چەسپاندنی سیسته‌می سوڵتانییزم لە ھەرێمدا؟

مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح
  2019-05-05     1145

بەشی پێنجەم

 


ئەوەی لەناو کایەی سیاسیی ھەرێمدا ڕوودەدات پرۆسەی چەسپاندنی تەواوی بەخێزانیکردنی دەسەڵات و بنجبه‌ستكردنی سیسته‌می سوڵتانیزمی سیاسییە. ئەوەی ئێمە دەیبینین لەناوچوونی بەشی ھەرە گەورەی ئەو بەرگریییە سیاسیی و فیکریی و ئەخلاقییانەیە کە لە ھەرێمدا لەبەردەم پرۆسەی بەخێزانیبوونی ده‌سه‌ڵات و بەسوڵتانیبوونی دەسەڵاتدارێتییدا بوونیان ھەبوو. دواھەمین بەرگرییەکی خاوەن قورسایی لەبەردەم ئەم پرۆسه‌یه‌دا پرۆژە سیاسییەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام لە ئێستادا خودی ئەم بزوتنەوەیەش بەرەو بەخێزانیبوونی ده‌سه‌ڵات و بەسوڵتانیکردنی سیسته‌می سیاسیی له‌هه‌رێمدا، هه‌نگاوده‌نێت. له‌مڕۆدا بکەری ژمارە یەک و سەرەکیی چەسپاندنی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکانن، ئەو منداڵانەن کە لە چەند ساڵی ڕابوردودا و بە خێرایەکی گەورە ھاتنە ناو کایەی سیاسیی ھەرێمەوە و لە ئێستاشدا خەریکی مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی پێگە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ناو ئەو کایەیەن. 
ئێمە تا ئێستا زیاد لە جارێک باسمان لە ھاتنەکایەی نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکانی ھەرێم کردوە و پرۆسه‌ی بەخێزانیکردنی دەسەڵاتمان ھەم بە دیاردەیەکی سیاسیی ترسناک و ھەم بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیسته‌می سوڵتانی لە ھەرێمدا ناوبردوە. لەم ڕووەوە ئێمە ھەم ئێستا و ھەم ئایندەی سیسته‌مە سیاسییەکەی ھەرێم زۆر بە مەترسیدار دەزانین و پێمانوایە کۆمەڵگای ئێمە بە ئاقارێکی تەواو ترسناکدا تێدەپەڕێت. بەڵام سوڵتانیزم چییە و کامەیە؟ ئاکارە سەرەکییەکانی کامانەن؟ 
سوڵتانیزم ئەو مۆدێلەیە لە دەسەڵاتدارێتیی کە تیایدا فۆرمی سەرەکیی دەسەڵات فۆرمێکی شەخسیی و تاکەکەسییە، تەوه‌ره‌ سەرەکییەکانی سیسته‌مە سیاسییەکە بەدەوری كه‌سی یه‌كه‌مدا دروستدەکرێت و ئەو کەسەش وەک سێنتەری سیستمەکە کاردەکات. کە ئەمە دەڵێین مەبەستمان نییە وای نیشاندەین کە سیستمە سیاسییەکە کورتدەبێتەوە بۆ ئەو تاکەکەسە، چونكه‌ ئەم وێناکردنەی دەسەڵات لە دونیای مۆدێرندا وێناکردنێکی نادروست و نازانستییه‌. سیسته‌می سوڵتانیی ھەموو میکانیزمەکانی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی دەسەڵاتی مۆدێرنی لەبەردەستدایە و ھەموو تواناکانی ئەو میکانیزمانەش  بۆ سەپاندنی ئەو مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییه‌، بەکاردەھێنێت. بەم مانایە دەسەڵاتدارێتی سوڵتانیی ھەم ماشێنێکی بیرۆکراسی گەورە، ھەم پارتی سیاسیی، ھەم میدیا، ھەم دەزگاکانی پیادەکردنی توندوتیژیی، ھەم سیسته‌می داوەریی و ھەم سیسته‌می خوێندن و ھەم پێگە ئابورییە سەرەکییەکانی لەبەردەستدایە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی.  
ئه‌وەی ئەم مۆدێلە له‌ ده‌سه‌ڵات، چ لەناو حیزبدا و چ لەناو ده‌زگاكانی حكومڕانیی و دەوڵەتدا، لەوانیتر جیادەکاتەوە، بوونی ”ناوكێكی ره‌قە“ كه‌ وەک بازنەیەکی داخراو کاردەکات و هیچ كه‌س و گروپێكی تری ده‌ره‌وه‌ی خێزانه‌ سیاسییه‌كه‌ ناتوانێت بەو ناوکە بگات و ببێت به‌ئه‌ندامی ئه‌و بازنه‌یە. ئەم ”ناوکە ڕەقە“ نە ناوکێکی ئایدیۆلۆژییە، نە ناوکێکی سیاسیی، نە ناوکێکیشە لە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە دروستبووبێت، بەڵکو بازنایەکی داخراوە کە پەیوەندیی خوێن و په‌یوه‌ندارێتیی خێزانیی و ئینتیما بۆ بنەماڵەیەکی دیاریکراو دروستیکردوە. هه‌روه‌كو پێشتر له‌چه‌ندین وتاردا شیكارمان کردوە، حیزب له‌م جۆره‌ مۆدێله‌دا له‌ فۆرمی پیازێكدایه‌ كه‌ ناوكه‌كه‌ی شه‌خسی سه‌رۆكه‌ و ئه‌وانی تر به‌پله‌ی جیاواز وه‌ك توێژاڵ به‌ده‌وری ئەو سەرۆكەدان. گه‌ر توێژاڵی یه‌كه‌م منداڵه‌كانی سەرۆک بێت، توێژاڵی دووهه‌م منداڵی منداڵه‌كانێتی و پاشان به‌پله‌ی جیاواز خزمی دوور و نزیك و هاوڕێ و ئه‌ندام و غوڵامه‌ سیاسییه‌كانی تر دێن. به‌کورتیی،سوڵتانیزم فۆرمێكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی خزمگه‌رایی و مه‌حسوبییه‌ت و وەلای ڕەھا بۆ خێزانێکی سیاسیی داده‌مه‌زرێت و به‌پێی دوورو نزیكیی و بڕ و ڕادەی وەلا و خزمایه‌تییش له‌ سه‌رۆك و خێزانی ده‌سه‌ڵاتدارەوە، پێگەی ئەوانیتر دەستنیشاندەکرێت و به‌شیان له‌ ده‌سه‌ڵات و داهات و ساماندا ده‌بێت. 
وەلائی سیاسیی بۆ ئەم دەسەڵاتە شەخسییە، وەلائێکی ئایدیۆلۆژیی و فیکریی نییە، چونکە ئەم مۆدێله‌ له‌ دەسەڵات ھەر لە بنەڕەتەوە نوێنەرایەتیی ھیچ ئایدیۆلۆژیایەک ناکات. خۆی بە بەرگریکەر لە ھیچ فەلسەفە و دونیابینییەکی سیاسیی نازانێت، لە خەمی دروستکردنی کۆمەڵگا و مرۆڤێکی نوێدا نییە کە فیکرێکی دیاریکراو ھەندەسە کۆمەڵایەتییەکەی نیشانبدات، وەلائەتیش پەیوەست نییە بە بوون یان نەبوونی بەرنامەیه‌کی سیاسیی دیاریکراوەوە، ھتد... به‌ڵكو خزمگه‌رایی و مەحسوبییه‌ت، واته‌ Clientelism ،Nepotism فۆرمی په‌یوه‌ندییه‌كانی گروپی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ناو خۆیدا و له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، واتە له‌ناو ده‌زگاکانی حیزب و لەناو ده‌وڵه‌تدا دیاریده‌كات. وەلائی سیاسیی له‌م جۆره‌ سیسته‌مه‌دا لەسەر دوو کۆڵەکە وەستاوە. یەکەمیان ترس و سزادانه‌. ئەمەش لەڕێگای حیزب و دەزگاکانی بەکارھێنانی توندوتیژییەوە پیادەدەكرێت بە جۆرێک پەنابردن بۆ توندوتیژیی دەبێتە یەکێک لە خه‌سڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌کانی سیستمە سیاسییەکە. دووھەمیان پاداشت و خەڵاتکردنە له‌ناو كایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئابووریی و ئیداریی و سه‌ربازیی و رۆشنبیرییدا. لەیەکەمیاندا دوژمن و خائین بە لێشاو دروستدەکرێت و ھەوڵی لەناوبردنیان دەدرێت، لە دووھەمیاندا پاڵەوان و دڵسۆز و کەسانێک دروستدەکرێن کە بەردەوام ستایش دەکرێن و بە زیندویی پەیکەریان بۆ دروستدەکرێت. سیسته‌می سوڵتانیی سزای ھەموو نەیارەکانی مۆدێلە خێزانییەکانی دەسەڵات دەدات، پاداشت و خەڵاتی ھەموو ئەوانەش ده‌كات گوێڕایەڵن و وه‌ك غوڵامێكی سیاسیی ئامادەی بەیعەتدانێکی ئاشکرا یان ناڕوونن، بۆ سەرۆك و خێزانە سیاسییەکەی. 
ئەم دەسەڵاتە شەخسییە دەسەڵاتی تاکەکەسێک یان خێزانێک نییە کە لە شوێنێکی بچووکی سیسته‌مەکەدا جێگیربن، بە پێچەوانەوە ئەوان دەستیان لەناو ھەموو کایەکان و دەزگاکاندایە و بەشی ھەرە گەورەی میکانیزمەکانی کارکردنی ئەو کایە و دەزگایانەش ئاراستەدەکەن. ئەوەی ئەم کارەیان بۆ مەیسەردەکات نەبوونی هیچ ڕێگرێکی یاساییە کە بتوانێت سنوورێک بۆ ده‌سه‌ڵات و بڕیاری سه‌رۆك و منداڵەکانی دابنێت. یان ھیچ سیسته‌مێکی ئەخلاقیی، یان ئینتیما بۆ ئایدیۆلۆژیایەک، یان سیسته‌مێکی داوەریی سەربەخۆ، یان سوپایەکی بێلایەن ھتد.، کە بتوانن ڕێگربن لەبەردەم دەسەڵاتی ئەو خێزانە سوڵتانیانەدا. ھیچ یەکێک لەمانە یان بوونیان نییە، یان گەر ھەشبن بەجۆرێک کۆنترۆڵ و ئاراستەکراون كه‌ ناتوانن سنوور بۆ چۆنیەتی پیادەکردنی ئەو دەسەڵاتە دابنێن. بە کورتییەکەی لەم سیستمەدا كایه‌و پێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادگاکان له‌لایه‌ن خودی سه‌رۆك و خێزانه‌ سیاسییه‌كه‌وه‌ كۆنترۆڵ ده‌كرێن و بکەرە سەرەکییەکانی ناویشیان ستنیشانده‌كرێن. ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی کایەی ئابوریی و میدیا و بەشێکی گەورە و گرنگیی کۆمەڵگای مەدەنیش. به‌م چه‌شنه‌ ئەوەی لەناو سیسته‌می بیرۆکراسیی سوڵتانییدا ڕوودەدات، پەیوەندیی بە یاسا و بەھا و نۆرمە عه‌قلانییه‌كانی بیرۆکراسییەتەوە نییە، بەڵکو راسته‌وخۆ وابەستەی سایكۆلۆژیا و قازانج و خواستی ئەو دەسەڵاتە شەخسییەیە كه‌ سه‌رۆك و منداڵەکانی هه‌یانە. کەسانی نزیک لە کەسی یەکەمەوە، بە تایبەتی کەسانی ناو خێزانەکەی خۆی و ھاوڕێ و دۆستە گوێڕایه‌ڵ و ھەرە نزیکەکانی، پێگە سەرەکییەکانی ناو جیھازە بیرۆکراسییەکە و لەشکر و ئاساییش و هه‌واڵگریی و میدیا و دەزگا گرنگەکانی تری حوکمڕانیی، وەردەگرن. بەدەستھێنانی ئەو پێگانەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پلە و ڕادەی دوور و نزیکیی و گوێڕایەڵیی بۆ خێزانە سوڵتانییەکەوە ھەیە. لەم سیسته‌مەدا جگه‌ له‌ په‌رواێزێكی زۆر بچووك، ھیچ دەزگا و ناوەندێک بوونێکی سەربەخۆ و واقیعییانەی نییە لە دەرەوەی خواست و ئیرادەی خێزانه‌ سیاسییه‌كه‌وه‌ بێت؛ ھەرھەموویان بە خواست و ویستی ئه‌و بازنه‌ داخراوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ گرێدراون و بە شێوازی جیاواز بە ئابوریی و میدیا و ھێزی سەربازیی و ھەواڵگریی ئەو خێزانانەوە پەیوەستن. 
دەرەنجامێکی لۆژیكیی دروستبوون و ئیشکردنی ئه‌م فۆرمه‌ له‌ سیسته‌می سیاسیی و ئابووریی و سه‌ربازیی سوڵتانیی، ھاتنەکایەی گەندەڵییەکی گەورە و ھەمەلایەنە، سەرەتا لەناو دەزگاکانی حوکمڕانییدا و دوای ئەوەش دابەزین و ته‌شه‌نه‌كردنی بۆ ناو ڕیزەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. وه‌رگرتنی پێگه‌ی سیاسیی، ئیداریی، سه‌ربازیی، میدیایی، ئابووریی، دەرکەوتن و دەرنەکەوتنی بكه‌ره‌ سیاسیی و ئابووریی و میدیاییه‌كان، وابه‌سته‌ی توانا و لێهاتوویی كه‌سه‌كان نییه‌، به‌ڵكو وابەستەی ئاستی خزمایه‌تیی و گوێڕایه‌ڵیی ئەوانە بۆ سه‌رۆك و بکەرە خێزانییەکانی ناو سیسته‌مه‌ سوڵتانییه‌كه‌وه‌. 
بێگومان ئەو وێنە گشتییەی سەرەوە بۆ سوڵتانیزمان کێشا، ھەمان ئەو وێنەیەیە کە ماكس ڤێبه‌ر به‌”ئایدیال تایپ“، واتە بە ”نموونەیەکی ئایدیالی“ی ناویدەبات. ”ئایدیال تایپ“ وێنەیەکی گشتییە کە دەرکەوتەکانی لە واقیعدا ھەمیشە بڕێک جیاوازییان لەگەڵ وێنە گشتییەکەدا دەبێت. ئەم حاڵه‌ته‌ش وادەکات وێنە گشتییەکە لەناو رەوتە مێژوویی و ژینگە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، بە شێوازی جیاواز دەربکەوێت. وێنەی سیسته‌مە سوڵتانییەکە لەمڕۆکەی دونیای ئێمەدا وێنەی سیسته‌مێکی خێزانییە کە لە ئێستادا نەوەی دووھەمی خێزانە سیاسییەکان گەشەی پێدەدەن و ئاراستەیدەکەن. نەوەیەکی منداڵ، کە بەشی زۆریان زۆربەی ژیانیان لە دەرەوەی کوردستاندا بردۆتەسەر و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی دونیای ئێمەدا نەبووە. 
ماكس ڤێبه‌ر سوڵتانیزم به‌”فۆرمێكی توندڕه‌وی ته‌عه‌سوفیی، به‌ندنه‌كرا و كۆنترۆڵنه‌كراوی ده‌سه‌ڵاتدارێتی تاکەکەسێک“ پێناسده‌كات كه‌سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ته‌كه‌ی ترادیسیۆنه‌و له‌سه‌ر بناغه‌ی و خزمگه‌رایی و دابه‌شكردنی داهات و سامان به‌سه‌ر كه‌سه‌ نزیكه‌كانی، وه‌لائه‌تی سیاسی ئه‌م گروپانه‌ بۆ خۆی ده‌كڕێت و زامنده‌كات. ئەوەی ئێمەش ساڵانێکە بەرگری لێدەکەین ئەوەیە، کە مۆدێلی ده‌سه‌ڵات و فۆرمی دەسەڵاتدارێتی لە ھەرێمی كوردستاندا فۆرمێکی سوڵتانییە. ئەم مۆدێله‌ی ده‌سه‌ڵاتیش لەناو پارتیدا لە ھەمووان جێگیرترە و لە پارتیشەوە بۆ ناو ھێزەکانی تر گواستراوەتەوە و به‌هه‌مووشیان فۆرمێكی ده‌سه‌ڵاتدارێتی سوڵتانییان بنیاتناوه‌. ئەوەی له‌كۆمه‌ڵگای سیاسیی ئێمەدا ھەیە لە چەند ڕوویەکەوە لەو مۆدێلە ئایدیالییە جیاوازە کە ماکس ڤێبەر باسیدەکات. له‌كۆمه‌ڵگای ئێمەدا سیسته‌مە سوڵتانییەکە پشتی بە حیزبێکی لینینی گەورە، بە چەندان دەزگای میدیایی ئاراستەکراو، بە ھێزی چەکداریی تایبەت و بە مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی ئابوریی نەوت و بە فۆرمێک لە ھەڵبژاردن بەستوە كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی پێشوه‌خت ده‌سنیشانكراوه‌. ئەم مۆدێلەش لە واقیعی ئێمەدا وێنەی دەسەڵاتێکی خێزانی وەرگرتوە، کە سه‌رۆك تیایدا پاترۆنێکی سیاسییه‌و ده‌سه‌ڵات تیایدا لە باوکەوە بۆ کوڕ، یان بۆ نێرەکانی تری ناو ھەمان خێزان دەگواسترێتەوە و لەوانیشەوە بۆ نەوەکانی تری ناو ھەمان خێزان و خزم و هاوڕێكانیان. بەبێ ئابوریی نەوت و بەبێ ئەو تێکەڵکرنە ھەمەلایەن و ترسناکەی سیاسەت و ئابوریی بەیەکتری، ئەگەری ژیانی ئەم سیستمە بەم شێوەیەی ئەمڕۆکەی گەورەنەدەبوو. 
وەک وتمان ئەوەی ئەمڕۆ لەناو کایەی سیاسیی ھەرێمدا ڕوودەدات پرۆسه‌ی جێگرتنەوەی تەواوی منداڵە سیاسییەکانە بۆ باوکە سیاسییەکان. ئەمە ھەم لەناو خێزانە سیاسییەکاندا ڕوودەدات و ھەم لەناو سەرکردایەتی ھێزەکانیشدا. نەوە کۆنەکان کەنارگیردەکرێن و شوێنیان بەو منداڵانە دەگیرێتەوە کە لەناو خێزانە سیاسییەکانەوە بۆ ترۆپکی دەسەڵاتی سیاسیی بازدەدەن. ئەم فۆرمە لە جێگۆڕکێکی دەسەڵات دیسانەوە سەرەتا لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا دروستبوو، له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیشدا وه‌ك مۆدێلێك له‌ژیانی سیاسیی ئێمەدا چەسپی. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە ئەم مۆدێلە ھەنگاو بە ھەنگاو، بەڵام بەشێوەیەکی سیستماتیکیی، بۆ ناو یەکێتی نیشتیمانی كوردستان گواسترایەوە. 
مێژووی ئه‌زموونی به‌سوڵتانییكردنی ده‌سه‌ڵات لەناو یەکێتیدا پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزترە تا له‌ناو مۆدێله‌كه‌ی پارتیدا، چونكە تا ئەم ساتەش لەناو یەکێتیدا زیاد لە خێزانێکی سیاسیی ئامادەیە و لە دوای كۆچی دوایی تاڵه‌بانیشەوە بە ئاشکرا، سێ خێزانی سه‌ره‌كیی سیاسیی دەبینین كه‌ جڵەوی ئەم ھێزەیان لەدەستە و چه‌ندین ته‌كه‌تولیان له‌ناو ده‌زگای حیزب و میدیا و ئابووریی و هێزی چه‌كداردا دروستکردوە. ئەو خێزانانەش بریتین لە خێزانی تاڵەبانیی و خێزانی ئیبراھیم ئەحمەد و خێزانی کۆسرەت ڕەسوڵ. ھەریەکێک لەم خێزانانە، بە تەماحێکی سوڵتانییەوە، ھەم لەگەڵ یەکتردا و ھەم لەگەڵ خێزانە سیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتیدا، له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی داهات و سێنتەرەکانی دەسەڵات، لە ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و ئابووریی و ئیداریی و سه‌ربازییه‌وه‌ بیگرە بۆ دەسەڵاتی میدیایی، له‌ ململانێدان. 
ئەوەی لەم ساتەدا تازەیە دروستبوونی ھەمان دیاردەی خێزانی سیاسییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. ھەمووان دەزانن یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌تكردنه‌وه‌ی مۆدێلی تەوریسی سیاسیی و پرسی بەخێزانیکردنی دەسەڵات بوو، به‌ڵام هه‌ر لە دوای تاپۆکردنی سەرجەمی موڵک و ماڵی ئەم بزوتنەوەیە لەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، ئیتر په‌تای سوڵتانیزمی سیاسیی ئه‌م حیزبه‌شی گرته‌وه‌. له‌مڕۆدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌خێراییه‌كی سەرنجڕاكێش به‌ره‌و ته‌وریسی ڕاستەوخۆی سیاسیی و دروستبوونی خێزانێکی سوڵتانیی نوێ هه‌نگاوده‌نێت. 
بزوتنەوەی گۆڕان یه‌كێك بوو له‌و ھێزە کاریگەرانەی کە بەگژ سوڵتانیزمی سیاسییدا دەچووەوە و دژ به‌تێكەڵكردنی ویراسه‌ت و سیاسه‌ت و ئابووریی و حیزب بوو بەیەکتری، کەچی خۆی له‌ئێستادا بە ھەردوو پێوە لەناو ھەمان مۆدێلی سوڵتانیزمی سیاسییدا جێگیرە. هه‌روه‌كو چۆن كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌ی داهات و لەوێشەوە میدیا یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌ سەره‌كییه‌كانی به‌خێزانییكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ناو دوو حیزبه‌ سیاسییه‌ باڵادەستەکەی ھەرێمدا، ئاوهاش ته‌ملیككردنی داهات له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا بوو به‌وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ی سیاسیی بۆ بەھێزکردنی پێگەی سیاسیی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لەناو ئەو بزوتنەیەدا و ھاتنەکایەی پرۆسه‌ی سوڵتانیزمی سیاسیی له‌ناو ئه‌و رێكخراوەدا. 
له‌ناو جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێشدا پرۆسه‌ی به‌خێزانییبونی ده‌سه‌ڵات ھەم ئامادەیە و ھەم ئه‌گه‌رێكی كراوه‌و بەھێزە، خودی شاسوار عه‌بدولواحید خۆشی وه‌كو سوڵتانێكی نیولیبرال له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌ی و ئه‌ندامه‌كانی و ده‌زگاكانی هه‌ڵسوكەوت ده‌كات، چونكه‌ سه‌رچاوه‌كانی داهات و میدیا موڵكی شەخسی خۆیه‌تی و ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خۆی و هه‌ندێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانیەوە ئیداره‌ی میدیا و سامانی جوڵاندنەوەکەی ده‌درێت.
بە کورتی ئەمڕۆکە سوڵتانیزمی سیاسیی مۆدێلی بێڕکابەری سیاسیی ھەرێمە. ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە لە ساڵانی داھاتوودا چاوەڕوانی دەکات بریتییە لە دەرەنجامە کارەساتاوییەکانی ململانێ و بەریەککەوتنی منداڵی خێزانە سیاسییەکان لەناو خۆیاندا و لەگەڵ یەکتردا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×