میدیای غەربی میدیایەکی درۆزن و کوشندە!!

عەبدوڵا مەحمود
  2023-11-04     257

ئەوەی ئەم چەند رۆژە لە میدیای غەربدا دەخرێتە روو، دەتوانێت ناوەڕۆکی سیاسەت و نەخشەی دژە ئینسانی ئەمریکا و غەرب، لەدژی سەرجەم ئینسانیەت و راستی روداوەکان نیشان بدات.

نەک لەپاڵ ئەو جەنگە دوورو درێژو مێژوویەدا کە لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا لە ئارادایە، کە دەوڵەتی ئیسرائیل هۆکاری سەرەکی ئەو خوێن بەربوون و جەنگە مەودا درێژەیە، بەڵکو ماهیەتی ئەمریکا و غەرب بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە، و سەرجەم پرس و کێشەکانی تری دنیا، لایەنێکی سەرەکی خوڵقاندن و زیندوراگرتن و ڕێگەگرتنیەتی لەهەر رێگاچارەیەکی کارساز. لۆژیکی هێز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، بۆ ئەمریکا و غەرب، بەهەموو پێوانەیەک بۆتە بژاردەی دوبارە خۆ بەرهەم هێنانەوەو ئارایشدانەوەی دەورە بەدەورەی خۆی لە ئاستی دنیادا.

لەپاڵ ئەم سیاسەتەدا، یان دروستر بڵێین، بەر لەو سیاسەتە، مۆتوری راگەیاندن بۆ چوارچێوە بەخشین بە لۆژیکی بەکار‌هێنانی هێز و لەنێویاندا جەنگ، لایەنی سەرەکی رۆڵی میدیای ئەمریکی و غەربییە. میدیایەک کە خاوەنی هیچ پرانسیبێکی رێزگرتن لە راستی و ئینسان و مافەکان و لە ئیرادەی نییە و لە بنەرەتدا بۆ رووبەڕووبونەوە راستیە بەرچاو و رۆشنەکان و شێواندنی بەو پەرێ گەوجێتیەوە ئاراستە دەکرێت.  

ئەو جەنگەی ئێستا دەستی پێکردۆتەوە، گۆشەیەکە لە جەنگێکی فراوانتر کە لەلایەکەوە داگیرکاری بەردەوامی ئیسرائیل وەستاوە و لە بەرامبەردا بەرەنگاری و مل نەدانی فەلەستینەکان بە ملهوری و داگیرکاری ئیسرائیل بۆتە راستیەکی جێگیر و حاشاهەڵنەگر.

میدیا غەربی دەیەوێت ئەو راستییە ئاشکرایە کە جەنگی نێوان داگیرکاری ئیسرائیل و بەرگری فەلەستینیەکانە، بگورێت بە جەنگی نێوان حەماس و ئیسلامیەکان لەلایەک و دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەکی ترەوە، ئەمە شێواندێکی ئامانجدارانەیە کە ئەمریکاو غەرب و میدیای نۆکەر و مۆڵەت پێدراو لەپشتیەوە وەستاوە. ئامانج لەم شێواندنە ئەوەیە کە... چاوی دنیا لەسەر کێشەی چارەسەرنەکراوی فەلەستین بگوازنەوە سەر حەماس و ئیسلامیەکان و لەو ڕێگایەشەوە بەهرەبەرداری لە بزوتنەوەی فراوان و جیهانی لەدژی ئیسلامی سیاسی بکەن و پشتیوانی بۆ داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیلی بۆسەر فەلەستینیەکان، بەدەست بهێنن و کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە نێوان رەوتە ئیسلامیەکان و حەماسدا بچوک بکەنەوە.

لەونێوەدا بێدەنگی لەبەرامبەر ئەو تاوانە ئاشکرا و بەردەوامانەی دەوڵەتی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات، لەدژی خەڵکی فەلەستین چ لەناو ئیسرائیلدا و چ لەدەرەوەی ئیسرائیل و لە غەززەدا، بۆتە قیبەلەنومای میدیای غەربی. پاساویش بۆ ئەم هێرشە بەردەوام و دڕندانەیەی رۆژانە ئەنجامدەدرێت، بوونی حەماس و دژایەتی لەگەڵ ئەوە، لە کاتێکدا قوربانیانی سەرەکی هەر خەڵکی بێتاوان و سڤیلی فەلەستینن و حەماس و رەوتە ئیسلامیەکانیش، دەست پەروەردەوکراوی خۆیانن.

میدیای غەربی لەبەرانبەر ئابلۆقە خستنە سەر شارێکی وەکو غەززە کە زیاتر لە دوو ملیۆن ئینسانی تیایە، نەک بێدەنگە، بەڵکو بەرگری و پشتیوانی لێ دەکات. برینی ئاو و کارەبا، سوتەمەنی و خۆراک و دەرمان و ڕیگری بۆ گەیاندنی کۆمەکی ئینسانی بە خەڵکی غەززە، موچورکێک بە جەستەی پان و پۆری میدیای غەربیدا ناهێنێت.

بۆردومانی کوێرانە و بەردەوامی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی غەززە، لە خوێن هەڵکیشانی هەزاران ئینسان. لە مناڵ و پیرو پەکەوتەو ژن و خەڵکی مەدەنی و وێرانکردنی ژیرخانی ئەو ناوچەیە، موییەک لە جەستەی سڕکراوی میدیای غەربی ناجوڵێنێت. دەیانەوێت هەست و سۆزی خەڵکی دنیاو رای گشتیش سڕ بکەن. تەنانەت دەیانەوێت کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئاشکرا، لەسەر شانی خۆیان لاببەن و کارنامەی کوشتنی بێ رەحمانەی سەدان ئینسانی مەدەنی لە خەستەخانەو کەمپەکانی ئاوارەیی و قوتابخانەکاندا لەماوەی چەند چرکەیەکدا، لەناو دنیای سادەی دەستراگەیشتن بە راستیەکان، حاشا لێ بکەن و تا ئەم کردەوە پڕ ریسوایەیان، لە چاوی رای گشتیدا بشارنەوە.

لەناو دڵی ئەو میدیا هەزار سەرەی گیژکردن و شێواندنی راستیەکاندا، هۆشیاری و فریونەخواردنی زوربەی خەڵکی دنیا، بەو میدیا بۆگەن و دژە ئینسانییە، هێشتا مۆتەکەی سەر میدیای کڕدراو ئاراستەکراو مۆڵەپێدراوە،

هێشتا میدیای ئەمریکی غەربی، کۆڵەوارتر لەوەیە بتوانێت کێشەی داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل و بۆسەر زەمینی فەلەستینەکان و خەڵکەکەی، بەلارێدا ببات و کێشەی چارەسەرنەکراوی فەلەستین کە هۆکاری سەرەکی خودی سیاسەتی ئەمریکا و غەربە، لەچاوی خەڵکی دنیادا بشارێتەوە. میدیا غەربی نایەوێت دەنگی ملیۆنەها یەهودی کەدژی سیاسەتی ملهورانەی دەوڵەتی ئیسرائیلی و ئەمریکاو غەربن و خۆیان بە هاوچارەنووسی خەڵکی فەلەستین دەزانن، بخاتە ڕوو. نایەوێت دەنگی هێزێکی گەورەی ئینسانی لەسەراسەری دنیادا کە بەدژی داگیرکاری ئیسرائیلن، ببیسترێ و کاری داپۆشین و شێواندنی بۆتە ئەرکیکی پیرۆزی!!. هێشتا ئەندازیارانی ئاراستەکردنی میدیا ئەمریکی و غەربی لەوە حاڵی نین، کە راستی رووداوەکان گەورەترو ئاشکراتر و بەجەستەتر لەوەن میدیایەکی ئاراستەکراو بیان شێوێنێ. دنیای میدیای پیشەیی و ئاراستەکراوی ئەمریکا و غەرب و هێزە بۆرژوازیییەکان لە سەراسەری دنیادا، لەبەرامبەر بە میدیای کۆنترۆڵنەکراوی سادەی مۆبایل و تابلیتە سادە زیرەکەکان و زومی چاوی ئینسانەکان، کە قوربانی راستەخۆی سیاسەتی ملهورانەی نیزامی سەرمایەداری و رەوتە رەنگاو رەنگەکانیانن، لاوازتر لەوەن بتوانن راستیە بەرجەستەکان و رۆشنەکان بە لێڵی بخەنە ڕوو. میدیا غەربی ناتوانێت هەڵوێستی "فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییە کرێکارییەکان دەبلیوو، ئێف، تی، یوو" WFTU  کە خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن ئەندامە لە ٣٣ وڵاتدا، بشارێتەوە، کە کەمپەینی هاوپشتی نێودەوڵەتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین ڕاگەیاندو  داوای لە ئەندامەکانی کرد که بە دروشمی ” هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین نا بۆ ڕیاکاریی ئیمپریالیستی چارەسەری عادڵانە و ئاشتیانە بۆ پرسی فەلەستین“، هاتە مەیدان و جگە لە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی بێ تاوانی غەززە،  پشتیوانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان لە داگیرکاری و کردەوە تاوانکارییەکانی ئیسرائیلی ئیدانە کرد. هەروەها "یەکێتی سەرتاسەری کرێکارانی ئیتالیا " کە ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی غەززە، راگەیاند و پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین دەربڕی، میدیا بۆرژوازی و غەربی نایبینێت. پەروەردەی نێونەتەوەیی و کۆمیتەی یەکێتییە کرێکارییەکانی ئەوروپا بۆ پەروەردە، کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکانی بەریتانیا، و بزوتنەوەی فراوانی سەر شەقامەکان، هاتنە مەیدانی سەدان هەزار کەس لە وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین، ئوسترالیا و ئەوروپا کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بەتوندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دانیشتوانی غەززە و باشووری لوبنان، دەکەن و خوازیاری هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر غەززە و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و خوازیاری چارەسەری بنەڕەتی پرسی فەلەستین بوون، هیچیان میدیا و زومی کامیراکانی بۆرژوازی نیشانی نادەن.

میدیای ئەمریکی و غەربی و بۆرژوازی بەشێوەی گشتی، تەنها خەریکی گواستنەوەو ئاوەژوکردنەوەی روداوەکان نین، تەنها ئەوە نییە کە راستیەکان دەشێوێنن و دەیانەوێت رای گشتی بەلاڕیدا ببەن، بەڵکو ئەوان لەپاڵ فرۆکە و راکێت و بۆمبە مەرگچینەکاندا، هەڵمەت دەبەن و خەرکی رەوایەتی بەخشینن بە کوشتار و وێرانکاری و جەنگ، کە بەرژوەندیەکانی بۆرژوازی و سیاسەتە دژە ئینسانیەکانیان، بەرگری لێ بکات.

ئەم میدیایە، کوشندەیە پێویستە ریسوا بکرێت و سەری بۆگەناو بڵاوکردنەوەکەی بەیەکجاری دابخرێت و ئینسانیەتی ئەم سەردەمە لەژێر تەپ و تۆزەکەیدا، رزگار بکرێت. ئەمەش بە پلەی یەکەم کاری چینی کریکار و چەپ و کۆمۆنیزم و هیزە ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازەکانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×