پرسی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان لە عێراق!

عەبدوڵا مەحمود
  2024-02-13     168

 ئەم رۆژانە باسی پرسی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە عێراق هێنراوەتەوە سەر مێز. هاتنە ئارای ئەم پرسە راستەوخۆ پەیوەندی بە جەنگ و داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە هەیە بۆسەر فەلەستینیەکان و غەززە. ئەوەی ئەو پرسەی جاریكی تر وروژاندووە دەوڵەتی عێراق نییە، بەڵکو ئیرانە کە هەژموونی بەسەر دەوڵەت و بریاری سیاسی عیراقدا هەیە و لە چوارچێوەی ململانێی تازەیەدا لەگەڵ ئەمریکا ئەم پرسەی کردۆتەوە بە دۆسیەی رۆژ.

ئێران بەوێنەی قوتبێکی ناوچەیی نەک هەر ئامادەیی هەیە لە زوربەی پرس و کیشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکەدا، بەڵكو کاراکتەرێکی کاراو بەشێک لە خوڵقینەرانی ئەم دۆخەیە. هێنانە گۆرێ پرسی کشانەوەی هیزەکانی هاوپەیمانان، لەلایەن ئیرانەوە بە زمانی بەرپرسان و حکومەتی عێراقی، بەجیا لە خستنەرووی باڵادەستی ئیران بەسەر عێراقدا، شکستی ئەمریکا لە عێراقدا لە پایەترین ئاستی خۆیدا دەخاتە ڕوو. ئیران بەوە جوڵەخستنی هێزە میلیشیاکانی گوێ رایەڵی خۆی بە بۆردومانکردنی بنکە سەربازیی و هەواڵگرییەکانی و ئەمریکا و دۆستەکانی، بەرەیەکی جەنگی هەراسانکەری ناراستەوخۆی بەدژییاندا کردۆتەوە. پاساویش بۆ ئەم بەرە جەنگە هەراسانکەرە، لەلایەکەوە پشتیوانی ئەمریکا لە ئیسرائیل و لەلایەکی تریشەوە داگیرکاری و ژێر پێخستنی سەروەری عێراق! ە. جیا لەوانە پاساوی داعش و مەترسیەکانی تا رادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووەو هاوکات سوپاو دەزگا ئەمنیەکانی عێراق، توانای بەرگری لەخۆکردن و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانیان بۆسەر عێراق هەیە. ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانیش هەمیشە پیداگریان لەسەر ئەوە کردووە کەهێزەکانیان لەسەر داوای عێراق و بۆ رووبەرووبونەوەی داعش و پاراستنی ئەمنیەتەکەی لە عێراقدان. بەو پێیەش هەر کاتێک عێراق ویستی دەتوانێت داوا لە هیزەکانی هاوپەیمانان بکات عێراق بەجێ بهێڵن. لە ئیستادا کە داعش بوونی سەربازی و هەرەشەی جدی نییە، ئەو بوارەی داوە بە ئێران کە حکومەتی عێراق هان بدات بۆ دانیشتن و رێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، بۆ کشانەوەی هێزەکانیان. دیارە بوونی داعش تەنها پاساوێکە بۆ بوونی هیزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان لە عێراقدا. بۆ ئەمریکا بوونی داعش و مەترسی ئەمنی لەسەر عیراق، تەنها پاساو روپۆشێکە بۆ دەستێوەردان و کوێخایەتی ململانی لەسەر بەرژەوەندییەکانی لەناوچەکەدا، خودی ئەمریکا بەداگیرکاری و ملهوری نواندنی لەناوچەکەدا، ژینگەی دروستبوونی داعش و رەوتە ئینسان کوژەکانی تری خوڵقاندووە، لەوەش زیاتر هیچ دەوڵەتیک بە ئەندازەی ئەمریکا لە هاوکاری و دروستکردنی رەوتە ئیسلامی و ئینسان کوژەکابدا، ئەندازیار و بەرژەوەندخواز نەبووە. بۆ ئیرانیش پرسی وروژاندنی پاشەکشەی هیزەکانی ئەمریکا، لەبەر خاتری ئەمنیەت و سەروەری!! عێراق نییە، خودی ئیران بە دروستکردنی دەیان هیزو میلیشیای وابەستە بەخۆی و بە هەژموونی تەواو بەسەر دۆخی سیاسی عێراق و بریاری سیاسیدا، هیچ جێگایەکی بۆ سەروەری!! عێراق نەهێشتۆتەوە. بۆ ئیران بەدەستەوە گرتنی عێراق و سوریا و هەژموونیەکەی بۆ بەکارهێنانی ئەو وڵاتانەیە لە ململانێی خۆیدا لەگەڵ ئەمریکا. هاوکات ئیران نایەوێت دۆخی عێراق بەرەو پشیوی بڕوات و لەژێر هەژموونی خۆی بچێتە دەرەوە و لێدانیش لە بنکەو بارەگاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و دۆستەکانیان، لەلایەن هیزە نیابەتیەکانی خۆیەوە، بە پلەی یەکەم بۆ ئەوەیە کە ئەمریکاو  غەرب، رۆڵ و پیگەی ئێران و باڵادەستیەکەی لە ناوچەکەدا بەرەسمی بناسن و مامەڵەی لەگەڵ بکەن، جیا لەوانەش ئیران بەو کردەوانەی دەیەوێت بە دنیای تورە و نارازی لە داگیرکاری ئەمریکا بڵێت، کە ئیمە لەدژی داگیرکاری دەوەستینەوە تا بەهرەبەرداری لە نەفرەت و نارەزایەتی بەرووی داگیرکاری ئەمریکا و غەربدا بکات و بەوێنەی بەرگری لە" مستەسعەفین" خۆی دەربخات. جیا لە هەموو ئەوانە ئیران بە وەستانەوەی بەرووی ئەمریکا و هیزەکانی هاوپەیمانەکاندا و هاندان و قورمیش کردنی هیزە میلیشیاییەکان بۆ هیرش و پەلامار و بۆسەر هیزەکانی ئەمریکا دەیەوێت گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراقی تا داوا لە ئەمریکا بکات عێراق جێ بهێڵێت. دیارە عیراق لەکاتیکدا لە ژێر گوشاری ئیراندایە و توانای رووبەرووبوونەوە یان رێگری لە هیزە ملیشیاییەکان نییە کە رێگری لە هیرشە موشەکی و درۆنیەکانیان بکات بۆسەر هیزەکانی ئەمریکا، ناچارە بە پاساوەکانی ئیران داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان بکات، کە عێراق جێ بهێڵن. پرسی گوشارهێنان بۆ پاشەکشەپێکردن بە هیزەکانی ئەمریکا هاوکات بەشێکە لە ململانێیەکی فراوانتر و بەرامبەرکێیەکی گەورەتری ئیران لەگەڵ ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکەدا، بەتایبەتیش لە ئێستادا کە ئەمریکا پشتیوانی بێدرێغ لە دەوڵەتی ئیسرائیل وەکو دەوڵەتی مێحوەری هاوپەیمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەکات. تەنانەت ئەوەی کە ئیران جگە لە میلیشیاکان نمایشی هیز دەکات و خۆی بەخاوەنی هیرشەکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل لە عێراق و هەریمدا دەکات، دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە توانایی پەل هاویشتی هیرشەکانی هەیە، تونایی بەرینکردنەوەی جەنگی لەدژی ئیسرائیل هەیە، جوڵاندنی حوسیەکانی یەمەن و هەژمونیان بەسەر دەریای سوردا، گۆشەیەک لە نیشاندانی هێزەیە. ئەوەی کە گرژییەکانی نیوان ئەمریکا و ئیرانی لەماوەی جەنگی غەززەدا زیاتر کردووە، هیرشی ئەمریکا بۆسەر حوسیەکانە. حوسیەکان و یەمەن پایەگایەکی گەورەی ئیستای ئیران لە رۆژهەلاتی ناوەراست و ناوچەکەدایە. بۆ ئێران پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق لە رێگای گوشارەکانی خۆیەوە، سەرکەوتنێکی گەورەیە لە گۆرەپانێکی گرنگدا کە خۆی تییادا بەسەر ئەمریکادا براوەیە.

 ئەمریکا ناچارە لە پرۆسەیەکی دیاریکراودا عێراق و تەنانەت سوریاش بەجێبهێڵێت... بەتایبەتی کە زوربەی هیزو لایەنە سەرەکیەکان چ لە عێراق و سوریادا لەگەڵ پاشەکشەی ئەمریکادان و جیا لەوانەش خودی ئامادەیی ئەمریکا پاساوی داوەتە دەستی گروپ و هیزە میلیشیاکان لەژێر ناوی لێدان لە ئەمریکادا، دۆخی ناوچەکە نائارام و ناجیگیر بکەن. بۆ ئەمریکاش کە نەتوانێت بەرگری لە هێزەکانی بکات، تکانی ئابڕووی سیاسیی و سەربازییە.

لەو نیوەداو لە پرۆسیسی ناچارکردنی پاشەپێکردنی هیزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، زیانباری سەرەکی ئەو هێز و لایەنانەن کە ئومێد و مانەوەی خۆیان گرێداوە بە پشتیوانی ئەمریکا و ئامادەیی هیزەکانی، لەوانەش بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، بەتایبەتی ترش پارتی دیموکراتی کوردستان. ناسیونالیزمی کورد بەشێوەی گشتی و پارتی وەکو هیزیکی سەرەکی ناو بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، لەکاتێکدا رووبەڕوون لەگەڵ مۆتەکەی گوشارەکانی بەغدا بۆسەر دەسەڵات و پێگە و بریاری سیاسیان، بە پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا، هێندەی تر توانایی و پیگەی خۆیان لەدەست دەدەن و ناچار دەبن مل بەخواست و گوشارەکانی بەغدا بدەن و مل کەچی واقعیەتی دەورەیەکی تازە بن. بیگومان عێراقی بێ داگیرکاری و حزوری ئەمریکا و غەرب و بواری ئەوە دەدات بە خەڵکی عێراق، کە پاساوی بوونی هیزەکانی ئیران و تورکیاو دەخالەتی ئەوانیش لە دۆخی عێراقدا، قبوڵ نەکەن و بەدژی دەستیوەردان و بوونی هیزەکانی ئیران و تورکیاو هەژموونیاندا بوەستنەوە. واتە پاشەکشەی هیزەکانی ئەمریکا، وەکو لایەنێکی کاریگەر لە عێراقدا، پێداویستی بوونی هیزە دژەکانیشیان لە عێراقدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لەو نێوەدا خەڵکی کوردستان، مەرگەساتە سیاسییەکانی خۆیان لە کیمیاباران و ئەنفال و سوتماککردن و سەرکوتی دڕندانەی بەعس و بیدەنگەی ئەمریکا و غەربیان، لەپێناو بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ رژێمی بەعسی لەگۆڕنراودا، لە یادەوەریدا زیندووە، پاشەکشەی هیزەکانی ئەمریکا و غەرب هیچ لە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و ئاییندە سیاسییەکەی ناگۆڕێت و ئەوەی زەمانەتی ئاییندەیەکی سیاسی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان مەیسەر دەکات و لە هیرش و هەژموونی هیزەکانی دژە خەڵکیەکانی دەیپارێزێت، ئامادەیی حزوری ئەمریکا و غەرب و خۆبەستنەوە بە جەمسەرە ناوچەییەکانەوە نییە، بەڵکو سەربەخۆیی سیاسی و هاتنە مەیدانی خودی خەڵکی کوردستانە لە ژێر ئاسۆیەکی سیاسی سۆشیالیستی و ئینسان دۆستیدا. بۆیە ئەگەر پاشەکشەی هیزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان گورز دەوەشێنێتە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، ئەوە هیچ پەیوەندی بەخەڵکی کوردستانەوە نییە و باجی خۆشباوەری خۆیانە بە ئەمریکاو غەرب... خەڵکی کوردستان ئەرکیەتی دژی حزووری هیزی سەربازی ئەمریکا و غەرب و وڵاتانی ناوچەکە بێت و ئیرادەی سیاسی خۆی بکاتە مەبنای بەرگری لەخۆکردن و نەخشە رێگای بنیاتنانی ئاییندەیەکی سیاسی ئازاد و ژیانێکی تەسەل و سەربەخۆ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×