دوبارە لەسەر کارنامە وەزارییەکە

حاكم شێخ له‌تیف
  2019-07-11     1186

من وتومەو ئێستاش دەیڵێمەوەو دەشی سەلمێنم کە وتومە کارنامەکە وەک تێۆری یان وەک نوسین لەچاو ئەوانەی پێش خۆی ( نەموتوە بە ستانداردی جیھانی سیستەمی سیاسی و پەرلەمانی) باشترینە ئەمەم وەک نیمچە پسپۆڕێکی بوارەکە وتوە ، وتوشمە قسە ھیچ نیەو ھەموو کەس پێی دەوێرێ، گرنگ جێبەجێ کردنە کەچی بەداخەوە کۆمەڵێک نوسەری بەڕێز کە زیاتر ئەوانەن ھاوسۆزن لەگەڵ پەکەکە « خۆشم بەشانازیەوە شانازی بەپەکەکەو خەباتی ڕەوایان دەکەم » و منیش باش دەناسن ھاتون ڕەخنە دەگرن و نوسینەکەش دەشێوێنن و وای وێنا دەکەن من وتبێتم ئەم حوکمەتە باشترین حوکمەتەو دەبێ، من وام نەوتوەو واش ناڵێم لەداھاتوو ھەر وەک جاران ئەگەر زانیم وەعدو قسەی درۆیەو ڕاستگۆ نیە لە پێش ھەموانەوەم بۆڕەخنەگرتن لێی چونکە ئێمە کە شتێک دەنوسین یان ڕەخنەیەک دەگرین بۆ بەرژەوەندی تایبەت یان سیاسی یان حیزبی ناینوسین، بۆیە دڵنیام ھەر ئەوانەی کە ئەمڕۆ نوسینەکەی منیان شێواندوەو ھەر ئەوانە دەبن سبەینێ کە ڕەخنەمان لە ئەدای حوکمەتەکە گرتەوە (چونکە ئێمە سەنگەری ڕەخنەو گەل بەرنادەین) ھەر ئەو بەڕێزانە دەڵێن لەوانەیە حوکمەت ئەو وەعدەی پێی دابێ جێبەجێی نەکردبێ بۆیە ئێستا ڕەخنە دەگرێ و تا ودوێنێش ستایشی دەکرد لە کاتێکدا من بە ھیچ جۆرێک ستایشم نەکردوە.

بۆ سەلماندنی نوسینەکەم کە بەرنامەکە باشترین بەرنامەیە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە چاو ئەوانەی پێش خۆی تەنھا بە کورتی چوار خال زیاتر نا ،دەخەمە ڕوو چونکە زیاتر بڵێم بەتەواوەتی دەمکەن بە فرۆشراوو چلکاو خۆری حوکمەت کە من لە ئێستادا پاک خۆری حوکمەتیش نیم نەک چلکاو خۆر.

١- لە سیستەمی پەرلەمانی تەنھا سەرۆکی وەزیران تەکلیف دەکرێ و حوکمەت پێک دێنێ نەک سەرۆک و جێگرەکەی ھەردوکیان ،لە دوای ڕاپەڕینەوە و بەتایبەتی دوای بەناو یەکگرتنەوەی حوکمەتەوە یەکەم جارە سەرۆک بەتەنھا تەکلیف دەکرێ و جیگریش جێگرە نەک شەریک یان ڕێگر،من لە ڕابردودا ھەمیشە ڕەخنەم لەو شێوازە ھەبوەو بە ئەساسی ھەموو گەندەڵیەکانم زانیوەو داوام کردوە تەنھا سەرۆک تەکلیف بکرێ و ئەو حوکمەت پێک بھێنێ چونکە ئەو خۆی بەتەنھا بەرپرسە لە بەرنامەو ئەدای کۆی حکومەت بەوەش حوکمەت لە حوکمەتی پەرلەمانی نزیک دەبێتەوە.

٢- زمانی وتارەکە مجامەلە نەبوو ،دەیوت دەیکەین بە پێچەوانەی جارانی دی کە ھەمیشە تەئکید لە محاسەسەو تەوافوق و رەزامەندی ھەموان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی دەکرایەوە.

٣-سەرەک وەزیران بە ئەمر دەڵێت لەوەزیر قبول ناکەین لەدەرەوەی وەزارەت بەرنامەو ئەجێندای حیزبی یان تایبەت جێبەجێ بکات کە ئەمە خاڵێكی گرنگە ئیدارە فەرمانە نەک پاڕانەوەو کڕوزانەوە،ھەموشمان دەزانین لەڕابردوو وەزیر ئیشی ئەوەبو پڕۆژە بەشەریکی بۆ خۆی و حیزبەکەی یان بۆ ئەو بەرپرسە بکات کە دایناوە ،وەزیر ھەیە دەیەھا کۆلێج و پەیمانگای ئەھلی بۆ قازانجی خۆی و ئەندامێکی باڵای حیزب کردۆتەوە.

٤- وتی ڕێگا نادەین وەزیرو بەرپرسو فەرمانبەری گشتی بزنس و بازرگانی بکات یان دەبێ وەزیفەی 
گشتی بکات یان بازرگانی.

لەکۆتایشدا دوبارە دەڵێمەوە ئەوە تەنھا قسەیە و قسەش فەقیرە ھەموو کەس پێی دەوێرێ گرنگ جێبەجێ بکرێ ئەگەر ڕاستگۆو جدی بێت ھەقە پشتگیری بکرێ.

ھەیە دەڵێت ئەوە بەرنامە نەبوو وتار بوو دەبوایە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدایە دەڵێم ئەوە شتێکی ، شەکلیە ئەو کە زۆرینەی سەدا ھەشتای مسۆگەرە و دەنگی پێداوە دەنگی بەرنامەکەشی مسۆگەرەو ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت گرنگ ئەوەیە لەبەردەم پەرلەمان جاریدا بۆ خەلک.

بەڵام تۆ دێیت و دەڵێیت ئەوە حوکمی بنەماڵەیە یان گەندەڵە یان ڕێگەی خۆشکردوە بۆ داگیرکاری تورکیاو چی و چی تر « کە ئەوانە لەپێش ھەموو کەسەوە ڕەخنەی منیشن » چۆن دەبێ بڵێم بەرنامەکە باشە و ھیچیش شارەزای بوارەکە نەبیت ئەوە تێکەڵ کردنی پەڕاوەکانە لە کاتێکدا منیش وھەلوێستەکانیشم باش بناسی ئەوە بەڕاستی بێ ویژدانیە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×