ئەنجومەنی دادوەری‌و نیودەرزەن سەرپێچی تەنھا لەدو فەرماندا

حاكم شێخ له‌تیف
  2019-10-08     1084

بەگوێرەی مادەی ٥٠/ دوەم لەیاسای دەسەڵاتی دادوەری ھەرێم ژمارە ٢٣ ساڵی ٢٠٠٧، دەشێ دادوەر ئینتیداب بکرێ بۆ دەرەوەی ئەنجومەنی دادوەری بۆ ماوەی ٣ساڵ‌و دەشێت بۆ یەک ساڵی تر ماوەی ئینتیدابەکەی بەبڕیاری ئەنجومەنی دادوەری بۆ درێژ بکرێتەوە، بەڵام سەیری ئەم بابەتەی خوارەوە بکەن:

١- ئەنجومەنی دادوەری بەفەرمانیان ژمارە ٧٠٥ لە بەرواری ٢٩/١٠/٢٠١٥ بڕیاریانداوە بە ئینتیداب کردنی دادوەر بەڕێز شاکر شریف حسن بۆ سەرۆکی دادگای تەمیزی سەربازی ھەرێم بێ ئەوەی ھیچ ماوەیەک دیاری بکەن«سەرپێچی یەکەم».

٢- وەک وتمان ماوەی ئینتیدابی دادوەر سێ ساڵە دەشێ لەکۆتایی ئەو ماوەیە تەنھا یەک ساڵی تر درێژ بکرێتەوە،بەڵام لەبەرئەوەی ئەنجومەن ھەر لەبنەڕەتدا ماوەی بۆ دیاری نەکردوە،لەبەرواری٢٩/١٠/٢٠١٨ کە کۆتایی سێ ساڵەکەیەو پێویست بوو ئەنجومەن بڕیارێک بدات ،ھیچ بڕیارێکی نەداوە«سەرپێچی دوەم».

٣- دادوەر شاکر بەردەوام بوە لەکارەکەی بێ ھیچ پاڵپشتێکی یاسایی تاوەکو ئەنجومەنی وەزیران «کە دەسەڵاتی جێبەجێ کردنەو ھیچ پەیوەندی بەدەسەڵاتی دادوەریەوە نیە » ئەو زیاتر خەمی ئەو کارە نایاساییەی زیاتر بوەو درکی پێکردوە بەنوسراوی ژمار ٤٠٢ لەبەرواری ٣/٧/٢٠١٩ ئاگاداری ئەنجومەنی دادوەری کردۆتەوە سەبارەت بەو سەرپێچیە یاساییە،و پرسیویەتی بۆچی ئەنجومەن لەکۆتایی ماوەی ئینتیدابەکە ھیچ بڕیارێکی نەداوە.

٤- لەبەرواری ٢٦/٨/٢٠١٩ وەک بە پیرەوە ھاتن بۆ نوسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجومەنی دادوەری فەرمانی ژمارە ٥٢٤ی دەرکردوە و بڕیار دەدات بە درێژ کردنەوەی ماوەی ئینتیدابەکە بۆ دووساڵ و بەئەسەری ڕەجعی لە بەرواری ٢٨/١٠/٢٠١٨ ەوە ،«سەرپێچی سێیەم »دوو ساڵی بۆ درێژ کردۆتەوە لە کاتێکدا ئەو دەسەڵاتی تەنھا یەک ساڵە.

«سەرپێچی چوارەم »بە ئەسەری ڕەجعی کردویەتی کە ئەوەش لەدەسەڵاتی ئەو نیەو ماوەکان لە یاسادا بە قودسیەتیان ھەیەو بە تێپەڕینیان ناگەڕێنەوە.

٥- دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەئاست ئەم سەرپێچیە زەقە دوبارە دێتەوە دەنگ و بە نوسراوی ژمارە ٦٦٤٥ لەبەرواری ٢٤/٩/٢٠١٩ جارێکی تر ئاگاداری ئەنجومەنی دادوەری دەکاتەوە کە بەچی یاساو دەسەڵاتێک ماوەکەی بۆ دوو ساڵ دڕێژ كڕاوەتەوەو بەئەسەری ڕەجعیش، کەچی ئەنجومەنی دادوەری بۆ پاساو ھێنانەوە بۆ کارەکەی دەڵێ بۆشەرعیەت دان بەکارەکەی وەک « واقیع حال» کردومانە.

«سەرپێچی شەشەم »ماوەکان جانبی شەکلین لەیاساو بەتێپەڕینیان نەئەنجومەن و نەغەیری ئەنجومەنی کەس ناتوانێ شەرعیەتیان بۆ بگێڕێتەوە.

«سەرپێچی حەوتەم »دەپرسین بەڕێز ئەنجومەنی دادوەری «واقع حال» لەکوێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری و تەنانەت خزمەتی شارستانیشدا ھەیە ،ھەموو ئەو کەیسانەی ئەو بەڕێزە بینیونی وەک سەرۆکی دادگای پێداچونەوە لە بەرواری ٢٨//١٠/٢٠١٨ ھەمویان لە ڕوی یاساییەوە پوچەڵن و بەرپرسیارێتی جەزائیش و مەدەنیشی دەکەوێتە ئەستۆ ئەگەر یەکێک زەرەرمەند بوبێت و سکاڵا بکات یان داواکاری گشتی سکاڵا بکات لەویش و لە ئەنجومەنی دادوەریش چونکە لە جیھەتێک دەرچوون کە ئیختیساسی نەبوە یان نەیماوە.

جا ھەر ھەر ئەو بەڕێزەی لەناو ئەنجومەنی دادوەری ئەم نوسراوانەی بۆ ناردوم « بەسوپاسەوە» ناویشی پارێزراوە ،پێی ڕاگەیاندم کە ئەنجومەنی وەزیران نوسراوێکی تری ئاراستەی ئەنجومەمی دادوەری کردوە و ئاگاداری کردون کە پێویستە لە ٢٨/١٠/٢٠١٩ ئینتیدابی ناوبراو کۆتایی پێ بھێنرێ ئەگەر نا ئێمە پابەندی شایستە داراییەکانی نابین.

ئەوە لەکاتێکدایە کە دەبێ ئەنجومەنی دادوەری شوێنی پیادەکردنی یاسا بێت‌و لایەنەکانی تر حیسابی بۆ بکەن، من لەگەڵ ئەم نوسینە ھەمو بەڵگەکان بڵاودەکەمەوە.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×