حیکایەتی پەرلەمان‌و بنەماڵەکان

مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح
  2020-01-31     399
به‌‌شی دووهه‌م
با لەو خاڵەوە دەستپێبکەین کە ھیچ شتێک لە ھەرێمی کوردستاندا سیسته‌‌می سیاسیی ناباتەوە سەر سیستەمی پەرلەمانیی؛ پەرلەمان خۆشی دەزگایەک نییە لانی ھەرەکەمی مەرجەکانی پەرلەمانێکی سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵات و خاوەن توانای لێپرسینەوە و هه‌یبه‌تی سیاسیی و ڕێزی کۆمەڵایەتیی تێدابێت. ئەو پەرلەمانەی لە ھەرێمدا ھەیە نەک تەنھا نوێنەرایەتی کۆمەڵگا ناکات، بەڵکو نوێنه‌ری کایە سیاسییەکە خۆشی نییە، چونکە کەسە بەھێز و ھەڵقە سه‌ره‌كیی و سێنتەرە گرنگه‌كانی دەسەڵات و بڕیاردان لە ھەرێمدا نه‌ك هه‌ر لەناو پەرلەماندا نین، به‌ڵكو لە ڕاستیدا لەناو حکومەتیشدا نین. ئەمە وایکردوە پەرلەمانی ھەرێم، بەتایبەتی لەم خولەدا، بە کردەوە بگۆڕێت بە شوێنی بەخشینی ڕەوایەتیی بەو ھەڵقە سەرەکییانەی دەسەڵات کە لە دەرەوەی ھەڵقە ڕەسمییەکانی دەسەڵاتدان و لەناو ڕووبەری چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسیدا جێگیرە.

ئەم دۆخە نوێیه‌ی په‌رله‌مان و كایه‌ی سیاسیی له‌ هه‌رێمدا ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە سادەیەن کە زۆرینه‌ی حیزبه‌ سیاسییه‌كانی ھەرێم بە کردەوە بوون به‌ ”حیزبی بنه‌ماڵه‌یی“ و سیسته‌مە سیاسییەکە خۆشی بە کردەوە گۆڕاوە بۆ ”سیسته‌مێكی بنه‌ماڵه‌یی“ لە فۆرمی سوڵتانیزمی سیاسییدا. ئەگەر سوڵتانیزمی سیاسیی تا چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەگەرێکی سەرەکیی و بەھێزی ناو مۆدێلی حوکمڕانیی ھەرێم بووبێت، ئەوا لە پاش مەرگی نەوشیروان مستەفا و تاپۆكردنی موڵک و سامانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ کوڕەکانی و له‌دوای دواھەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیشه‌وه‌، ئەم سیسته‌مە سوڵتانییە بە کردەوە بووە بە سیسته‌می حیزبیی باڵادەست و بە فۆرمی حوکمڕانی چەسپاو لە ھەرێمدا. ھەر سێ پارتە سەرەکییەکەی ھەرێم، پارتی و یەکێتی و گۆڕان، بە پلە و ڕادەی جیاواز حیزبی سێ بنەماڵەی سیاسیین، ئەو سیاسەت و ستراتیژانەشی کە ئەم ھێزانە دەجوڵێنێت، به‌رژه‌وه‌ندیی و ویست و خەون و تەماح و ھێزی سەربازیی و ئابوریی و میدیایی خێزانە سیاسییەکانە. ئەو بەرگریییە سیاسیی و فیکریی و ئەخلاقییەی ساڵانێک لەمەوبەر بەرامبەر بە پرۆسەی ته‌وریسی سیاسیی و بەخێزانیبوونی ده‌سه‌ڵات و بەسوڵتانیبوونی دەسەڵاتدرێتیی لە ھەرێمدا ھەبوو، لە ئێستادا بوونی نەماوە، یان تەواو لاوازبووە و کەوتۆتە پەراوێزەوە. ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا له‌ناو کایەی سیاسییدا ڕوویدا، پرۆسەی چەسپاندنی تەواوه‌تیی بەخێزانیکردنی دەسەڵات و به‌بنه‌ماڵه‌ییكردنی حیزب و بەخێزانیکردنی بەشێکی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی دەزگا سەرەکییەکانی ژیانی سیاسیی و ئابوریی و میدیایی و سەربازیی و ئەمنیی، ئەو کۆمەڵگایەیە.

ئەو پێدراوە سادانە نیشانمان ئەدەن، سەرەڕای بوونی پەرلەمان و ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمان، بەڵام سیسته‌می سیاسیی له‌ ھەرێمدا ھیچ شتێک نایباتەوە ناو سیسته‌می په‌رله‌مانیی و، بنه‌ما و رێسا ھەرە سەرەتاییەكانی دیموكراسیی و حوکمڕانییەکی باش و بەرپرسیاری تێدا په‌یڕه‌وناكرێت. جاران سێنتەری سەرەکیی سیستمە سیاسییەکە سەرۆکێک بوو کە ھەمەدەسەڵات و بێچاودێریی بوو، ئێستا لە بری ئەو سەرۆکە بارەگایەکی ناڕەسمیی بوونی ھەیە، کە بارەگای بارزانییە و، هه‌رچی بڕیارە گەورە و چارەنووسسازەکان هه‌یه‌ بەناو ژووری ئەو بارەگایەدا تێدەپەڕێت و لە لایەن باوک و کوڕ و ئامۆزایەکەوە له‌ناو ده‌زگاكانی حوكمڕانیی هه‌رێمدا ئاراسته‌ و پیاده‌كرێن. ئەگەر لە خولەکانی پێشودا پەرلەمان تیپی چوارھەم و پێنجەمی دەسەڵات بووبێت، ئه‌وا لەم خولەدا و دوای چەسپاندنی تەواوەتی دەسەڵاتی خێزانیی، پەرلەمان لەوە کەوتوە ھەڵقەیەک لە ھەڵقەکانی دەسەڵات بێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک موچەخۆری بێدەسەڵات، کە زۆرینەی ڕه‌هایان خەریکی پیادەکردنی ئەو ئەمر و نەھییە سیاسییانەن کە لە کرۆکە داخراوەکەی دەسەڵات و بازنه‌ ته‌سكه‌كه‌ی خێزانه‌ سیاسییه‌كانەوە بۆیان دێت.
لە ڕاستییدا پەرلەمان لەم خولەدا گۆڕاوە بۆ لاوازترین و بێكه‌ڵكترین ده‌زگای سیاسیی ناو ھەرێم. لەڕووی ئەخلاقیشەوە ئەم ده‌زگایە بووە به‌ شوێنی نەفرەتی زۆرینەی ڕەھای دانیشتوانی ھەرێم. بڕێکی زۆریش لە پەرلەمانتارەکان خۆشیان کەسانی ڕیزەکانی خوارەوەی حیزبن کە پەرلەمان ته‌نها وەک وێستگەیه‌ك دەبینن و مامەڵەدەکەن بۆ سەرکەوتنیان بە پلە حیزبییەکانی ناو سیستمە خێزانییەکەی خۆیان. ئەم دۆخە پەرلەمان و پێگه‌ی په‌رله‌مانتارانی بەجۆرێک سوک کردوە، كه‌ زۆرینەی خەڵک پەرلەمانتاران وەک نوێنەری گیرفان و قازانجی شەخسی خۆیان وێنادەکرێن، نەک نوێنەری کۆمەڵگاکەیان. ئەمە ھاوشان بەو ڕاستییەی کە سەرجەم پەرلەمانتارەکان، لە باشترین دۆخدا، تەنھا نوێنەرایەتی نزیکەی ٣٠% کۆمەڵگاکە دەکەن، بۆیه‌ ئه‌و له‌ ٧٠% یه‌ی خەڵک كه‌ ده‌نگیان نه‌دا، ئەگەر نەفرەتیشیان لێنەکەن، ئەوا وەک نوێنەری خۆیان نایانبینن و ھیچ متمانیه‌کیشیان پێیان نییه‌.

ئێمه‌ ساڵانێكە له‌ چه‌ندان وتار و چاوپێكه‌وتندا باسمان له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سیسته‌می سیاسیی هه‌رێم كردووه‌ و پێمان له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ تاڵه‌ داگرتووه‌ كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ڕۆژی دروستبوونییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیكی و مه‌ترسییدار بێبه‌هاده‌كرێت. هه‌یبه‌ت و توانای چاودێریی و كاریگه‌رییەکانی ئەم دەزگایە به‌ شێوه‌یه‌كی ستراتیژیی، نه‌ك تەنھا لاواز ده‌كرێت، به‌ڵكو تا ئاستی گاڵته‌جاڕیی نابوودده‌كرێت. چ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و چ حیزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی كۆن و نوێش نه‌یانویست كولتووری كاندید و تایبەتمەندیی په‌رله‌مانتار به‌و شێوەیە دابڕێژن كه‌ په‌رله‌مان بكاتە شوێنی ململانێی نێوان كه‌سانی یه‌كه‌می حیزبه‌ سیاسییه‌كان، ھەروەھا نەیانھێشت ھەڵقە سەرەکییەکانی دەسەڵات لەناو کایەی سیاسییدا بۆ ناو ده‌زگای پەرلەمان بگوازرێنەوە و لەوێدا کار و ململانێی سیاسیی خۆیان بکەن. لە بری ئەمە ئەم ھێزانە کولتووری دروستکردنی پەرلەمانتاریان وەک موچەخۆری خاوەن وەلائه‌ت بۆ خێزانه‌ سیاسییه‌كان و وەک کەسی لاوەکیی و پەراوێزی ناو سیستمە سیاسییەکە و وەک کەسانێک کە دوای قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی شەخسیی خۆیان کەوتون، دروستکرد.

ئەم یارییە ناشیرینە وایکرد په‌رله‌مان به‌ لۆژیكی پارتی و یه‌كێتی و ھێزەکانی تر، له‌ ئۆفیسی سه‌رۆكه‌كان و لە ژووری ئەندامانی بنەماڵە و ماڵی کەسانی ناو ھەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسییەکان و باڵە ڕەسمیی و ناڕەسمییەکانی ناو حیزبەوە، ئاراسته‌بكرێت. ھەروەھا واشیکرد پەرلەمان لەباتی ئەوەی خەریکی کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگابێت و دەسەڵاتی ئەوەی ھەبێت لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بڕیاربدات، بوو بە بەشێک لەو مەقاشە درێژە کە ئەو خێزانە سوڵتانییانە و کەسەکانی ڕیزی یەکەمی حیزب بەدەستیانەوەیە و لەڕێگای ئەو مەقاشەشەوە دەستی خۆیان بۆ ناو زۆرێک لە دەزگاکان و کایەکان و خانەکان درێژدەکەن.

ئەگەر پەرلەمان لە چەند خولێک لە خولەکانی ڕابردوویدا ھەندێک جار بۆ ئاستی پەراوێزێک بەرزبووبێتەوە کە ساتەوەختی کۆنترۆڵنەکردن و سەربەخۆبوونێكی ڕێژه‌یی تێدابووبێت و توانیبێتی لەدەست سێنتەرە سەرەکییەکانی دەسەڵات ڕزگاریبێت و جۆرێک لە تەحەدا بەرامبەر بە خواستی خێزانه‌ سیاسییەکان نیشانبدات، یاخود سەرقاڵی بڕیار و پرۆژەیەک بووبێت لە دەرەوەی لۆژیکی ئەو خێزانە سیاسییانەدا، ئەوا لە ئێستادا ھەموو ئەو توانایانەی لەدەستداوە و خودی پەراوێزبوونەکەشی بەشێوەیەکی ھەمەلایەن کۆنترۆڵ کراوە. پەرلەمان بووە بە ڕووبەرێکی دەزگایی ئیفلیج و دەستە دەرەکییەکانی دەرەوەی پەرلەمان، چییان بوێت و چۆنیان بوێت بەو شێوەیە دەیجوڵێنن.

بۆیه‌ به‌ بۆچوونی ئێمه‌ ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانەکەی ھەرێمدا ڕوودەدات چاکسازیی نییە بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە، ھەوڵدان نییە بۆ گۆڕینی کۆڵەکە و بونیادە سەرەکییەکانی ئەو حوکمڕانییە سوڵتانییه‌ی لە نزیکەی سێ دەیەدا دروستکراوە و بەرپرسیارە لە سەرجەم دزیی و گەندەڵیی و نادادپەروەریی و قەیرانە گەورەکانی ئەو سیسته‌مە. ھەروەھا سەرەتایەکی تازەش نییە بۆ فۆرمێکی نوێ لە دەسەڵات کە تیایدا توانای چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بەیاساییکردنی پراکتیک و بڕیارەکان جێبەجێبکرێن. ئەوەی ڕوودەدات تلدانی سیسته‌مە سیاسییەکەیە لەناو قوڕ و لیتەکەی خۆیدا و دۆزینەوەی شەرعییەتە بۆ ئەم تلدانە لەناو پەرلەمان خۆیدا. ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ ڕووده‌دات، خۆته‌كاندن و خۆپاككردنه‌وه‌ی سیاسیی باڵێکی نوێی ده‌سه‌ڵاته‌ لەناو ته‌پوتۆز و پاشەڕۆکانی كابینه‌کانی پێشووتردا.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×