کە نازدان بەمنداڵ سنور تێدەپەڕێنێ!

د.هەژار مه‌عروف
  2019-07-26     1271
منداڵ لە منداڵدانی دایکیدا لەو قۆناغەی گەشەکردنیەوە کە هەمو ئەندامەکانی جەستەی دروستبون و کەوتە موچڕکە و بزوتن ئیتر هەستدەکات و دایک دەبێت ئەم هەستە بەهەند وەربگرێت و باوکیش دەبێت هەمو شتێک بکات بۆ ئارامی و هاوسەنگی و شادیی هاوژینەکەی ،نەک تەنیا لەبەر ئەوەی دایکی منداڵەکەشیەتی! 

شادی و ئەرخەیانیی دایک دەبێتە مایەی خۆشی و ئارامیی منداڵەکە. دایکی زۆر هەستیار دەتوانێ بە شێلانی سکی و جۆرێک لە لاوانەوەی تایبەت پەیوەندی لەگەڵ کۆرپەلەکەیدا دروستبکات. کە منداڵ لە سکی دایکیدا پێویستیی بە خۆشەویستی بێت و هەستیش بەم خۆشەویستیەبکات دەبێت دوای هاتنەدرەوەی لەو هێلانە گەرم و نەرم و تەڕ و ئارام و پڕلە میهرەبانیەی دایکی بۆ دەرەوەی نامۆ و سارد و پڕ لە ژاوەژاو و پڕ لە زبری و پڕ لە نیگەرانی، چەند پێویستیی بە خۆشەویستی و ناز و دڵنەوایی و دڵنیایی دایک و باوک و دەوروبەر هەبێت؟ بەڵام دەبێت لەگەڵ وردەوردە گەورەبونی منداڵ هەر لە تەمەنی دو سێ ساڵیەوە لەگەڵ بەخشینی بەردەوامی ناز و خۆشەویستی پێی هەست و شعوری لێپرسینەوەشی تیا بڕوێنرێت.

بۆ نمونە بەرامبەر دایک و باوکی و منداڵانی تری دەوروپشتی، دەبێت بە شێوازگەلێکی تایبەتیی جۆرا وجۆری زارەکی و نازارەکی (بەکارهێنانی زمانی جەستە لە گەڵ منداڵ) کە لەگەڵ تەمەنیدا بگونجێت تێیبگەیەنرێ و بیهەستێنرێ کە ئەو لەسەر سەکۆی خێزان بەتەنیا نیە و هەمو تیشکەکانی خۆشەویستی و ناز و گرنگیپێدان نابێت و ناکرێت لەودا چڕبکرێتەوە، چونکە دەیسوتێنێ بەوەی کە گەورەبو کەسێتیەکی پڕکێشە و ناجێگیر و لاوازی لێدەردەچێ، و برا و خوشکەکانیشی لە خوارەوەی سەکۆکە لە تاریکی و لە سەرمای گوێپێنەدان و لەبیرکردن بەتەنیا جێدەمێنن و دەبێت هەڵلەرزن و ئەمانیش کە گەورەبون بەجۆرێکی تر کەسێتیەکی ناجێگیر و ناشاد و کەموکورتاویان لێدەردەچێ. 

نمونەی تری هەست بە لێپرسینەوە پاکوتەمیزیی خۆی کە بە فێرکردنی خۆبەتاڵکردنەوەی میزدان و ڕیخۆڵەی (چونەسەر تەوالێتی منداڵان) دەستپێدەکات ، سستی و خاوی و ناز و چاوپۆشی زۆر لەم پەروەردەیەدا دەبێتە هۆی دواکەوتنی ئەم بوارە گرنگەی گەشەسەندنی منداڵ . مەیدانێکی تری هەست بە لێپرسینەوە کە دەبێت منداڵ زو فێربکرێت خۆشویستنی منداڵەکەیە بۆ بوکەڵە و یاریەکانی تری کە ڕۆژانە یاریان پێدەکات، نەک بیاندڕێنێ و بیانشکێنێ و دایک و باوکیش یا هەرکەسێکی تری خێزانەکە بە ڕوی خۆشەوە بە باوەشکردن و کڕینی یاریی تازە پاداشتی منداڵەکە بدەنەوە بۆ ئەم کارە پاڵەوانانەی کە دایک و باوک و دەوروبەر بە (لێی مەگرە منداڵە!) چاوی لێدە نوقێنن و گوێی خۆیانی لێ کەڕدەکەن و لە پەروەردەکردنی بەرپرسیارانە خۆیان دەدزنەوە! 

لەگەڵ هەڵچونی تەمەندا هەست بە لێپرسینەوەش هەڵدەچێ ولە هەرزەکاریدا دەبێت ئەم هەستە بگاتە ترۆپک. کاتێک منداڵ ڕەفتاری نادروست دەکات و لە بری لێپرسینەوە ی ناتوندوتیژانە و دەسبەجێ ڕاستکردەنەوەی ڕەفتارە هەڵەکە، بەردەوام لە گەورانی دەوروبەر (دایک و باوک و نەنک و باپیرە و...) ئەم ڕستانە دەبیسێ : (لێی مەگرە منداڵە) و ( ئێمەش بە منداڵی خراپتربوین) و (منداڵی یارۆ زۆر لەوەی ئێمە خراپترە) و (کە گەورەبو وانامێنێ و باشتر دەبێت) و دەیان بیروئایدیای هەڵەی لەم بابەتە، منداڵێکی ئاوا پەروەردەکراو یان ڕاستترە بڵێین پەروەردەنەکراو! کە پێگەیشت و بوبە هەراش لەو ڕەگوڕیشەیەی بە منداڵی بنجی داکوتاوە درەختێکی لار و خوار و پڕگرێ و زڕ و بێسایەی لێدەردەچێ. 

لەکۆمەڵی کوردەواریماندا نمونەی ئەم وێرانە کەسێتیانەمان زۆرە و هەر ئەمانەن کە بۆ نمونە ڕۆژانە دەبینین و دەبیسین چۆن ئوتۆمبیل بە بێ مۆڵەتی شۆفێری و لە ژێر تەمەنی یاسایی دەئاژون و دەبنە هۆی ڕوداوی هاتوچۆ، یان بە پارە خەرجکردنی بێسنور کێشەی دارایی بۆ خزم وکەس دروستدەکەن، یان بەردەوام شەڕوهەرا دەنێنەوە و هەمو شت دەکەن، بەس کاری بەرهەمهێن نەبێت! زۆرێک لە باوکان و دایکانی ئەم جۆرە کەسانە دەست و قاچ نامێنێ ماچی نەکەن بۆ ئەوەی نەهێڵن کوڕە تاوانبارەکەیان یەک شەو لە زیندان ڕابگیرێ، یان ئامادەن سەرۆکی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران بخەنە گەڕ بۆ سوڵحی خێڵەکی لە گەڵ لایەنی زیان بەرکەوتو و و زوڵملێکراو! 

ئاخر کەسێتیەکی ئاوا ئیتر چۆن پەند وەردەگرێت و دەبێتە ئەندامێکی باش و دروست و بێوەی و بەرهەمهێن؟هەندێ لە باوکان و دایکانی ئەم جۆرە کەسێتیانە گلەیی و سکاڵا لە بەختی ڕەشی خۆیان دەکەن کە منداڵەکانیان ئاوادەرچون، نازانن یا دەزانن و خۆیان گێلدەکەن لەوەی کە منداڵەکانیان دەستنێژی خۆیانن!


ئەم بابەتە لەستونی (کورت‌و پوخت)ی ئاوێنەکان بڵاوکراوەتەوە
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×