ناسیونالیزمی کورد و بودجە...

عەبدوڵا مەحمود
  2023-06-20     248

سەرئەنجام و دوای بێنەو بەردەیەکی زۆر باڵە سەرەکیەکانی بۆرژوازی لە عێراقدا "ناسیونالیزمی ئیسلامی شیعی، ناسیونالیزمی سونی، ناسیونالیزمی کورد لەسەر دابەشکردنی بودجەی عێراق، لەنێوان خۆیاندا رێکەوتن. رێکەوتنی ئەم لایەنانە لەسەر بودجەی عێراق، لەسەر بنەمای رێژەی قەڵەمرەی سیاسی و دابەشکاری قەومی و دینی و تایفی، بەر لەهەموو شت ئەو راستیە دەخاتە ڕوو، کە پرسی بودجە وەکو هەر پرسێکی تر، پرسێکی سیاسییە.

لەم نێوەدا پرسی پەسەندکردنی بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو، لەلایەکەوە سەرجەم باڵەکانی بۆرژوازی کوردی چالاک کردەوەو لەلایەکی تریشەوە ناکۆکی نێوانیانی قوڵتر کردەوە.

هەموویانی چالاک کردەوە، چونکە مەسەلەی بودجە نەک تەنیا وەکو کەیسێکی دارایی، بەڵکو بەوێنەی پرسێکی سیاسی، دەمێکە بەشێکی سەرەکییە لە ململانێی نیوان ناسیونالیزمی کورد لەگەڵ ناسیونالیزمی بۆرژوازی لە عیراقدا، هەروەها ناکۆکی نێوان باڵەکانی بۆرژوازی قوڵتر کردەوە، چونکە پرسی قەڵەمرەوی سیاسی زۆنەکانی هەرێم، بە پلەیەکی زۆر بەندە بە دەستراگەیشتن بە بودجەو داهاتی ناوخۆیی زۆنەکان.

ململانێی نێوان باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی لەگەڵ باڵەکانی ناسیونالیزمی کورد، لە پەیوەند بە بودجە و شایستە داراییەکانی ژێر سایەی دەسەڵاتی قەوارەی سیاسی هەرێم، پێشینەیەکی زۆری هەیە و هاوتایە بە دەسەڵاتی سیاسی دوای کەوتنی رژێمی بەعسەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا هەولێر و بەغدا لە کێشمەکێشیکی بەردەوامدا بوون لەسەر چەندین پرسی دیاریکراو کە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم تەنها لایەن و گۆشەیەکیەتی و دەرهاویشتەی پرسێکی گەورەترە کە پرسی قەڵەمرەوی سیاسییە. هاوسەنگی هێزی نێوان ئەم دوو بلۆکە لە عێراقدا، بلۆکی دەسەڵاتی بەغدا و بلۆکی دەسەڵاتی هەرێم، بریاردەری ئەوە بوو داهاتی هەرێم چەند بێت و چۆن بێت.... ئەو کاتەی دەسەڵاتی بەغدا لەرزۆک و داڕوخاو لێکترازاو ناهاوسەنگ بوو، دەسەڵاتی سیاسی هەرێم کەڵکی لەم دۆخە وەرگرت و ریژەی بودجەی هەرێم لەسەدا ١٧ بوو... ئەوە جیا لەوەی بەغدا نەک کۆنترۆڵی بەسەر هەرێمدا نەبوو، بەڵکو دەسەڵاتی هەرێم خۆی هەمەکارەو هەمە بڕیار بوو... بەڵام کاتێک دەسەڵاتی بەغدا و هیزە سیاسیە بریار بەدەستەکانی ئارایشی سیاسی خۆیان دەدەنەوە، تا ڕادەیەک ئیدارەی ناکۆکیەکانی خۆیان ڕیک دەخەن و توانایەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان پێناسە دەکەنەوە خاڵی هاوبەشی نیوانیان بەرامبەر بەدەسەڵات و قەڵەمرەوی سیاسی هەرێم، ساز دەدەنەوە، کۆتایی بە رێژەی بودجەی و شایستە داراییەکانی هەرێم بەشێوەی پێشوو دەهێنن و لە سەدا ١٧ وە کەمی دەکەنەوە بۆ ١٢.٦٧٪  بەم جۆرە گورزێکی گەورە لەناسیونالیزمی کورد دەدەن... بەڵام ئەمە تەنها هەنگاوێکی روت لە زمینەی کورتکردنەوەی دەستی هەرێم لە داهات و تواناییەکانی دارایی نەبوو، بەڵکو دەرهاویشتەی کورتکردنەوەی دەستی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و لێ سەندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سەربەخۆیی قەڵەمرەوی سیاسی و حقوقی و یاسایی... دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد بوو.

ئەم رەوەندە، رەوەندی راکیشانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بۆ ژێر سایەی دەسەڵاتی مەرکەزی، و لەدەست دەرهێنانی بانگەشەکانی خۆبەستنەوە بە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان و لێکەوتەکانی، بووە رەهەندێکی کار لەسەر کراوی بەنەخشەی بۆرژوازی عێراقی. ناسیونالیزمی کوریش بەکردەوە و بڕگە بە بڕگە ناچار بووە مل بە واقعیەتی سیاسی نوێ بدات و لەوەش زیاتر ناچار بووە خۆی لەگەڵ بگونجێنێت. هاتنە خوارەوەی چاوەڕوانیەکانی ناسیونالیزمی کورد و ویستەکانی بۆ ئاستی دابین بوونی شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەو لەوەش زیاتر بۆ کورتبوونەوەی فەراهەم بوونی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بەکردەوە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کردووە بەسوڵکەرێکی سیاسی لەبەردەم دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی ناوەندیدا.

یەکێک لە ئاکامەکانی پاشەکشەی ناسیونالیزمی کورد لەبەرامبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی، قوڵبونەوەی زیاتری ململانێی نێوان پارتی و یەكیتی و هێزەکانی فەلەکی ئەم دووهێزەی بەدوای خۆیدا هێناوە... کەم کات هەبووە پارتی و یەکێتی وەکو ئەم ویستگە دیاریکراوەی ئێستا، هەمیشە لە بەرامبەرکی و گرژیدا بووبن، بەجۆێک هیچ ڕیکەوتنێکی نێوانیان بە گوشاری دەرەکیش ناتوانێت ٢٤ سەعات، بەردەوام بێت.

ململانێی ئەمجارەشیان لە پەیوەند بە بودجە و پاشەکەوتی موچە و شێوازی دەستراگەیشتن بە شایستە داراییەکانی هەرێم و لێکترازانیان لەبەرامبەر بە بەغدادا، گۆشە بەگۆشەی ئەو ئەزمە قوڵەن کە سەرچاوەکەی پاشەکشەی ناسیونالیزمی کوردە لە بەرامبەر بە باڵەکانی بۆرژازی عێراقی و رەنگدانەوەی شکستی دەسەڵاتیانە لە ئاستی هەرێمدا...

هێنانەگۆر و بەدەستەوەگرتنی دەستەواژەی مەترسی سەر قەوارەی هەرێم، کەزۆرتر بۆ بەهرەبەرداری سیاسی لەلایەن پارتی و یەکێتی و زیاتریش لەلایەن پارتییەوە بەدەستەوە دەگریت، هیچ نییە جگە لەوەی کە پارتی و یەکێتی هەرەشەیەکی واقعی و بەردەوام لەسەر پێگەی سیاسی و حقوقی و یاسایی و ناوچەیی لەسەر خۆیان و ئاییندەی سیاسیان دەبینن. شەقکردنی هەرێم دیسان درۆیەکی ترە کە پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان بەبەردەوامی دەرخواردی کۆمەڵگەی دەدەن، تا شانی خۆیان لە راستی شەق بوونی لەمیژینەی هەرێم بۆ دوو زۆنی لێک جیاوازی دەسەڵاتدارێتیان خاڵی بکەنەوە.

هەریمی کوردستان دەمێکە دابەش بووە و هەر بەشیکی لە ژێر قەڵەمرەوی دەسەڵاتێکی سیاسی پشت بەستوو بەچەک و تاڵانی و خۆبەستنەوە بە باڵێک لە ناوەند و بە وڵاتێکی ناوچەکەوە، دریژە بە ژیانی سیاسی خۆی دەدات.

کێشمەکیش لەسەر بودجە و بەهرەمەندبوونی هەرێم لێی چ وەکو  قەوارەیەکی سیاسی و چ وەکو قەوارەیەکی دابەش بوو تا رادەی مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان... دورو نزیک لەسەر مەبنای وەڵامدانەوە بەپیداویستی و نیازەکانی جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کوردستان نییە. تەنانەت ئەو لایەنانەی بریاریان لەسەر بودجە عێراق و کوردستان و دابەشکاریەکەی دا، خودی خۆیان بەهۆی تاڵانی داهاتی هاوڵاتیان و دزی ئاشکرا و گەندەڵی بێ سنور و گوێ نەدان بەسەرەتاییترین پێداویستی خزمەتگوزاریییەکان، لە ئاکسیۆنێکی جەماوەری فەرمی بۆرژوایدا کە کایەی هەڵبژاردنەکانە، نەیان توانی بیست لەسەدی دەنگی هاوڵاتیان زامن بکەن، واتە زیاتر هەشتا لەسەدی خەڵکی عێراق و کوردستان، متمانەیان پێنەدان و رەتیان کردنەوە. ئەوەی هێشتا ئەم هێز و لایەنانە دەتوانن و شانسی ئەوەیان هەیە دەست بەسەر داهات و بودجەی عێراق و کوردستاندا، کە لەبنەرەتدا قوتی هاوڵاتیانە بگرن، خۆ سەپاندنیانە لەڕیگای زۆری هیز و میلیشیاکانیان و خۆبەستنەوەیان بۆ بلۆکە ناوچەیی و جیهانیەکانەوە. ئەم کەمایەتییە نۆکەر پیشەو سیاسیە بۆرژوازییەی عێراق و کوردستان، کە لە بەرگی بەرگری لە شیعە، سونە، کورد و عەرەبدا، خۆیان نمایش دەکەن، دەیان ساڵە ئەزموونی دەسەڵاتیان نیشانیداوە، کە جەنگێکی ئاشتی هەڵنەگریان لەگەڵ جەماوەری چینی کرێکار و بێبەشی عێراقدا هەیە.

عیراق و کوردستان کە خاوەنی گەورەترین سەرچاوەی نەوت و خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلاری نەختینەیە، بەڵام خاڵییە لەسەرەتاییترین خزمەتگوازرییەکان... هەموو کەرتەکانی خوێندن و پەروەردە، سلکی تەندروستی، رێگاو بان... توشی داڕوخان و وێران بوون بوون. لەبەرامبەردا ئاماری دزی و تاڵانی لەلایەن سەرانی ئەم بزوتنەوە سیاسیانەوە، لەزمانی میدیای هەمەرەنگی بۆرژوازییەوە، بەسەدان ملیار دۆلارە. بودجە بۆ میلیشاکان و دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکانیان... خەیاڵییە.

موچەی کرێکاران و کارمەندان و خانەنشینان، لەئاست گرانی بازاردا هیندە کەمە کە کەمەری ئۆردی دەیان ملیۆنی خەڵکی عێراق و کوردستانی شکاندووە. باسێک لە بیمەی بێکاری و تەندروستی نییە، ئاوڕیک لە دۆخی لاوان و هێزی ئامادەبەکاری ملیۆنی نادرێتەوە... بێکاری و نەبوونی و گرانی و هەژاری... دیاردەیەکی هەرە شەرماوەری دەسەڵاتی سیاسی عێراق و کوردستانە.

پرسی موچە وەکو هەرکام لە پرسەکانی تری ململانێی لەگەڵ بەغدا لەلایەک و لەناو ریزی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردا لەلایەکی ترەوە، نیشانیدا کە ناسیونالیزمی کورد و باڵەکانی لەهەردوو زۆنی زەرد و سەوزدا هەموو خەون و خەیاڵ و ئاسۆی سیاسیان لە دەستگیر بوون لەبوجەدا وەکو شای خەونەکانیان، کورت بۆتەوە. و کیشەیەکی سیاسی و حقوقیان لەگەڵ دەسەڵاتی بۆژوازی عیراقدا نەماوەو بانگەشەکانی خۆبەستنەوە بە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە بوونەتە بلقی سەر ئاو. ئەوە لە کاتێکدایە کە خەڵکی کوردستان بەجیا لەوەی موچەو خزمەتگوازایی و ژیانێکی ستانداردی مۆدێرن تەسەل و دەستگیر بوون لە ئازادی و مافە فەردی و مەدەنی و ئینسانیەکانیان، وەکو ویستێکی باڵاتر و پیرۆزتر لە درۆی قەوارەی سیاسی هەرێم دەزانن، وە درکی ئەو راستیە درک دەکەن کە دەستەواژەی قەوارەی هەرێم هیچ نییە جگە لەدەسەڵاتی بەزۆر داسەپاوی بۆرژوازی کورد بەسەر ژیان و گوزەران و ئیرادەو ئاییندەیان، بەڵام هاوکات خەونی دیاریکردنی ئاییندی سیاسی و حقوقیان، تا رادەی دەستراگەیشتن بە وڵات و دەوڵەتێکی سەربەخۆی سەردەمی، ویستێکی حاشا هەڵنەگریانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×