هەژماری بارزانی‌و تاڵەبانی کوڕ‌و دیوە بێکەڵکەکەی

مەزن عوسمان
  2024-04-04     403

سەد ساڵ شۆرشی کوردی، دەیان حزبی سیاسی و هەزاران شەهیدی شاخ و براکوژی، لەیەک دێردا تێک ئاخنراوە، ئەویش هەژماری من (My Account). دوا داوای بەناو سیاسی فریادڕەسانی کورد لە بەغدادی دراوسێ بۆتە کوڕوزانەوە بۆ قبوڵکردنی ئەو بە ئەلیکترۆنی کردنی موچەخۆران، ئەگەرچی لەناوەڕۆکدا سووی ئابوری‌و سیاسییە.

هەروەک ڕوونە ئەم سیستمە نوێیەی بانکی، بەهەرێمی کوردستان‌و عێراقیش نامۆیەو تەنیا شیوازێکی دیکەیە لە دادۆشینی کۆمەڵگەی عیراقی‌و بەمێگەلکردنی کۆمەڵگا. بێشک خەڵک ناتوانێت دیوە نیگەتیڤەکەی ببینێت و نازانێت کارپێکردن بەمجۆرە سیستمە لە شکست زیاتر ئەنجامی نابێت.

بۆیەکەم جار کاش مەشین یان ئامێری پارە ڕاکێشان، لە ساڵی ١٩٦٧ لە وڵاتی بەریتانیا، لەلایەن بانکی بارکلیسەوە کاری پێکرا*. ئامانج لەدانانی ئەم سیستمە، بەشێک بوو لەشەپۆلی سەرمایەداری و کەمکردنەوەی لۆود لەسەر لقی بانکەکان‌و دەرکردنی بەشیک لەکارمەندانی بانکەکان، لەپێناو قازانجی زیاترو تێچووی کەمتر لە هێزی مرۆیی. بەرەو پێشچوونی تەکنۆلۆجیا جێی بە هێزی کار لە وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمریکا لێژکردووە.

ئەجێندای سیستمی بەبانکی کردنی ئەلیکترۆنی، بەرگرنتە لەهەڵئاوسانی سیاسەتی ئابوریی جیهانی‌و بەشەفاف هێشتنەوەی تەناقولاتی دراوە لەنێوخۆی دەوڵەتان‌و جیهان. هەروەها دەرچەیەکە بۆ چاودێریکردنی شێوەی بەکاربردن لەسەرانسەری جیهان.

ئەو حەملە ئیعلامییەی دەسەڵاتی کوردی بەدەرە لەهەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان‌و ئەوەی تێیدا کورتکراوەتەوە، ئەوەیە کە دوو دەسەڵاتی خۆجێیی حزبی دەستییان دەگات بەو قازانجە لەژمێر نەهاتووەی کە لەگەرووی هاونیشتمانییان بەزۆر دەریدەکەن.

چەند ڕاستییەک هەیە، پێویستە هەموو هاووڵاتییانی کوردستان بیزانن:

کردنەوەی هەژماری بانکی، لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا وئەمریکا بێ بەرانبەرەو تا کۆتایی تەمەن تەنیا سەنتێک نادەیت لەبەرانبەر هاتنی پارەی کارەکەت بۆسەر حسابەکەت یان بەکارهێنانی بەکاش یان بۆ کڕنی ئۆنلاین یاخود ناردنی پارە بۆ هەر کەسێکی دیکە لەناوخۆی وڵات.

پیدانی ڤیزا کارد یان ماستەر کارد، بێ هیج بڕەپارەیەک پێشکەشت دەکرێت، لە حاڵەتی ونبوون یاخۆد شکان، دوای داواکردنی، بەماوەی سێ ڕۆژ لە ڕێگەی پۆستەوە دەیخەنە ماڵەکەتەوە.

لەئەگەری دزینی زانیاری سەرکاردەکەت و بەکارهێنانی لەلایەن سکامەرو دزی ئەلیکترۆنییەوە، بانکەکەت بەرپرسە لە گێڕانەوەی ئەو پارانەی کە لێی دەرهێنراون.

تەنیا خاوەن کۆمپانیاکان بڕێکی زۆر کەم لەبەرانبەر بەکارهێنانی هەژمارەکانیان پارەیان لێوەردەگیرێت.

هەمیشە بانکەکان لە پشبڕکێدان بۆ پێشکەش کردنی زیاتری خزمەتگوزاری و کردنەوەی لق و پێدانی بڕیک پارە بەخەڵات لەپێناو کردنەوەی حسابێک لەلایان.

هەژماری منی سەرۆکی حکومەت‌و جێگرەکەی:

ئەم پرۆژەیەی بارزانی کوڕو تاڵەبانی کوڕ هیچ پێناسیەک هەڵناگرێت جگە لەبازرگانییەکی سفت. هەرێم ئامادەیە گشت تەنازولێک بکات تەنیا هەژماری من سەربگرێت لە بەغداد.

وەک حکومەتی هەرێم ئاماژەی پیداوە، لەسەرتاسەری هەرێم نزیکەی هەزار ئامێر لەشارو شارۆچکەکان دادنێن. ئەم جۆرە ئامێرانە پێویستی بەکارەبای بەردەوام‌و جێگەی متمانە پێکراوو بەستراوە بە هێڵی ئینتەرنێتی بەهێزەوە بێ پچڕان.

دانانیان پێویستی بەماوەیەکی زۆر زیاترە لەوەی کەحکومەت هاووڵاتییانی خۆی پێچەواشە دەکات.

ئەم بانکانە بۆ هەر بەکارهێنانێکی دەتوانێت بڕێک لەپارەکەت وەلا بنێت لەبەرانبەر بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی‌و تۆی هاووڵاتی ناتوانی لێپێچیینەوەیان لەگەڵ بکەی. یاساو ڕێساکانیان بەزمانی ئینگلیزی لە ئەپەکانیاندا نوسیووەو تا بەکارهێنەر نەزانێت چۆن ملکەچکراوە لەبەرانبەر ئەو خەرجییانەی دەبێت بیدات. لەمەشیان بەیاسا لەبەردەم دادگادا دەدۆڕێیت ئەگەر هەر داوایەکی یاسایی تۆمار بکەیت، چونکە ئەوان لەسەرەتاوە واژۆی قبوڵکردنی ئەو مەرجانە لەسەر خۆت پێدەکەن.

وەرگرتنی عمولە، لەبەرانبەر هاتنی موچەکەت بۆسەر حسابەکەت، بەدەرە لە یاسا کارپێکراوەکانی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا بۆ سیستمی بانکی.

بەشداربوو نازانێت لەبەرانبەر ونبوونی کاردەکەی یان تێکچوونی چ ڕێگەیەک بگرێتەبەر چەند پارەت لێوەردەگرێت. بۆنمونە خانەنیشینێکی بەساڵداچوو ناتوانێت بچێتە هەولێر بۆ لقی بانکەکەی تا داوای کاردێکی نوێ بکات و هەر لەهەمان کات وەریبگرێتەوە. دوور نییە ونکردنی ڕاپێچت بکەن بۆبەردەم دادوەرو سوێند خواردنی تێبکەوێت، هەروەک مۆڵەتی شۆفێری و کارتی نیشتیمانی.

لەبەرانبەر دزینی زانیارییەکانی کاردەکات، نازانرێت بانکەکەت چیت بۆدەکات و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشانەدا دەکات. بانک پێویستی بە ڕاژەی بەشداربووان هەیە، کە ٢٤ کاتژمێر وەڵامی هاووڵاتییان بداتەوەو ماوەی چاوەڕوانی کردنی لە دەقەیەک زیاتر نەبێت.

ئەم بانکانە پێویستە لە ناحییەکانیش لقییان هەبێت، ئەگەرنا ئەم جۆرە لە مامەڵەکردن بەم سیستمە جگە بارگرانی هیچی دیکەی لی سەوز نابێت.

ئەمانەو دەیان خاڵی دیکە، کە پێویستە حکومەت‌و بانکەکان ملکەچ بکرێن بۆ ئەوەی ئەو سیستمی بانکییە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان یاساو ڕێساکانی بنوسرێتەوەو بێ بەرانبەر خزمەت پێشکەش بکەن، نەک بەدڵی خاوەنە سێبەرەکانی بانک، کە حوکمی هەرێم دەکەن. ئەگەر نا وەزارەتی دارایی هەزاران کارمەندی بانکی حکومی هەیە دەتوانن بێ بەرانبەر ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەش بکەن.

بەشیتەڵی بیرکارییانە ئەم پرۆژەیە ڕووبەڕووی گرفت‌و شکست دەبێتەوە.

هەروەک حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە کە کۆی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن‌و دوو سەدو پەنجا هەزار کەسە.

ئەگەر ئەم ڕێژەیە بەسەر هەزار ئامێری پارە ڕاکێشاندا دابەش بکرێت، هەر ئامێرێک دەبێت هەزارو دووسەدو پەنجا کەس لەخۆی بگرێت. واتا سەرەتای هەموو مانگێک هەر ئامێرێک لێشاوێک لەخەڵک سەرەی بۆدەگرن.

هەر ئامێرێک دەبێت مانگانە نزیکەی ملیاریک‌و دووسەدو پەنجا هەزار دینار دابەش بکات. ئەم ڕێژەیە لەتوانای هیچ ئامێرێکی پارە ڕاکێشاندا نییە و توانای بەکارهێنانی سنوردارە.

بەم پێیە بێت ئەم ئامێرانە بەبەردەوامی پێویستی بە چەند کارمەندێکە کە لەپشتی ئامێرەکەوە وەستابن بە دەیان تێلیس پارە لە تەنیشتیانەوە بێت بۆ ئەوە هەر ٣ کاتژمێر جارێک ئامێرەکە پڕ بکەنەوە لەپارە.

هەر بەکارهێنەرێک پێویستی بە دە خولەک دەبێت، تا کاردەکە دەخاتە ئامێرەکەوەو ژمارەی نهێنی لێدەدات‌و ئامێرەکە وەڵامی داواکەی دەداتەوەو پارەکەی بۆ دەژمێرێت‌و دەیداتە دەستی. ئەگەر لەحاڵێکدا بەکارهێنەر ژمارەی نهێنی کاردەکەی بیرچۆوەو بە هەڵە لێیدا، ئەوا لە سێیەم جاری هەڵەکردنەکەدا کاردەکەت بلۆک دەبێت‌و ئامێرێکە کارتەکە ناگێڕێتەوە بۆ خانوەنەکەی، بدەبێت بچێت بۆ لقی سەرەکی لە بانکەکەی تا داوای کاردێکی نوێ بکاتەوە.

ئەگەر هەزارو دووسەدو پەنجا کەسەکە لێکدانی دە خولەک بکرێت، ئەوە هاووڵاتییان پێویستیان بە هەشت ڕۆژ و نیوی ٢٤ کاتژمێرییە تا تەواویان موچەکانیان ڕادەکێشن، واتا دەبێت هاووڵاتی هەشت ڕۆژو نیو ٢٤ کاتژمێر لەسەرەی پارە دەرکردندابێت، یان کە شەوەکەی ڕۆیشتەوە بۆ خەوتن، ئەوە پارەکەی لە ڕۆژی شازدەهەمی مانگ وەری دەگرێت.

ئەم پێشبینینیانە بەدەرن لە بڕانی کارەباو ئینتەرنێت‌و نەبوونی کارمەند بۆ پارە تێکردن‌و لەکار نەکەوتنی ئەو ئامێرانە. ئەگەر ئەمانەشی تێکەوت دەبێت هاوڵاتی ٢٥ رۆژ لەسەرەری پارە وەرگرتندابێت.

ئەگەرەکان زۆرن بۆ شکست هێنانی ئەمجۆرە لە پارەدان بە موچەخۆرانی کوردستان. تەنیا شتێک کە پێویستە بزانرێت، لە وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەم ئامێرانە بۆ دەرکردنی موچە دانەنراون، تەنیا بۆ کەمکردنەوە کارمەندی بانکەو هاووڵاتی ڕۆژئاوایی لە کۆی مانگێک لەوانەیە جارێکیش کاری پێی نەبێت. لە هیچ شوێنێکی ئەم سەرزەمینە ئەم ئامێرانە وەسیلەی موچەدان نین، جگەلە حکومەتی کاربەڕێکەر.

 

سەرچاوە: https://historicengland.org.uk/whats-new/news/enfield-bank-listed/#:~:text=It%20was%20the%20first%20bank,Varney%20drew%20crowds%20of%20spectators.&text=The%20prototype%20machine%20functioned%20differently%20to%20today's%20cash%20machines.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×