گرنگی هاتنە مەیدانی بەرەی سێهەم لە جەنگی ئیسرائیل و فەلەستیندا!

عەبدوڵا مەحمود
  2023-10-19     324

کردەوەی تیرۆریستی رێکخراوی حەماسی ئیسلامی لە حەوتی ئەم مانگەدا و بۆسەر شارە یەهودی نشینەکان و ئاهەنگی جوەکان و دەستپێکی هێرش و بۆمباباران و ئابلۆقەیەکی تری دەوڵەتی ئیسرائیل، بۆسەر غەزە، لەتیاییدا بە هەزارن ئینسان کوژراون و بریندار و دەستگیر و رفێنران، کە بەشی هەرە زۆرییان خەڵکی مەدەنین، لە بنەرەتدا ریشەی لە داگیرکاری دەوڵەتی فەلەستین لەلایەک و حزب و لایە سیاسی و ئیسلامیە ئینسان کوژەکاندایە کە مامەڵە بە کیشەی فەلەستینەوە دەکەن، روویدا.

داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوەراستی چلەکانی سەدەی رابردووەوە بۆ سەر سەرزەمینی فەلەستینیەکان و جێگیرکردنی بەردەوامی یەهودیەکان لەسەر خاکەکەیان و سەندنەوەو ببێبەشکردنی فەلەستینیەکان بۆ ژیان کردن لەسەر زەمینی خۆیان و هاوکات کاردانەوەی وەحشیانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بە نارەزایەتی خەڵکی فەلەستین لەدژی داگیرکاری و نیشتەجێکردنی یەهودیەکان لەسەر خاکەکەیان، هۆکاری سەرەکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکانە.

بەپێچەوانەی بانگەشەی پوچی ئەمریکا و غەرب کە ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆ کردنی هەیە، ئیسرائیل لە یەکەم رۆژی داگیرکردنی سەرزەمینی فەلەستینیەکانەوە، لە هێرش و داگیرکاری بەردەوام بووە. هیچ کات ئیسرائیل لە حاڵەتی بەرگریدا نەبووە، بەپێچەوانەوە هەمیشە لە هێرشبردندا بووەو لەبەرامبەردا فەلەستین هەمیشە لەحاڵەتی بەرگری لە خۆی و مانەوەیدا بووە. ئیسرائیل ئەو کاتانەی شەری کردووە، هەر جێگایەکی لەشەرەکاندا داگیر کردبێت، دواتر لێی نەکشاوەتەوەو لە جێگای کشانەوە کەوتۆتە نیشتەجێکردنی یەهودییەکان و دروستکردنی شاری یەهودینیش و ئەو کاتانەش ئاگربڕ " ئاشتی" کراوە و گفتوگۆ دەستی پێکردووە، دوبارە ئیسرائیل لە سایەی ئاشتیدا هەر خەریکی داگیرکاری و شارنیشین سازکردنی بۆ یەهودیەکان و کوشتنی لاوانی فەلەستینی و داسەپاندنی ئابلۆقە و کردەوە پلانی تیرۆریستی بووە لە رێگای دەزگای هەواڵگری و باندە ئینسان کوژەکانی موسادەوە.

لەهەموو ئەو مێژووە دوورو درێژەدا، ئەمریکاو غەرب نەک هەر لەپشتی دەوڵەتی ئیسرائیل بوون، بەڵکو هەمیشە هاوکار و پشتیوانی بوون و لە چەکیان هەڵکیشاوە. تەنانەت لەهەموو ئەو مێژوودا لەبەرامبەر گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیدا ئەگەر ئیسرائیل ئامادەی ڕیکەوتن و ئاشتی بووە و داوای لێکراوە بە پابەند بێت بەبریاری نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکەوتنامەکان، لەوانە داواکاری لە ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی سەرزەمینی فەلەستینیەکان، دوبارە ئیسرائیل پابەندی هیچ کام لە بریارەکانی ریکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕیکەوتنامەکانی تر نەبووە و ئەمریکا و غەربیش بێدەنگیەیان لە پابەند نەبوونی ئیسرائیل و بەردەوامی هیرشەکانی کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە لە هەر گۆشەو کەنارێکی تری دنیادا ولات و دەوڵەتێک کە پابەندی بریارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان نەبووبێت، هەر بەو پاساوە بە بیانوی پابەند نەبوون بە بریارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە هیرش و پەلامار و کردەوەی سەربازی و وێرانکاریان لەدژی بەدەستەوە گرتووە، تا لەوڕێگایەوە ئامانجەکانی ترییان بەدەست بهێنن. عیراق نمونەیەکی بەرجەستەی ئەم مامەڵەی دەوڵەتی ئەمریکا و غەرب و تەنانەت پاساوەکانیشان بۆ هیرشەکانیان پوچ دەرچووە.

ئەو مامەڵەی ئەمریکاو غەرب لەگەڵ کێشەی فەلەستین و بەرگری ئاشکرا لە ئیسرائیل، ئەمریکا و غەربی کردۆتە بەشدار و کاراکتەرێکی سەرەکی لە هەموو ئەو تاوانکارییەی چەندین دەهەیە خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل دەکاتە قوربانی و رۆژهەڵاتی ناوەراستیشی بە نائارامی هیشتۆتەوە.

چوارچێوەی هەر کام لە جەنگەکان و بەیەکدادانەکان، لە هەر برگەیەکدا تایبەتمەندی خۆی هەبووە و هەوڵدراوە رای گشتی دنیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بشێوێنرێت. کردەوەی تیرۆرسیتی ئەم جارەی حەماس بۆسەر شارە یەهودی نشینەکانی ئیسرائیل و ئەو تراژیدیا ئینسانیەی بەدوای خۆیدا هێنا، یەکسەر ئەمریکا و غەرب لە ژێر ناوی" دەوڵەتی ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە" دەستی ئیسرائیلیان ئاوەڵاکرد بۆ تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسرائیل تا خەڵکی ئابڵۆقەدراو و بێتاوانی فەلەستین لە غەزەدا قەسابی بکات و ئاو کارەبا و سوتەمەنی و دەرمان و کۆمەکی ئینسانی لە زیاتر لە دوو ملیۆن ئینسان ببڕن، کە لەلایەکەوە بەکردەوە خۆیان زیندانی کراون و لەلایەکی تریشەوە قوربانی دەستی زوڵمی و ملهوری حەماسن.

ئەمریکا و غەرب بۆ لەقاڵبدانی رای گشتی دنیا، وەکو دوای ١١ سێبتەمبەر، کە وتیان "یان لەگەڵ تیرۆریت یان لە دژی تیرۆر" و دنیایان شەقی ناو لایەنگری یان رەتکردنەوەی کرد، لە جەنگی ئەم جارەشدا، بە کەڵک وەرگرتن لە کردەوەی تیرۆریستی حەماس، دەیانەوێت کۆمەڵگەی بەتەواوتی شەق بکەن بەوەی یان "لەگەڵ حەماس یان ئیسرائیلیت"، دیارە بەر لەهەموو شت ئەم ئاراستەیە بۆ ئەوەیە رەوایەتی نێودەوڵەتی و رای گشتی بخاتە پشتی هێرشی وەحشیانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بەسەر خەڵکی غەزە و فەلەستینیەکان و رێگای لەرەوت و هیزی سێهەم بگرێت، کە هەم داگیرکاری و ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل و هەم ملهوری و کردەوە تیرۆریستی و تەنانەت مامەڵەی حزب و رەوتە ئیسلامیەکان بە کیشەی فەلەستینەوە، ئیدانە دەکات و خوازیاری چارەسەری کیشەی رەوای فەلەستینە. نابێ بیرمان بچیت ریکخراوەی حەماس لەلایەن ئەمریکا و غەربەوە هاوکاری کراو بەهیز کرا تا لەبەرامبە بەرامبەر بە رێکخراوەی رزگاریخوازی فەلەستین و لایەن قەومیەکانی، بەدەستیەوە بگرن.

لەم جەنگە ئاشکراو خوێناوییە دژی ئینسانیەدا کە لە ئێستادا دوو بەرەی ئینسان کوژی" دەوڵەتی ئیسرائیل و ریکخراوە ئیسلامیەکان" وەستاون. میدیا ئەمریکا و غەربی بە ئەندازەی ئینسانکوژی لە جەنگەکەدا، کۆمەڵگەی ئینسانیان کردۆتە نیشانەی مێشک شۆردنەوە و بەلارێدا بردنی راستییەکان. لە ئەمریکا و ئەوروپادا رەهەندیکیان وەرێخستووە کەبەشێکی زۆری خەڵک بخەنە پشتی رەوایەتی بەخشین بە ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل بەناوی "بەرگری لەخۆ کردن" و لە دنیای عەرەبیدا بەشێکی زۆری خەڵک بەپاساوی دژە ئیسرائیلی و رۆڵی حەماس وەکو "بەرگریکار" کردۆتە هاوسۆزی حەماس و کردەوە تیرۆریستیە ئینسان کوژیەکەی... بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئیران بەهۆی دژایەتیان لەگەڵ جمهوری کۆنەپەرستی ئیسلامی کە هاوکات پشتیوان و هاوکاری لەبەرەی تیرۆریزمی ئیسلامی دەکات، کەوتوونەیە پشتی ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیلی و خەڵکی کوردستانیش کە بەدەست زوڵم و تاوانکاریی بەعس و ناسیونالیزمی عەرەبەوە ناڵاندویانە کەوتونەیە پشتی دەوڵەتی ئیسرایلی" دژە عەرەب". هاوکات ئیسلامیەکانی کوردستان و دنیا بەزوربەی "شیعەو سونیانەوە" و بە بێگوێدانە ناکۆکی و جەنگ و ململانێی نێوانیان باوەشیان بەیەکدا کردوەو، فرمیسکی ساختە بە خەڵکی مستەزعەفی فەلەستین و غەزە هەڵدەوەرینن، هەر ئەو تیپە لە ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا، لە بەرامبەر ملهوری و هێرشی بەردەوام و وەحشیانەی دەوڵەتی تورکیادا بۆسەر خەڵکی کوردستان، نەک دەنگیان لێوە نایەت، بەڵکو بەرگری لە کردەوە ئینسانکوژی و ملهوریەکانی ئەردوغان و سوپاو دەوڵەتەکەی دەکەن.

ئەم کەمپەینی راگەیاندن و هاوکارییەی ئەمریکاو غەرب لە دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەو هاوکاری و پشتیوانیەی ئیران و گروپە ئیسلامیەکان و لە حەماس، دۆخێکی مەترسیداو خوێناوی تر دەخاتە ڕوو، کە لایەکەوە ئەگەر پەیوەست بوونی لایەنی تر بەجەنگ زیاد دەکات و لەلایەکی تریشەوە هەر لە ئێستاوە دەستی دەوڵەتەکانی ئاوڵاکردووە بۆ هێرش بۆسەر سەرەتاییترین مافی ئینسان بەوەی کۆبونەوەی نارەزایەتی و ساز بکات. زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپای بە پاساوی بەرگری لە حەماس ریگە لە خۆپیشاندان و کۆبونەوەی نارەزایەتی دەگرن بە دژ دەوڵەتی ئیسرائیل و کوشتاری فەلەستینیەکان، تەنانەت هەرەشەی دەرکردن و سەندنەوەی سەنەدی مانەوەی بەردەوامیش لە خەڵک دەکەن، ئەمەش پێشهاتێکی یەکجار مەترسیدارە. جیا لەوانە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ناوجەرگەی ئەوروپاش دەکات جیگایەک بۆ دەستوەشاندن بەتایبەت لە خەڵکی مەدەنی یەهودی... بۆیە وەستانەوە بەو دۆخە بۆتە ئەرکێک بۆ بەرەی ئینسانی چەپ و ئینسانی و کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی.

لەو نێوەدا و لەسایەی ئەم راگەیاندن و بۆمبارانە تەبلیغی و مێشک شۆردنەوەیدا، هێشتا ئۆردی سێهەم کە فریوی دەزگا راگەیاندنەکانی ئەمریکا و غەرب و ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیزمی عەرەبی و ئیسلامیەکانی نەخواردووە، هێزی هەرە گەورەی کۆمەڵگەی ئینسانییە. وە چارەنووسی ئەم جەنگ و ململانێی خوێناویەش بە جەنگی راگەیاندنی مێشک شۆردنەوەشەوە، بەم هێزە کاریگەرەی سێهەمەوە گرێی خواردووە، ئەگەر ئێستا گوێ بیستی ئەوە دەبیین کە ئیدانەی کردەوەی ئینسانکوژی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکرێت، و یوئین و ریکخراوەی نەتەوەیەی گرتوەکان ناچارە بێتە دەنگ و تا ڕادەیەک لەبەرامبەر بریارەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەوەستێت، ترسە لەو هێزەو لە ژێر گوشاری ئەو بەرەی سێهەمەدایە.

بەرەی ئینسان و دۆست و ئازادیخواز لەپاڵ خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین، کە هێزیکی گەورەی دنیای ئەمڕۆیەو بەسەدان هەزار ئینسانی کاراو چالاکی لە حزب و رێکخراو کۆڕ و کۆمەڵە و ناوەندو دەزگاکاندا لە ئاستی جیهانیدا هەیە، ئەرکیەتی ئامادەیی خۆی لە دڵی هەلومەرجی پر مەترسیداری ئێستادا نیشان بدات و بێتە مەیدانەوە. ئەم هێزە دەبێ و ئەرکیەتی هۆکاری ریشەیی شەری ئیسرائیل و بەرگری خەڵکی فەلەستین نیشانی دنیا بدات. ئەرکیەتی پشتیوانی ئەمریکا و غەرب وەکو هۆکاری بەردەوامی داگیرکاری و ملهوری ئیسرائیل بخاتە ڕوو وە لەدژی بوەستیتەوە. کاریگەری میدیا وێرانکەرەکەی نیشان بدات و ریسوای بکات و ئامانجەکانی پشتی نیشان بدات و حەقیقەتەکان بخاتە ڕوو. ئەرکیەتی ماهیەتی خۆبەستنەوەی گروپ و لایەنە قەومییە عەرەبیەکان  سات و سەودایان بە کیشەی خەڵکی فەلەستینەوە، ئاشکراتر لەوەی هەیە بکات. نیشان بدات و هۆکاری سەرهەڵدانی رەوتە ئیسلامیەکانی لەچەشنی فەتح و جیهادی ئیسلامی و حزباللەو حەماس و... هاوکات خۆ بەستنەوەیان بە کیشەی فەلەستینەوە بۆ ئامانجە لیخنەکانی دەسەڵاتیان بخاتە ڕوو. ئەوە نیشان بدات کە ئەمانە دوور و نزیک بەدوای چارەسەری کیشەی فەلەستینەوە نین، بەڵکو هۆکاری پاشەکشە بە کیشەی فەلەستین و کۆسپی بەردەم رێگاچارەی کیشەی فەلەستینن. وە ئەرکیانە بەخێرایی ڕیگاچارەی ریشەیی کارساز بۆ چارەسەری کیشەی فەلەستین و ئیسرائیل بەدەستەوە بگرن و ببنە لایەنێکی سەرەکی لەگەڵ رێکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان و یوئین و ناوەند بریار بەدەستەکانی تری دنیا و هیچی تر نەهێڵن ئەو رێکخراونە لەژێر هەژموونی ئەمریکاو غەربدا ببن و هاوکات ڕیگاچارە بۆ ئەم جەنگەی ئیستا بخەنە ڕوو. کە لە ئێستادا خاڵە سەرەکیەکانی. راگرتنی دەست بەجێی جەنگ و وەستاندنی بۆمباباران و راکیت هاویشتن لەلایەن هەردوو لاوە. ئازادکردنی بی قەیدو شەرتی بارمتەو گیراوە مەدەنیەکان. لابردنی دەست بەجێی ئابڵۆقەی دەرمانی و خۆراک و سوتەمەنی و ئاو کارەبا و کردنەوەی رێگای بۆ گەیاندنی کۆمەکی ئینسانی بەخەڵکی عەزە. گەرانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی!! و ناچارکردنی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ناوەندە بریار بەدەستە نیودەوڵەتیەکان بەجێبەجێ کردن و پابەند بوونی ئیسرائیل بە بڕیارەکانیەوە و لەوانە راگرتنی کەمپ نیشینی لەسەرزەمینی ئیسرائیلیەکان، پاشەکشەی هیزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی لە ڕیگای چەندین جەنگەوە دەستی بەسەردا گرتوون. هەموو ئەمانە پێش مەرجن لە راستای درووستکردنی دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستینیەکان و کۆتاییهێنان بەو کێشە میژووی و مەرگبارەی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراستی توشی ناجیگیری سیاسی و نائارامی کردووە.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×