کارێ مەکەن ئەزی تیا شەرمەزار بێت

حەمەئازاد بەرزنجی
  2019-09-10     1124
ڕێک بێ پێشەکی‌و بۆ چونە ناو ناوەڕۆکی بابەتەکە، شارۆچکەی بەرزنجە لەشارباژێڕ یەکێکە شوێنە پیرۆزە ئایینیەکان لەهەرێمی کوردستان، نەوەو زاناو پیاوە ئایینیەکانی بەپانتایی هەموکوردستاندا بلاوبونەتەوە. سەرکردەو ڕێبەرو زانای ئایینی زۆریان تیا هەڵکەوتوە. کە ئەمانە هەمویان لەوەچەی (شێخ عیساو شێخ موسا)ی بەرزنجەن، ئەمانیش نەوەی بابەعەلی هەمەدانینین‌و لەهەمەدانەوە هاتون. لەوانە عەلامە  شێخ مارفی نۆدێ ، کە هەرلەگەڵ دامەزراندنی شاردا، لەسەر داوای یەکەم پادشای بابان، هاتۆتە سلێمانی‌و مزگەوتی گەورەی شاری چێکردوە. ئەوانی دی، هەر بۆ نمونە  شێخ حەسەنی گڵەزەردەی ئەستێرە ناس‌و کاک ئەحمەدی شیخ و مەلیک مەحمودی نەمرو چەندانی دی. کە ئێستاشی لەسەر بێت زۆر کەس تا ئێستا بەقەبری کاک ئەحمەد سوێند دەخۆن.

ئەمانە لەگەڵ ئەوەی زاناو ڕێبەری ئایینی بون، بەڵام پەڕگیرو توندڕەو نەبون . وە تائێستا  نە لە بەرزنجەو نە لە گوندەکانی چواردەوریشدا، ئیسلامی توندڕەوو ئیسلامی سیاسیان تیا هەڵنەکەوتوە کە بەرزنجەو ناوچەکە بکەنە مۆڵگەی سەهەڵدان و خۆڕێکخستنی حزبە ئیسلامییە توندڕەوەکان و ناوچەکە نەبۆتە مۆڵگەی تروکاندان و پێکورەبونی گەرای ئیسلام گەرایی پەڕگیر. وە بۆ ئەوەی پیرۆزی و ئەوپێگە مێژویییەی خۆیشی لە دەست نەدات ، وا دەخوازرێت هەر بەوشێوەیە لەو ئاقارەی خۆیدا بمێنێتەوە . وە ئەو پێگەیەی کە تا ئێستا هەیەتی زۆر باشتر دەبینرێ ، وەک  لەوە ی کە ئێستا کۆمەڵێ لە بەرزنجەییانی زۆر بەرێز کە کەسانی ناسراو و خاوەن هەڵوێست و تێکۆشەری دێرین وماندونەناسی شۆڕش و ڕۆژەسەختەکان بون ، نازانم بۆئێستا  دەیانەوێ بەرەو ئاقارێک بڕۆن  کە پێبزانن یان نا ! مەبەستیان بێت یان نا ! هەنگاو نانە بەرەو تونێلی نوتەکی ئیسلام گەرایی مەزهەبی . لەم کاتەدا ختوکەدانی هەستە ئایینیەکان لەناو کۆمەڵگای کوردەواریدا ،  لە دوا ڕۆژێکی زۆر  نزیکدا زۆر بەسانایی پەرچە کرداری زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە و  گورز وەشاندنە لە مێژوی ناوچەکە و هەڵخلیسکانە بەرەو مەزهەبگەرایی ئیسلامی نامۆ بەناوچەکە . 

کردنەوەی دەلاقەیەکی دوبەرەکیە بۆ خۆ خزانە ناوەوەی باڵێک و ڕەوتێکی ئیسلامی . ئاخر چ پێویست دەکات یادی عاشورا لە بەرزنجە بکرێتەوە . ئەوەتە دەبینین بەزۆری زۆردارەکی لە ناوچە دابڕینراوەکانی کوردستان و بەتایبەتی تر کەرکوک لەم یادەدا ڕەشپۆشی سیاسی و مەزهەبی دەکرێت ، لەشەقامی سالمی شاری هەڵمەت و قوربانی دەنگی لەبەیکە یاحوسین دەبیسترێ . ئەمەیە جێبەجێکردنی وەسیەتی چوار ئەفسەرە شەهیدەکەو داواکانی مەلیک مەحمودو ئامانجەکانی شۆڕشی کۆن و نوێ. ئەمانە لەپەیرەوپڕۆگرامی حزبە عەلمانیەکانی کوردستان و ڕێکخراوی سۆشیال دیموکراتیەکانی جیهاندا هەن. ئەمەیە مۆدرینەو پۆست مۆدرینە و گڵۆباڵیزەیشن و ڕیفۆرم یان گەڕانەوەیە بۆ چاخەکانی فیوداڵی و تەنانەت پێش قۆناغی دەرەبەگایەتیش. یان هەنگاو نانە لەڵیبرالیزمەوە بۆ دۆگماتیزم‌و ئانارشیزم‌و لەئاوەزمەندی و ئاوەز باوەڕییەوە بۆڕاسیزمی ئایینی‌و ئیرەشنالیزم‌و پوچگەراییو وەدوکەوتنی تراویلکە.

ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێ، ناوچەکە پشتگوێ بخرێت و خزمەتگوزاری باشی بۆ نەکرێت. بەڵکو بۆ سود وەرگرتن و وەک دیفاکتۆیەکی ئایینی دەتوانرێ بکریتە ناوچەیەکی گەشتوگوزاری ئایینی‌‌و سودی ئابوریش بەخەڵک‌و ناوچەکەش بگەیەنێت، بەمەرجێ لەژیر چاودێریدا بێت‌و بەلا ڕێدا نەبرێت. وای لێ بکرێت سەرنجی نەک  گەشتیارانی ئایینی کوردستان بەڵکو دەرەوەی هەرێمیش بۆ خۆی ڕاکیشێت. بایادی ئەم شێخ و پیرانەی کوردستان لەیادی لەدایکبون یان کۆچی دوایی خۆیاندا بێت ، بۆ وابەستەی بکەین  بەیادێکی دیکەوە . ئەمەش بەهیچ کلۆجێ مانای بەکەمگرتن یان گرنگی نەدان بەیادە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان ناگەیەنێت ، لەبەر ئەوەی  ئێمەی دانیشتوی هەریمی کوردستان، تا ئیستا بەشێکین لەئێراق و لەناو ئێراقیشدا کۆمەڵانێکی دیکە هەن کەمینە بن یا زۆرینە لەبەر ئەوەی ئەم یادەیان لا پێرۆزە. پیویستە ئێمەیش ڕیز لەیادەکە بگرین ، گەر وەک یادو بۆنەیەکی خۆشی بیت لەگەڵیاندا خۆشحاڵین ، ماتەمینیش بێت هاوبەشی خەمیانین.
     
لەگەڵ ئەو مەلایەیەی، کەکابراکوێرەکە چوەبوە لای، داوای لەمەلاکردبو کەدوعای خێری بۆبکات، ئەو تاقە مانگاو گوێدرێژەی کەهەیەتی پارێزراوبن، هەر نەبێ ئەگەر خوا مرداریشی کردنەوە با لە پێشەوە گوێدرێژەکە مرداربکاتەوە، مەلا دوعای خێر بۆ کوێرە دەکات. بەڵام پێچەوانەی داوای کوێرەکە ڕودەدات، کوێرە مەلادەباتە سەر ڕوداوەکەو، مەلا زۆر ئیحراج دەبێت و دەڵێ خودایە، وەڵاهی هەندێ جار هەندێ کاری وا ڕودەدات ئەزی تیا شەرمەزار دەبێت . هیوادارین ئەم کارانەیش نەبنە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەزەکانی کوردستانیانیان تیا شەرمەرزار بێت.   

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×