کێشەی کەرکوک‌و پارێزگارێکی کورد

حاكم شێخ له‌تیف
  2019-06-04     1178
کێشەی کەرکوک تەنھا بەدانانی پارێزگارێکی کورد چارەسەر نابێت، بەتایبەتی ئەگەر لەسەر ھەمان تایپ و عەقڵێەتی ئەم سیاسیە تەقلیدیانە بێت و درێژەپێدەری ھەمان مۆدێلی حوکمڕانی و سیاسی بێت کە لەدوای ڕاپەڕینەوە لەکوردستان پەیڕەو دەکرێت و لەدوای ٢٠٠٣ شەوە گوازرایەوە بۆ کەرکوک، ئەم شێوازە کە نەیتوانیوە حوکمڕانی ھاوڵاتی بێت بۆتە ھۆی پەرتەوازەیی تەنانەت خودی کورد و ئەگەر ڕاپرسی یان دەنگدانێکێ ئازاد ھەبێت سەدی حەفتا بەرەو ژوور ئەم حوکمڕانیە ڕەت دەکەنەوە، ئیتر چۆن بتوانێ سیستەمێکی ڕاکێشەرو جەزاب بێت بۆ غەیرە کورد.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ کورد بەشدارێکی چالاک و کاریگەری دانانی دەستورو دامو دەزگا فیدرالیەکانی عێراق بوو ،بە پاڵپشتی ئەمریکا توانی دەستورێکی باش و مۆدێرن بۆ عێراق دابنێ و تاڕادەیەک زۆرێک لە مافەکانی کوردیشی تێدا جێگیر کرا و گەرەنتی دەستوریشی بۆ دانا، بەڵام چونکە حوکمڕانانی ھەرێم باوەڕیان بە حوکمی دەستورو قانون نەبو ڕۆژێک لە ڕۆژان فشاریان نەکرد بۆ ئەوەی ئەو دەستورە جێبەجێ بکرێت و عێراق ببێتە دەوڵەتێکی دەستوری، رۆژێک لە ڕۆژانیش پەنایان نەبردە بەر گرەنتیە دەستوری و یاساییەکان ،بەڵکو ھەمیشە پەنایان دەبردە بەر ڕێککەوتننامەی ژێر بەژێر لەسەر حیسابی دەستور ،سەرەنجام ئەو دەستورە باشەو ھەموو گرەنتیە دەستوریەکان سودێکیان نەبوو بۆکورد.

کارکردن بەھەمان عەقڵیەتی خێڵەکی ونایاسایی لەناوچە جێناکۆکەکان سەرەڕای ئەوەی بوە ھۆی ناڕازی بونو توڕەبونی پێکھاتە غەیرە کوردیەکان بوە ھۆی بێزرانی کوردو حوکمڕانێتی کوردیش لای ئەوان کە ئاسان نیە جارێکی تر بە ئاسانی قەنەعەت بکەنەوەو ھەموە شتێک دەکەن بۆ دوبارە نە بونەوەی، ھەروەھا ئەو جۆرە حوکمڕانێتیە عەشایەریە بەدەر لەیاسایە ھەر ئەوەی لێ چاوەڕاوە دەکرێت کە لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەر ڕویدا،ڕاکردنو چۆڵکردنی ساحەکەو بەزین چونکە ئەو جۆرە حوکمە ناتوانێ لە جەوێکی تردا بژی یان ھەمووی یان ھیچ لەکاتێکدا مەسافەیەکی زۆر ھەیە لەنێوان ھە موی و ھیچدا .

بۆیە دەبێ ئەمجارە مۆدێلی حوکمڕانی کوردی لەو ناوچانە بگۆڕدرێت ،کەسێک ببێتە پارێزگار کە بڕوای بەحوکمی قانون ھەبێت،حوکمڕانی کورد بکاتە حوکمێکی مەدەنی لەسەر بنەمایەکی پتەوی یاسایی و دەستوری و مافی ھاوڵاتی و یەکسانی ھەموان لەبەردەم یاسادا و سود بینین لەو ھەموو گرەنتیە دەستوری و یاساییانەی لەدەستورو یاساکاندا ھەن.

ئەگەر وانەبێت و بڕیار بدەن ھەمان ئەو دەمو چاوە حیزبیانە دابنێن کە ناویان دێت، ئەوا پاریزگار ھەر نەبێ باشترە چونکە ئەو جۆرە عەقڵیەتە لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەرو گۆڕانی باڵانسی ھێز نەک ھیچی پێناکرێ بەڵکو دەبێتە مەسخەرەش لەبەردەم شەڕە قانونی و واقیعیەکانی نوێنەرانی عەرەب و تورکمان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×