هەڵوێست و هەڵوێستەی داهاتوومان چی بێت؟

دلێر محەمەد نوری
  2019-08-29     161

هەڵوێست جۆرێک لە خۆتێگەیاندن، هاوسۆزی دەربڕین یان هەوڵدان بۆ ڕێگە گرتن لە دیاردەیەکی نەشیاو، کارێکی نەخوازراو، ستەمێکی ناڕەوا، کارەساتێکی مرۆیی یان سەربازی دژ بە کەسێک یان کۆمەڵێک کە لە دەرەوەی یاسا مڕۆڤایەتیی و عورفە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام بدرێت. هەڵوێست وەرگرتن داواکراوە لە هەر تاکێک لە ئێمە بەڵام سەپێنراو نییە. کەسی هەڵوێست وەرگر هەست بە ئارامی دەروونی و شانازی زیاتر ئەکات لە کەسی بێ هەڵوێست، وە هەڵوێست وەرگرتن هەم بوێری و هەم لە خۆ بردوویی زۆری ئەوێت. هەڵوێست وەرگرتن دژ بە هەڵە و کەم وکورتی خێزان، حیزب و گروپ، نەتەوە و کۆمەڵگای خۆت جوامێرانەتر و پڕ شانازیترە لەو هەڵوێستانەی کە کۆدەنگییەکی نشتیمانی یان کۆمەڵایەتی لە سەرە و هیچ پاشهاتێکی خراپی بە دوادا نایەت. بۆ نموونە کارەساتێک ڕوو لە هەمووان بکات لە دەرەوەی سنوری جوگرافی و نەتەوەییمان ئەوا بە بێ هیچ هاندانێک هەمووان یەک هەڵوێست ئەنوێنین، بە گشتی بیرکردنەوە و هەڵوێستەکردنێکی وەک یەکیمان ئەبێت لە ئاستیدا، وەک ئەو هەڵوێستەی لە کۆڕەوەکە کۆیکردینەوە. بەڵام تۆ بێیت دژ بە کەم و کورتی و خراپەکاری و ستەمی ناوخۆ بوەستیت و بەرژەوەندی و چاوچنووکی زۆرێکی دەسەڵاتداری بە جەبەرووت بە هەڵوێستەکانت یان ئاماژە بۆ کردنەکانت بخەیتە مەترسییەوە وەک ئەو سەددان نووسەر و ڕۆژنامەنووسانەی کە ساڵانێکی زۆرە لەم دەڤەرە بە پێچەوانەی ئارەزووی دەسەڵات ئەنووسن، ئەمەیان ئەو جۆرەی هەڵوێستە کە جێگەی بایەخی زۆرە و چ دەستەی دەسەڵات چ خوێنەرە هاوسۆزەکانیان چاودێری ئەکەن جا هەر لایەکیان لە گۆشەنیگای جیاوازەوە. لە بەر ڕۆشنایی  ئەوەی باسمان کرد ئەو هەڵوێستە کردنانەی جۆری یەکەم هیچ پاشهاتێکی خراپی بۆ هەڵوێست وەرگر نییە و لەوەی  دووهەمیشیان لەوانەیە جەستە و کەسێتی و بەرژەوەندییە مادی و مەعنەوییەکانیان بخاتە مەترسییەوە. هەڵوێست وەرگرتن دواجار لە قەناعەت و باوەڕەوەیە و خۆ ئەگەر لە نێو دڵەوە تەرجەمە نەکرێت بۆ گووفتار و کردار ئەوە لە ژێر پێناسی هەڵوێست دەردەچێت و کاریگەری دانانێت و هێزی گۆڕانکاری پێ نامێنێت. ئەگەر دەسەڵات و حیزب و دەزگا کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان کار نەکەن بۆ درووست کردنی تاکی بزێو و ڕۆشنبیر و بە ئاگا ئەوا ئەستەمە مرۆڤەکان هەستیان لە ئاست ڕووداوە گرنگ و کارەساتبارەکانی پەنا سەری خۆشیان ببزوێت. دواجار مرۆڤەکان بە جۆرێک سەرکز ئەبن ئەگەر لە سنووری ماڵەکەی خۆیان خۆشگووزەرانی ئامادە بێ، باکیان بە برسێتی و ستەمی سەر دراوسێکەی ئەودیو خۆیان نابێت، چ جای ئەوەی بیر لە ستەمی سەر کۆڵان و هاوشاری و هاونشتیمانی و هاونەتەوەکەی خۆیان بکەنەوە. گەربەمنموونەیەک بۆچوونی پێشوو ڕوون بکەینەوە دەبینین لە کاتی خۆشگووزەرانیدا لە کوردستان جگە لە فەرمانبەران و مووچەخۆران و کاسبکاران ژیانی خاوەنپێداویستی تایبەت و بێ مووچە و پەککەوتەو بە تەمەن و بێنەوایان هەر لە هەمان خولگەی هەژاری و دەردەسەریدا دەسوڕایەوە بە بێ ئەوەی خواپێداوەکان هەڵوێستێکیان هەبێت لە ئاست نەهامەتییەکانیان و بگرە گەر بۆیان بلوایە ئەو باری خۆشگووزەرانیی و پارەبارینە وەکو چاویان دەپاراست و ئیتر چش لە کەمینەیەک کە بە بەرچاویانەوە لە برسانا بمرن، هەر وەک ئەوەی دونیا هەمووی جوتیار بێت و کەمینەیەکیش بێ زەوی جا باران ببارێ و نەبارێ بەمان چی؟ کە ئەم بێهەڵوێسییەشە کە وای لە مووچەخۆرانکردووە باکیان بە هیچ ڕووداوێکی دەور و بەری خۆیان نەبێ جگە لەو هەواڵانەی مژدەی هاتنی مووچە دەدەن. هەڵبەتە شاراوە نییە کە دەسەڵات کاری بۆ ئەمە کردووە خەڵکیان لە سەرجەم مەسەلەکان ساردکردۆتەوە ژیانیان بە تەنها بە مووچەوە گرێداوە.
مێژوو گەلێک نموونەی کەسانی بەهەڵوێستمان بیر دەخاتەوە، ئەگەر بۆنموونە کەمێک بە مێژووی شاری سلێمانیدا بچینەوە،  ناوی مەسیحییە کوردە دەست و دڵفراوەنەکەمان بەر گوێ دەکەوێت کەریمی ئەلەکە، ئەو پیاوە دەوڵەمەندەی لە گرانی گەورەدا بێ گوێدانە جیاوازی ئایینی نەیهێشتووە یەک هەژاری شاری سلێمانی بە برسێتی سەربنێتە سەر سەرین.
 هەڵوێستەکردنی ڕاستەقینە شەرم لە کەس ناکات و بێ لایەنی تەواوەتی تێدایە و هیچ کاتێک لە بەرژەوەندی لایەک دژ بە لایەک هەڵوێستی درووست وەرناگیرێت، بەڵکو هەڵوێست لە بەر هەڵوێست وەردەگیرێت نەک شتێکی کە. سەیرە لە دونیای حیزبیی ئێمەدا  ئەمڕۆبە دەگمەن دەبینی کادرێکی حزبی لە سەر کوشتنی ڕۆژنامەنووسێک لە سنووری دەسەڵاتی حزبەکەی قسەیەکی هەبێت، کەچی پەیتا پەیتا هەڵوێستی توند لە سەر ڕۆژنامەنووسی سنوری ئەولا ئەنوێنێ! ئەمە بۆ هەڵوێستە کردنی لە ئاستی خیانەتەکانیشیاندا هەر هەمان ڕێچکەی گرتووە.
لە ووتەیەکی جواندا پەیامبەری ئیسلام لە بارەی گرنگی هەڵوێست وەرگرتن ئەدوێ بەوەی کە حەق بێژی لە بەرانبەر ستەمکار بە باشترین جیهاد ئەژماردکراوە(قول حق عند سلطان جائر). بەس من چی لەم ووتەیە بکەم کە تایتڵێکی گەورەی جیهانی ئیسلامی و کوردی  وەکو (د.عەلی قەرەداخی) کە سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی جیهانییە و نەک هەرچاوی لە ئاستی ئەو هەموو ستەمەی تورکیای ئەردۆگانی نووقانووە کە لە دژی کوردانی ڕوژئاوا و باکور بە ئاگر و ئاسن و ماشێنی سەربازی پێنجەم وڵاتی جیهانی ئەنجامی دەدات، بگرە پشتگیری ڕاستەوخۆیان دەکات، وەکو ئەوەی کوردی بێدیفاعی باکور و ڕۆژئاوا سوڵتانی جائیر بن و ئەردۆگان قەولی حەق بێت. بەڕێز د.قەرەداخی جارێک وەکو پۆست و جارێکی دیکەش وەکو نەتەوە هەڵوێستی لێ داواکراوە، وەکو پۆست ئەرکێتی پارێزەری تەواوی موسوڵمانان بێت نەک تەنها تورکەکان، وەکو نەتەوەش هەلوێستی لێ داواکراو بەرانبەر داگیرکەرانی هاونەتەوە و هاونەژادەکەی خۆی. بەڵام خودی د.قەرەداخی خۆی کەفیلی وەڵامدانەوەی ئەم هەڵوێستەیە نەک کەسێکی دیکە .
لە سیستەمە کراوەو دیموکراسییەکاندا هیچ کات هەڵوێست وەرگرتن نابێتە مایەی کوشتن، ئازاردانی جەستەیی، زیانی مادی یان مەعنەوی. بۆیە دەبینین دیاردەی هەڵوێست وەرگرتن دژ بە وڵات و نەتەوە و حکومەت و حیزب و تەنانەت ئایین و خێزانی خۆییش لەلایەن تاکەکانەوە وەردەگیرێن کە ئەمەش نیشانەی ئازادی ڕادەربڕین و پێشکەوتنی هزریی تاکەکانی کۆمەڵگایە. بە پێچەوانەشەوە لە سیستەمی داخراو و نادیموکراسی و کۆنەخواز ...هتدیەکانیشدا مەسەلەی هەڵوێست وەرگرتن هەزار و یەک پلان و بیرکردنەوەی گەرەکە دەنا لە سەر هەر هەڵوێستەیەک غەزەبی حزب، نەتەوە، ئایین، کۆمەڵگات بەسەردا دەبارێت.
مێژووی جیهانی و ناوچەیی و نەتەوەییشمان بە کۆن و نوێیەوە بە هەزاران نموونەی هەڵوێستی ئازایانە و بوێرانەی مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکانمان بۆ دەگێڕنەوە، کە دەکرێت ئیشارەت بە هەندێکیان بدەین.
هەڵوێستی میهرەبانانەی شاژنە دیانا 1961 شاژنی ویلز بەرانبەر مناڵانی نەخۆش و برسی و پشتگیری رێکخراوەکانی دژە مین. هەڵوێستە مرۆڤ دۆستییەکانی نیڵسۆن ماندێلا و هەڵوێستە میانڕەوە جوامێرییەکانی ڕووحە گەورەکەی هندستان ماهاتما گاندی و زۆری دیکەش کە بواری ناوهێنانی هەمووان لێرەدا نییە.
بەڵام ئەوەی ناکرێت ناوی نەهێنین لێرەدا کەسێکی وەک ئیسماعیل بێشکچی زانای کۆمەڵایەتی بە ڕەگەز تورکە کە لە بەر هەڵوێستە جوامێرەکانی و نووسینەکانی لە بارەی کوردەکانی باکورەوە  بە سزای  ۱٦ ساڵ زیندانی بۆی تەواو دەبێت و زیاد لە ۳۰ کتێبی بە یاساغ ئەکرێت، لە کاتێکدا تا ئەمڕۆش نیوەی زیاتری کوردی باکور دەنگ دژی کورد دەدەن و زۆرێک لە کوردانی تورکیا لە ژێر ستەمی ڕەگەزپەرستی تورکی خۆیان بە کوردیش نازانن.
دوژمنانی کورد لە هەر ڕەگەز و نەتەوەیەک بن لە یەک دەچن، بەڵام هیچیان هێندەی تورکیا دژایەتی کوردیان نەکردووە بە خولیا و خەمی گەورەی خۆیان. ئەمڕۆ تورکیا بە ئاگر، بە ئاسن، بە ریکلام، بە کڕین و بە کرێگرتن دەست ئەخاتە دەستی شەیتانیشەوە بۆ دژایەتی کورد لە هەر چوار لاوە، عوسمان بایدەمیر جوانی ووت ئەگەر خوا کیانێک بۆ کورد لە هەساریەکی دیکەش درووست بکات، ئەردۆگان دژایەتی خواش ئەکات. ئێستا تورکیا بە هەموو هێزی خۆیەوە لە ناو هەناوی هەرێمە و بە هاوکاری سەرکردایەتی کورد خۆی مەبەستێکی گشتگیری کاولکاری و داگیرکاری هەیە کە لێدانە لە کوردی باکور و باشور و ڕۆژئاوا، سەیرە لە نووسینێکی کەم بەولاوە گەلی کورد لە باشور هیچ هەڵوێستێکی کاریگەری نەنواندووە. ئاخۆ گەلێ کورد ئەم خەمە گەورەیەی بە چ زەردەخەنەیەکی درۆزن گۆڕیوەتەوە؟ ئە هەستە ساردە بێباکەی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئاخۆ کاتی ئەوە نەهاتووە بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست ڕوو بە ڕووی ئەم مەترسییە ببینەوە؟
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×