سەرۆکی پارتی کە خۆی لە هەرەمی دەسەڵات و کەسی یەکەمی هیزی زۆنی زەردە و بڕیار بەدەستی یەکەمی بێ رکەبارە، داوا لەکێ دەکات ماڵی کورد!! رێک بخەن؟ و ئەوە کێیە ماڵی کورد!!ی شیواندووە و لێکترازاندووە، کردویەتی بەدوو زۆن و دوو دەسەڵات و دوو جغرافیا و دوو هەرێم لە یەک هەرێمی دیاریکراودا. گومان لەوەدا نییە، ئەوەی کە هەرێمی کوردستانی کردووە بە دوو زۆن و دوو جغرافیا و دوو قەڵەمرەوی سیاسی پارتی و یەکێتین و شەڕ و ململانێی دەسەڵات هۆکاری سەرەکیەتی، کەچی سەرۆکی پارتی و بۆ شان خاڵی کردنەوەی شەخسی خۆی و پارتەکەی لەم دۆخە داوا لە پارتەکەی خۆی و هاوبەشە میژوویەکی لە دەسەڵات دەکات، ماڵی کورد!! ڕیک بخەن!!.

دیارە ماڵی کورد! لە ڕوانگەی بارزانی بۆرژوازی کوردەوە، تەبایی و ریکەوتنی حزبە سیاسیەکانە بەشیوەی گشتی و پارتی و یەکێتیە بە تایبەتی. وە لە دۆخی ئیستاداو بە لۆژیکی پارتی و ریکخستنی ناو ماڵی کورد!! شوێنکەوتنی پارتی و سیاسەتەکانیەتی و لادان و سەرپێچی لە سیاسەت و ئەجندای پارتی بەمانای تیکدانی ناو ماڵی کوردی دێت. بۆ یەکێتیش ناو ماڵی کورد!! یانی بەشداری پیکردنی یەکێتی لە دەسەڵات و بریاری سیاسی و هاوبەش لە تاڵانی دەسترەنجی چینی کریکار و قوتی هاوڵاتیاندا.

لەدنیای واقعیدا جگە لە تەبایی و پارتی و یەکێتی و ریزەکانی خانەوادەی بۆرژوازی کورد، کە دەکرێت ناوی ماڵی ماڵداری کوردی لێبنرێت بەو لۆژیکەی کەخۆیان دایان ناوە، شتیک نییە بەناوی ماڵی کوردەوە... کوردستان و هەرێمی کوردستان وەکو هەموو کۆمەڵگەیەکی ئەم سەردەمە کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە، لەلایەکەوە بۆرژوازی و سەروەتمەندەکان و کۆمپانیا و حزبەکانیان، و لەلای بەرامبەریش چینی کریکار و جەماوەری ستەم لێچووی دەستی بۆرژوازی کورد و کۆمپانیاکانیانە... ئەم دوو ئۆردووە کە بەرامبەر بە یەکتری وەستاون و میژووی ململانیی واقعی کوردستانن، هەرگیز ناکرێت وەکو "ماڵی کورد" و " بەرژەوەندی هاوبەش" و چارەنووسی هاوبەش تەماشا، بکرێن. 

چینی کریکار و جەماوەری بیدەرەتانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا بەشیکیان دابەشی سەر ئەو هیزانە بوون، یان لەژێر هەژموونی دۆخی سیاسی و نادیاری ئایندەی سیاسی  کوردستان و میژووی بەرامبەرکیی لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزیەکان و کاریگەریی دریژ مەدوای ستەمی نەتەوایەتی، بە بەرژەوەندییە بنەرەتیەکانی خۆیان وەکو پیویست ئاشنا نین، بەڵام گومان لەوەدا نییە هەموو کرێکار و هاوڵاتیەکی بیبەشکراوی هەرێمی کوردستانی ناو "ماڵی کورد" ئاشنان بەدوو دنیای جیاواز... دنیای نەبوونی و برسێتی و بیمافی و نابەرابەری و سەرکوتی زوربە لەلایەک و دنیای ژیانی شاهانەی کەمایەتیەکی کەمی مفەتەخۆری تەسەل و نۆکەر پیشەی سەرمایەدار، کە بەچنگ و ددان بەرگری لە دۆخی ئیستا دەکەن و دەیانەوێت گوشارەکانی دەرەوەیان لەسەر لابچیت تا لەسەر خوێنی و ئارەقەو ماندووبوونی چینی کریکار و جەماوەری بیبەش دریژە بە ژیانی شاهانەو کۆمەڵگەی چینایەتی ئیستا بدەن، تەنانەت ململانێیان لەگەڵ دەسەڵاتی مەرکەزی و خۆ هەڵواسین بە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیش هەر بۆ ئەوەیە ئەم دنیای نابەرار و زاڵمانەیە بێ گرێ کوێرەو کۆسپ بەشیوەی ئاسایی بکەنە نۆرمی کۆمەڵگە و ناو "ماڵی کورد".

ئەو دۆخەش کە پارتییەکەی سەرۆک بارزانی و یەكیتی و هیزەکانی تری ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد بە قەومی و ئیسلامیەوە دروستیان کردووە و خەڵکی کوردستیانیان خستۆتە ناو دۆخێکی یەکجار سەختی ژیان کردن و نائاسایی راگرتنی هەرێم و نادیاری ئاییندەی سیاسی و کردنی خەڵکی کوردستان بە سەرمایەی ململانیی سیاسیان لەگەڵ بەغدا بۆ ئامانجەکانی خۆیان، هیندە سیاسەت و کارنامەیەکی قێزەونە، کە سەرئەنجام باجەکەی دەدەن.

خەڵکی کوردستان... کیشەی سەرەکی لەگەڵ هیزەکانی ناو"ماڵی کورد" هەیە. ئەگەر ناو "ماڵی کورد" لێکترازەو و ناتەبایە... هۆکارەکەی لەسەر وەڵامدانەوە بەخواست و ویستەکانی جەماوەری کوردستان نییە، بەڵکو لەسەر تاڵانی و دزی و دەسەڵاتە بەسەر خواست و ویستەکانی خەڵکی کوردستاندایە... ناو"ماڵی کورد" بەرەیەکە ئەگەر تەبا بن یان لێکترازو، هیچ لەو راستیە ناگوڕیت کە لەدژی خەڵکی کوردستانن و چەند دەهەی رابردوو کارنامەی هیزەکانی ناو "ماڵی کورد" بەشەر و ئاشتیەوە، بە هاوبەشی و بەجیاجیا ئەزموون کراوە. خەڵکی کوردستان تەنها بە تیکدان و راماڵینی ئەوەی ناوی نراو "ماڵی کورد" دەتوانن ئاییندەیەکی تر بنەخشیێنن... لەو راستایەشدا بزوتنەوەی نارەزایەتی بۆ ساتێک چییە هەدا نادات و بەسەرئەنجامی خۆش دەگات...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×