سیاسیەکان شکستی خۆیان دەخەنە پاڵ سیستمی پەرلەمانی

حاكم شێخ له‌تیف
  2019-11-01     911
سیاسیەکانی عێراق بۆ شاردنەوەی شکستی خۆیان‌و ڕاکردن لەبەرپرسیارێتی‌و ئەو بارودۆخە خراپەی خوڵقاندویانە، دەڵێن ھۆکاری ئەم دۆخە سیستەمی پەرلەمانیە.

لەڕاستیدا سیستەمی پەرلەمانی یەکێکە لەباشترین سیستەمە سیاسیەکانی جیھان ولە وڵاتە پێشکەوتوەکانی وەک ئینگلتەراو ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو یابان‌و ھەروەھا وڵاتە نیمچە پێشەکەوتوەکانی وەک ھیندستان و پاکستان و میسری پاشایەتی و چەندەھا دەوڵەتی تری پێشکەوتو پاشکەوتو سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە،ئێمەش لە عێراق ئەزمونێکی سەرکەوتومان لەگەڵ ئەو سیستەمە ھەیە لە سەردەمی پاشایەتی لە نێوان ساڵانی ١٩٢٥ تاساڵی ١٩٥٨ و ئەگەر کۆدێتای بەسەردا نەکرایە و بەردەوام بوایە ئێستا عێراق لە ڕیزی وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیھان دەبوو
تەنانەت ئەم سیستەمە لەم دەستورەی ئێستای عێراقیش سەرکەوتو بوە لەبنیادنانی سیستەمێکی دیموکراتی سەرکەوتو کە لەناوچەکەدا بێ وێنەیە.

بەڵام ئەوەی ئەم سیستەمەی ناشیرین کردوەو بەرچاوی خەڵکی عێراقی خستوە ،پێک ھێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکانە لەدەرەوەی دەقەکانی دەستورو لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی و تایەفی کەلە ئەنجامدا بۆتە ھۆێ نەمانی لێپرسینەوەو گەندەڵیەکی گەورەی لێ کەوتۆتەوە. 

بۆیە ھۆکاری شکستی ئەم سیستەمە نەدەستورەو نەسیستەمە سیسیەکەیەتی بەڵکو ھۆکارەکەی ئەو سیاسەتمەدارانەن کە دەرکەوت پیاوی دەوڵەت نین‌و لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە تا ئێستا دەسەڵات و پۆستەکان وەک غەنیمە سەیر دەکەن و بەسەر خۆیان كادێرو ئەندامان‌و دارو دەستەکانیاندا بە شێوەی پشکپشکێنە دابەشیان دەکەن و پۆستەکان بۆ بازگانی و بزنسی خۆیان و حیزبەکانیان بەکاردێنن و ڕێگریش دەکەن لەلێپرسینەوەیان ودەشیان پارێزن لە بەدواداچون و لێپرسینەوە بۆ شاردنەوەی ھۆکاری ڕاستەقینەی شکستەکەو ھەڵخەڵەتاندنی خەڵک دەیخەنە پاڵ دەستورو سیستەمە سیاسیە پەرلەمانیەکەی. 

چارەسەری کێشەکانی عێراق ھاتنە دواوەی ھەندی لەو سیاسیانەیەو ڕێخۆشکردن بۆ ماوەیەکی دیاری کراو بۆ کەسانی شارەزا لە دەستورو دەوڵەتداری و کارگێڕی و بواریان پێ بدرێ تاوەکو دامو دەزگاکانی دەوڵەت بخەنەوە سەر سکەی کارکردنی خۆیان و گێڕانەوەی پرەنسیپ و میکانیزمەکانی لێپرسینەوەو لێپێچینەوەو بەگژاچونەوەی گەندەڵی تەنھا بەوە چارەسەری کێشەکە دەکرێ نەک بە گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×