دۆخی دارایی هەرێم لەساڵی داهاتوودا!

دڵشاد ئەنوەر
  2023-12-28     140

دانیشتوانی هەرێم ساڵێکی پڕ لە کێشمەکێشی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدایان تێپەڕاند. هەرێم ساڵێکی پڕ لە هیوا بە ڕێککەوتن لە سایەی یاسای بودجەو دواتر گۆڕانی دۆخەکە بۆ نائومێدی بەسەر برد. ئێستا پرسیارەکە گرنگەکە ئەوەیە ساڵی داهاتوو دۆخەکە چۆن دەبێ؟

وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت،”ئەوەی ئەمساڵ بەغدا کردی بەرامبەرمان ساڵی داهاتوو قەبوڵ ناکرێت و سیاسەتمان دەگۆڕین.”

ئەم لێدوانە کۆدی تێدایە، ئاماژەی ئەوەی تێدایە ساڵی داهاتوو ساڵێکی پڕ لە کێشمەکێش دەبێت، گەر بەغدا مانگانە پشکی هەرێم نەدات. چۆن کێشمەکێشێ؟

ڕەنگە سەرەتای ساڵی داهاتوو هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو، سیناریۆی هاتووچۆی وەفدەکان کەم تا زۆر ببینینەوە، بەڵام گەر ڕێککەوتن نەکرا، کە ئەنجامدانی ڕێککەوتن موستەحیل نییە، بەڵام زۆر قورسیشە، ئەوا گریمانەو ئەگەری تر دێنە پێشەوە.

ئەمەریکا پاڵپشتی حکومەتەکەی سودانی دەکات و دەیەوێ بەرامبەر حەشد بەهێز بێت، بۆ بەهێز کردنی حکومەتەکەی سودانیش داوای پاڵپشتی لە هەرێم کراوە،ڕەنگە ئەمە فاکتەرە عێراق ناچار بکات هەندێ نەرمی بنوێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ پلان بەدەست عێراقەوەیە، ئەم پلانانە هەزاران کەس بێ کار دەکات، دەدات لە بڕبڕەی ئابووری هەرێم و دواتریش دەبینە بینەری پلانەکان.

پاشان هەرێم وەکو جەستەیەکی ماندوو لە ژێر دەستی بەغدایە، پەرلەمان و دام و دەزگا یاسایی و دەستورییەکان نەماوە، دادگای فیدڕاڵیش هەر بە پلان سکاڵاکان یەکلایی ناکاتەوە، تا بێ دام و دەزگایی دەستوری هەرێم درێژە بکێشێت. وەکئەوەشی بیستوومە بەغدا مەرجێکی تری بۆ دیداری نێوان بەرپرسانی هەرێم و وڵاتان داناوە، کە دەبێت دیدارەکان چیتر لە بەغدا بن نەک لە هەولێرو سلێمانی.

بۆیە ڕێککەوتنی ئابووری نێوان هەرێم و بەغدا کە پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەیە قورسە، بەغداو هێز شیعەکان ملی پێدا ناکەن، ئیللا مەگەر فشاری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و گۆڕانی هاوکێشەکان بەغدا ناچار بەمە بکات.

بێگومان گەر ڕێککەوتن نەکراو هەرێم کەوتە بەردەم دۆخی نا ئومێدی، پارتی پلانی کشانەوەی لە حکومەت هەیە لە مانگی ٣ ی ساڵی داهاتوودا، بەڵام گەر ئەم ئەگەرە ڕوویدا پلانی دواتری پارتی نادیارە، ئایا کشانەوە وەکو کارتی فشار بەکار دەهێنێت، یاخود پلانی جێگرەوەی هەیە، کە ئەمەیان قورسە.

سەدر لە دەرەوەی حکومەتە، پارتیش وەک لایەنێکی سەرەکی کوردی لە حکومەت بێتە دەرەوە بەتەنها ڕەنگە هێشتا کاریگەری ئەوتۆی نەبێت، بەڵام گەر پارتی پاڵپشتی ئیقلیمی هەبێت و بتوانێت سونەکان بکاتە بەشێک لە ئەجێندای خۆی، بێگومان ئەمە کاریگەری بۆ ئیفلیج کردنی حکومەت دەبێت. بۆ کاریگەری دەبێت؟

چونکە سەدر بەشێکی زۆر لە شەقامی شیعەی لەگەڵدایە، سونەکانیش هەڵوێست وەربگرن، شەقامی سونەش لە دەست حکومەت دەردەچێت و بە کشانەوەی پارتیش گۆمەکە قوڵتر دەبێتەوە..

بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ناوماڵی سونە وەکو خێزانێکی بێ سەرگەورە وایە، کەس ناتوانێت چاوەڕوانی هەڵوێستی یەکگرتوویان لێ بکات، بە لابردنی حەلبوسیش بەشێکیان چاوترسێن کراون و بەشەکەی تریشیان چاویان لەسەر کشانەوەی پۆستدارەکان و چوونە جێگەیانە.

بۆیە ناڕوونە گەر پارتی کشایەوە پلانی دارایی و سیاسی بۆ قۆناغی دواتر چی دەبێت، گەر کێشمەکێشەکەش بەردەوام بێت، پەتی سەبری پچڕاوەو هەرچی کێشەکانە لەناوخۆی هەرێم و عێراق بەسەریدا شکێنراوە.

لەم نێوەندەشدا گەر پارتی بکشێتەوە، یەکێتیش دووچاری گرفتی گەورە دەبێت، بەوپێیەی گەر هاوڕای پارتی بێت دەبێت بەرپرسیارێتی بەشێک لە گرفتە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ قۆناغی داهاتوو هەڵبگرێت، لەکاتێکدا تا ئێستا خیتابە سیاسییەکەی وایە کێشەکان دەرئەنجامی هەڵەی پارتین، ئەمە کێشەیە گەورەیە بۆی، هەرچەند من پێموا نییە ئەم بکشێتەوە.

گەر نەشکشێتەوەو لەگەڵ عێراق دا بە تەنها بڕواتە ڕێککەوتنەوە، غاز بەرامبەر بکات بە بودجەی سلێمانی، دیسانەوە دۆخی ناو هەرێم دووچاری دابڕان و لێکترازان دەبێت.

ئەم ئەگەرانەی ئاماژەم پێکردن هەمووی لە ئارادان، بەڵام هاتنە خەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەستوەردانی ئیقلیمی بەسن بۆ وەلا نانی هەموو ئەگەرەکان و هێنانە پێشەوەی پێشهاتی دارایی و سیاسی نوێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×