سیاسەتوانانی باشور ئامۆژگاری ڕۆژئاڤا دەکەن

حاكم شێخ له‌تیف
  2018-12-21     2257

ساڵی پار ئێران‌و عێراق بەپاڵپشتی تورکیاش هێڕشیانکردە سەر باشوری کوردستان‌و لەسەداپەنجای خاکەکەیان لەدەست دەرهێنا بێ ئەوەی تۆزقاڵێک ڕای گشتی جیهانی بجوڵێت، چونکە ئەو وڵاتانەی پشتگیری باشوریان دەکرد بێزاربون لەم مۆدێلی سیاسەت‌و بەڕێوەبردنە. 

 

بەڵام لەڕۆژئاڤا جارێ هیچ نەبووە، تەنها بڕیارێکی سەرپێی ترەمپە سۆر (بەگوتەی کاکەی مەخموری) دەرچوە یەک دنیا ناڕەزایی ناخۆی ئەمریکاو جیهانی لێکەوتۆتەوە: 

 

۱ـ سیناتی ئەمریکی هاتۆتە سەرخەت‌و بیر لەپڕۆژە یاسایەک دەکرێتەوە بۆ پوچەڵکردنەوی بڕیارەکە. 

 

۲ـوەزیری بەرگری دەستی لەکارکێشایەوە، لەکاتێکدا هیچ بەرپرسێکی ڕەسمی باشور نەلەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم‌و چلەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ نەیانوێرا هەڵوێستیکی زارەکیش دەرببڕن. 

 

۳ـ فەڕەنساو هۆڵەنداو بەریتانیاو چەندین وڵاتی تر ناڕەزاییان دەربڕیوە. 

 

٤ـ هەر لەبەر ئەو کاریگەریانە ئەردۆغان بڕیاری دواخستنی ئۆپەرسیۆنەکەی ڕاگەیاند. 

 

٥ـ هاوسۆزیەکی جیهانی زۆر بۆ ستاتێۆی ڕۆژئاڤا دروستبوە کە دڵنیام کاریگەریی لەسەر بڕیارەکە دەبێت. ئەوە دەرەنجامی قوربانی‌و کاری پرۆفیشناڵی‌و لێهاتویی‌و دڵسۆزی خۆیانە توانیویانە سۆزی جیهان بەدەستبهێنن، سەرەڕای ئەوە ڕۆژئاڤا کە شۆڕشەکەیان کرد بەپشتگیری ئەمریکا نەیانکرد تاوەکو بەڕۆیشتنی ئەمریکا قەڵەمی دەست‌و قاچیان بشکێ، شۆڕشی ئەوان شۆڕشێکی فیکری‌و بونیادنانی مرۆڤە، ئاشبەتاڵ لەمەزەبیا نیە. 

 

بۆیە ڕۆژئاڤا ئەوەنده‌ بێهێز نیەو ئەوەندەش دەستەوەستان نیە سیاسیە شکستخواردوەکان ئامۆژگاری بکەن یان فرمێسکی بۆ هەڵڕیژن، ئەگەر بۆتان دەکرێت یارمەتی پارەو چەک‌و خواردن‌و هاوکای لۆجستیان بدەن، ئەگەر نا پێویستیان بەوەعزو ئامۆژگاری نیە، کەچەڵ حەکیم بوایە دەرمانی سەری خۆی دەکرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×