جوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی !

دڵشاد ئەنوەر
  2021-12-22     933

جوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی خێران، هەنگاوەکانی جدیەتیان پێوە دەبینرێت بۆ دەرهێنانی هێز لە بن دەستی ئەو سەرکردانەی هێزیان لایە، بەڵام عاقیبەتی ئەم جوڵە و هەنگاوانە چۆن دەبن؟ چی نیەت و ئیرادەیەکیان لە پشتەوەیە؟ داهاتوو وەڵاممان دەست دەخات.

هەنگاوەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ دەرهێنانی هێز لە بن دەستی شەخس هاوکاتە لەگەڵ چەند ڕووداوێک دا، هاوپەیمانان پارەیەکی زۆر لە چەک و موچەی پێشمەرگەدا خەرج دەکەن، توڕەن لە هێزی شەخسی و بەڕوونیش ئەم پەیامەیان گەیاندووە.

هێزە شەخسیەکانیش هێندە تەق و تۆق و ئاژاوەیان لە سلێمانی ناوەتەوە، خەڵک توڕە و بێزارە، ئەمانە کۆمەکی تاڵەبانی دەکەن بۆ خێراتر کردنی هەنگاوەکانی، چونکە خەڵک بێزاربوو لەهێزی شەخسی و بگرە حیزبیش.

ئەوەی دەوترێت گوایە پارتی هۆشداری داوەتە بافڵ تاڵەبانی بۆ خاوکردنەوەی هەنگاوەکانی ڕاست نیە، پارتی هەڵوێستی وای نەنواندووە، چونکە نێوانیان لەگەڵ یەکێتی لەسەر کۆمەڵێک پرسی جۆراوجۆر خراپە، بەتایبەت خراپی پەیوەندی نوێنەرەکانیان لە حکومەت، کاریگەری لەسەر نێوان دوو حیزبەکەش هەیە، گەرچی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بۆ ڕەواندنەوەی ناکۆکیەکانیان کۆبوونەوە و بێ شەریکایەتی و بێ شەڕە قۆچیش نایانکرێت.

ئەو هێزانەی لای بەرپرسانن و بافڵ هەنگاو بۆ بردنیان دەنێت، مەسەلەکە تەنها ئەوە نیە هێزی شەخسی بن و هەموو کات قابیلی بەکارهێنان بن لە ناکۆکی شەخسیدا، بەڵکو گرفتەکە لەوە گەورەترە، بەرپرسی بەشێک لەو هێزانە گەنج و کەم ئەزموونن، لەسەر بنەمای نزیکایەتی و خزمایەتی دانراون، خراپ کەڵک لەو هێزانە وەردەگرن و هەموو شەوێک لایان ئاساییە کەتنێک بنێنەوە، وەک پێشتر چەندین جار بینیومانە.

گەر لەچوارچێوەی هەنگاوەکان دا، بافڵ تاڵەبانی پلەداری ئەزمووندار و ناهەڵەشە بکاتە فەرماندەی ئەو هێزانە کارێکی خراپ نیە، هەروەک چۆن هەنگاوەکانی تاڵەبانی بۆ دەرهێنانی هێز لە بن دەستی شەخسیش گرنگن.

هەنگاوە ئێستاییەکانی بافڵ تاڵەبانی، تەبعەن گەر جدی بن، نەک نیەتی تری لەدواوە بێت گرنگن، بۆ گرنگن؟

لانیکەم ئەو فەوزا گەورەی لەم دەڤەرە هەیە بەهۆی ئەو هەموو هێزە جیاوازەی لەم دەڤەرە هەیە کەمێک هێور دەبێتەوە، گەر دوو بەرپرس یاخود کوڕە بەرپرس ببێتە کێشەیان، هێزیان لا نابێت پشێوی دروست بکەن و ئاژاوە بنێنەوە، کێشەکەیان بەدەمە بۆڵەیەک کۆتایی دێت، کەسێکیش کوژرا، دیارە هێز لای کێ یە و بوار بۆ یەکتری تۆمەتبارکردن نامێنێتەوە.

بەڵام بۆ خۆم مەترسیم لە قۆناغەکانی داهاتوو هەیە، بەتایبەت گەر بافڵ تاڵەبانی جدی بوو، سەرکەوتوو بوو لە لێسەندنەوەی هێز لە بەرپرسان، ئایا مامەڵەی لەگەڵ ئازادیەکان لەم زۆنە چۆن دەبێت؟ مامەڵەی لەگەڵ ناڕازی و خۆپیشاندەر چۆن دەبێت؟ ئەمانە پرسیاری جدین، گەرچی خەڵکی ئەم دەڤەرە یاخین و لەقاڵبدانی ئازادی قەبوڵ ناکەن، ئەمە جیا لەوەی فرە حیزبیش بۆ ئەمە یارمەتیدەرە.

گەر هاوکات لەگەڵ لێسەندنەوە و جڵەوکرنی بەرپرسە هێزدارەکان، بافڵ تاڵەبانی بۆ داهاتوو کار لەسەر لە قاڵبدانی ئازادیەکانی خەڵک بکات، ئەوا بەدەستی خۆی گۆڕ بۆ حیزبەکەی هەڵدەکەنێت و هێندەی تر خەڵک دوور دەکەوێتەوە، بەڵام گەر بکرێتەوەو لە ڕێگەی لێسەندنەوەی هێز لە بەرپرسان، پەیام و هەنگاو بۆ ئارامی بنێت، بەرپرسە خراپ و ناشیرینەکان جڵەو بکات، لەگەڵ شەقامدا توند نەبێت، ئەوکات سەرکەوتوو دەبێت.

گرفتی گەورە تەنها بوونی هێز نیە لای شەخس، بەڵام دەرهێنانی هێز لە بن دەستی شەخس هەنگاوێکی باشە، بەڵام هەموو شت نیە، چونکە هێز لە شەخس دەسەنرێت و دەخرێتە لای حیزب ئەمەش دیسان کێشەیە!

کێشە سەرەکیەکە مامەڵە کردنی حیزبە لەگەڵ هێزە چەکدارەکان وەکو هێزی حیزبی، تا ئەمەش بەردەوام بێت، هەڵبژاردن و دیموکراسی مانای نابێت، کێشەکان چارەسەر نابن، چاکسازی ئەستەمە، زۆرێک لە گرفتەکان تەنها بە نیزامی کردن و یەکخستنەوەی پێشمەرگەو هێزەکان دێتە دی، وەک ئەوەی هاوپەیمانان داوای دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×