ڕوداوەکانی هاتوچۆ.. مەرگێکی هەمیشە به‌یەک چاو نوستو!

حاکم صباح داودی
  2019-09-03     874
(١-٣)
ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەزیادبوندایە، ڕۆژ نییە دەنگۆی ڕوداوێکی هاتوچۆ یان ووان یان زیاتریش نەبیسین، بەبەردەوامیش قوربانی‌و پێکان وزەرەرو زیانی زۆریان لێدەکەوێتەوە، هۆکاری ئەم ڕوداوانە تاکوو ئێستا چ لەئێراق چ لەهەرێمی کوردستان بەچڕی تیشکیان نەخراوەتە سەر بەڵکو خەڵکی‌و تەنانەت دەزگا تایبەتمەندەکان‌و پەیوەندیدارەکانیش بەهەمان ئاست‌و قیمەتی بایەخ باسی ئەو هۆکارانە دەکەن‌و هەر هەمویش کۆکن لەسەر ئەوەی سەرەکی ترین هۆکار شۆڤێرەکانن بەهۆی پابەند نەبوون بەیاساو ڕێنماییە تایبەتەکانی هاتووچۆوە، بەڵام ئایە ئەم  بەرپرسیارێتی ئاراستەکردنە بۆ شۆڤێران درووستە؟ خۆ  شۆفێری وامان بینی ئەم ڕێگایانە سەریان خوارد ڕەنگە لەژیانیدا سەیارە لەدەستیدا دوچاری کڕانێکی سوکیش نەبووبێت.

ڕاو بۆچوونێکی تریش هەیە ئووباڵی زۆرینەی ڕووداوەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی ڕێگاوبانەکان ، وخەڵکانێکیش هەن چی بە نیەت پاکی بێ یان بە نییەتێکی - ناڵێم خراپ - بەڵکو با بڵێین (نییەتێکی مزدەوەج ) بەرپرسیارێتی خراپی ئەو ڕێگاوبانانە  دەگەڕێنێتەوە بۆ گەردنی حکومەت لە کاتێکدا ڕوونە لای هەمووان یان زۆرینەمان  کە بە بەردەوامی حکومەت بایەخێکی زۆری داوەتە چاککردن وفراوان کردنی ڕێگاوبانەکان وبە بەردەوامیش هەوڵی داوە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕووداوەکان چی بە بایەخ دان بەو ڕێگاوبانانەو چیش بە قورسکردنەوەی سزای سەرپێچییەکان تا ئەو ڕادەیەی لەم دوا دووایەدا یاسایی هاتووچۆی ژمارە (86) ساڵی ٢٠٠٤ ئێراقی کە ناسراوە بە یاسایی (برێمەر) بۆ جارێکی تر هەموار کرایەوەو سزاکانی نێو ئەو یاسایە بە ڕێژەیەکی زۆر قورس ترکرانەوە ، بەڵام ڕووداوەکان هەر لە زۆربوون وزیادبوونەوە دان !!

ڕاوبۆچوونێکی تر هەیە  هۆکاری ئەو ڕووداوانە دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی ونزمی جۆری سەیارە یا ئۆتۆمبێڵ لەم سەردەمەی خۆمانداو نموونەی بتەویی و ئەستووری وقەبارەی جۆری ئاسنی بۆدی سەیارەی جاران وئەمڕۆ دەهێنێتەوە وەکو ئەوەی بووترێ لە هەشتاکان وهەفتاکاندا هیچ ڕووداوێک ڕووی نەدابێت !، لە کاتێکدا ڕاستییەکان ئەوە دەگەیەنن کە خەڵکانێکی زۆر لە سەردەمی کۆندا تەنانەت لە چلەکانیشدا نەک هەر لە پەنجاکان وشەستەکاندا بوونەتە  قوربانی ئەو جۆرە ڕووداوانە ، بگرە زۆرینەی قوربانیەکانی ئەو زەمانە ڕابردوویە بە هۆی ڕەقی وبتەوێی جۆری ئاسنی بەکارهێنراو لە درووست کردنی ئەو ئۆتۆمبێڵانە گیانیان لە دەست داوە.

ئۆتۆمبێڵی ئەو سەردەمانە نە توانایی تیژەریەکی زۆریان تیادا بووە  ونەش ئێرباکی تیادا بووە  ونەش بە سیستیمێکی زیرەک و پڕ لە ئامرازی دابینکردنی  ئەمان وسەڵامەتی درووست دەکرا ، بۆیە ناکرێ هۆکاری ڕووداوەکانی هاتووچۆی ئەم سەردەمەی خۆمانە بگەڕێنینەوە بۆ خراپی جۆری سەیارە لە کاتێکدا خراپترین سەیارەی ئەم سەردەمە لە باشترین مارسیدسی ساڵانی شەستەکان باشترە.

وەکو لە سەرەوە دەبینن سێ هۆکارمان باس کرد چونکە زۆرینەی ڕاوبۆچوونەکان تیشک دەخەنە سەریان ، بەڵام ئایە ئەم سێ هۆکارە چ بە تەنها یان بە هەرسێکیانەوە هۆکاری ڕووداوەکانن ؟ یان خوودی ئەم سێ هۆکارە تەنها دەرەنجام ونەتیجەن بۆ هۆکارێکی سەرەکی باس نەکراو یان لە بیر کراو؟

بە دڵنیایەوە دەبێ هەموو هاوڵاتیەکی کوردستانی وئێراقی ئەوە بزانن کە ئەو سێ هۆکارە بریتین لە دەرەنجامی بوونی هۆکارێکی تر کە تاکوو ئەمڕۆ هیچ کەسێک تیشکی نەخستۆتە سەری وباسی نەکردووەو ڕەنگیشە خەڵکانێک هەبن لە بەساڵاجووەکان بیزانن بەڵام لە بەر مەجهوولیەتی ڕەگەزی ئەم هۆکارە وەکو هۆکاری سەرەکی هیچ بایەخێکی پێ نەدراوە لە کاتیکدا ئەوە هۆکاری درووست کەرە بۆ هۆکارەکانی تری ڕووداو لە ڕێگاوبانەکاندا.

بۆ گەیشتن بە ناسینی ئەو هۆکارە دەبێ سەرەتا سرووشت وتەبیعەتی  ئەو هۆکارە بزانین.
وەکو ئاشنایە لای زۆرینەمان ، بۆ یەکەم جار دیزایینی زۆرینەی ڕێگاوبانەکان لە ئێراق وکوردستاندا لە کاتی ئینگلیزەکاندا دانران ، لە سەرەتای  ساڵی ١٩١٨ ودەیەی دووهەمی سەدەی ڕابردوودا ، لەو زەمانە ئینگلیزەکان هاتن وئێراق وکوردستانیان داگیر کرد و لە شەڕدا بوون دژی ئەڵمانیاو عوسمانییەکان ، بۆیە کاتێک نەخشە سەرەتاییەکانی ڕێگاو بانەکانیان کێشا لە بەسرەوە تاکو بەغدا پشتیان بە دیزایینی عەسکەری یان سەربازی بەست ، بایەخێکی یەکجار زۆریان دا بە لایەنی عەسکەری لە دانانی نەخشەو دیزایینی ڕێگاکان ،وبەو شێوە ڕێگاکانی تریشیان درووست کرد لە سەرجەم خاکی کوردستان وئێراقدا و دواتریش هەر لەناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا وبە هۆی ڕوودانی ئینقیلابی سەربازی لە لایەن (بکر صدقی)ەوە وساغ بوونەوەی بەڵگەی هەبوونی دەستی ئەڵمانیانیەکان لەو ئینقیلابە ئینگلیزەکان دیسان هەڵسان بە درووستکردنی چەند ڕێگاو بانێک لە ئێراقدا بۆ ئاسانکاریکردن بۆ هێزەکانی خۆیان لە حاڵەتی هاو شێوەدا.

ڕەنگە تۆی خوێنەر لێرەدا بڵێی ،، ئەمە باسی چی دەکات وچی پەیوەندیەک هەیە لە نیوانی هەردوو باسەکەدا ؟!
 مافی خۆتە ، بەڵام ئەمەی باسی دەکەم ناچێتە چوارچێوەی بیردۆزی پیلانگێڕی یان ،، نەزەریەتی مووئامەرە ، بەڵکو باسی سەرەتاکانی درووستکردنی ڕێگاوبانت بۆ دەکەم چونکە ئەو ڕێگاو بانانەی کە سەد ساڵ لەمەو بەر دیزاییبن ونەخشەیان بۆ کێشراوە یان درووستکراون هەر هەمان ئەم ڕێگایانەی ئێستان کەوا من و تۆ وهەزاران وسەدان هەزاران کەسی تر ڕۆژانە بە ئۆتۆمبێڵ لە سەری دەڕۆن !!

لێرەدا دەبێ بزانین جێاوازی نیوانی  ڕێگایەک ئەفسەرێکی موهەندیسی سەربازی نەجشەو پلان ودیزاینی بۆ دادەنێت و ڕێگایەکی تر کە موهەندیسێکی تایبەت بە بواری ڕێگاوبانی نێو شارەکان - (واتا ڕێگای دەرەکی) - سەرپەرشتی درووست کردنی دەکات.

ڕێگای درووست کراو بە شێوازی سەربازی بۆ مەبەستی زۆر تایبەت وکاتی درووست دەکرێ ولەو درووستکردنە ڕچاوی ئەم خاڵانە دەکرێ :
١- دەبێ ڕێگاکە بە یەک ئاراستەی ڕێک وڕاستدا نەڕوات بەڵکو زۆر پێویستە بە شێوەی جووڵەی مار درووست بکرێ و پڕ بێت لە پیچاو پێچ کردن وئەملاو وئەولاو زیگ زاک ومەبەستیش لێ پاراستنی رەتڵە سەربازییەکانە لە کاتی جووڵەکردن پییان لە دژی مەترسی بەردومانکردنی فرۆکە یان مووشەک ومەدفەع.

٢- دەبێت ئەو ڕێگایانە دوور بن لە ناوچەیەک گوومانی مەترسی هەبوونی دووژمنی تیادا بێت .
بە گەڕانەوە بۆ هەڵوێستی ئینگلیزەکان لە دوای شۆڕش یان کودەتای مایسی ساڵی ١٩٤٢ دەبینین ئەوان بە تەواوەتی متمانەیان بە توانایی ئێراقییەکان نەما کە بتوانن بەرگری لە خۆیان وخاکەکەیان بکەن بۆیە بە فیعلی هێزی پیادەی خۆی زیاتر جێگیرکرد - ( گەر بە شێوەی نهینیش بێ) - لەم ولاتەدا بە تایبەت لەو ساڵەدا کە  ئەلمانییەکان زیاتر نزیک دەبوونەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بۆیە نەخشەو دیزاینی ڕێگاوبانی زیاتریان لە ئێراقدا کیشاو دواتریش هەندیکیان لەماوەیەکی کەمدا جی بە جێ کران وئەوانی تریشی لە سەرەتای پەنجاکان وشەستەکاندا  بەڵام لە سەر یان لە ڕۆشنایی نەخشەو دیزایینی عەسکەری ئینگلیزەکان کە جگە لە پیویستیەکانی  باری سەربازی تەنانەت رچاوی ئەوەشیان تیادا کرابوو  کە سیستیمی ستیرن لە بەریتانیادا جیاوازە لە ولاتانی تر !
واتا جگە لەوەی ئەم ڕێگاو بانانەی ئێستا لە ئێراق و کوردستاندا مەوجوودن سەربازین ولە سەر دیزایینی عەسکەری درووست کراوون ئەوە بە شیوازێک درووست کراوون کە ڕچاوی سیستیمی بەریتانی تیادا کراوە لە بوونی ستێرنی سەیارە لە لای ڕاستەوە نەک لای چەپی سەیارەکە !

ماویەتی
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×