ئێمه‌و ئیوه‌ پێكه‌وه‌ ناژین تا دیموكراسیەت نەچەسپێت

سەید عەتا
  2019-09-11     315

ئێوه‌ به‌خواستی خۆتان دابڕان گه‌نده‌ڵیتان كرده‌ مه‌كۆ و كلتوری نوێی ژیان، ئه‌نجامێكی قێزه‌ون ناشیرین تابڵێی لێوانلێو له‌ دوبه‌ره‌كی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی هه‌ژارو كۆیله‌ی دروست كرد، گه‌نده‌ڵی یه‌كێكه ‌له‌ كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌كان كه‌ مێژوی سیاسی و شۆڕشگێڕی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌بارده‌بات، له‌م هه‌رێمه‌دا سه‌رپاكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و هێزه‌ سیاسیه‌كانی تریشی داوه‌ به‌كۆڵیدا و به‌ره‌وچاره‌نوسیێكی نادیاری ده‌بات، ناتوانن سه‌ركه‌وتن و سنوری ده‌وڵه‌تێك دیاری بكه‌ن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رنه‌وی كردن و چاره‌ڕه‌شی ده‌كه‌نه‌ ده‌ستمایه‌ی ئه‌م ئه‌زمونه‌.

ئێوه‌ن ناتوانن له‌سه‌ر دنگه‌ كۆڵه‌كه‌كانی ڕاستی خۆتان ڕاگرن، خه‌سڵه‌ته‌ تایبه‌ته‌كانی چاكسازی بۆ رزگار بون له‌و پیشه‌ ناڕه‌وایه‌ كاركردنه‌ بۆ نوێبونه‌وه‌ و دڵدانه‌وه‌ی ئێمه‌ی بێ ده‌ست و پاكراو، زریان و داڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌كان له ‌گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، ئێمه‌: كارگه‌له‌كانی ئێوه‌یه‌ ترس و برسیه‌تی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوین له‌رز و تێی له‌هه‌ناوماندا چاندوه‌ و زاڵه‌تره‌كتان كردوین، ئێوه‌ له‌سه‌ر میزاجی خۆتان كارده‌كه‌ن كاتێ ئێمه‌ مردین ئێوه‌ كێن ده‌سه‌ڵاتتان بۆ چیه‌؟ ئێوه‌ بونه‌ هۆی ڕوشاندنی حورمه‌تی پێنوس و رۆژنامه‌نوسان و نوسه‌ره‌كان، بونه‌ هۆی شكاندنی پیاو ماقوڵان و ئه‌شرافه‌كان، شاگه‌شكه‌ ده‌تانگرێ كاتێ فه‌ردێكمان دێت بۆ دیدارتان، سه‌رمه‌ست و ده‌رون كه‌یل ده‌بن كه‌ برسیه‌كان ده‌بیین و رۆژنامه‌نوسێك له‌زیندان ده‌ئاخنن.

ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی ئێوه‌ نیشتمانی كوردان قێزه‌ونه‌ بۆ مۆڵگه‌ی ژیان سه‌ره‌و خوارمان ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ناو تاقی تاریكیه‌كی تر، ئێمه‌: به‌چاوی هیوای له‌په‌ژاره‌ خنكاو لێتان ده‌ڕوانین، ئێوه‌ش دنیای خه‌یاڵتان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن دیده‌مان كوێر ده‌كه‌ن تا ده‌مرین، شریخه‌ی ناعه‌داله‌تی دادگاكانتان گوریسی ژیانی بچڕاندین هه‌مومان به‌زین سبه‌ینێ ئێوه‌ش ده‌به‌زن، مه‌رگێكی پڕ ده‌ردی سه‌ری ده‌بێته‌ هاوسه‌رتان داوهه‌ناسه‌تان له‌ پێخه‌فی نه‌خۆشیه ‌ده‌رونیه‌كانی ئێمه‌دا ده‌پسێ، ئێمه‌ له‌ژێر كوته‌ك و گورزی چه‌كوشی ئێوه‌دا بەگچكەیی دەژین، هیچ له‌زه‌تێكی ژیان نانۆشین قۆناغ قۆناغ له‌گه‌ڵ پڕبونی كیسه‌كانتاندا ده‌مرین، دیوار و سنوری ئارامگرتنمان ته‌پی و قه‌یرانی ڕۆحیمان بۆ په‌یدا بوە، شه‌و تا به‌یانی به‌دیارتانه‌وه‌ خه‌وه‌نوچكه‌ ده‌مان باته‌وه‌ قاپی به‌زه‌یی خودا به‌رناده‌ین نزاده‌كه‌ین تا له ‌ئه‌ستوریا ده‌تان بچڕێنین.

كاتێ ژیانمان درزی بردوه‌ هێدی هێدی بوه‌ته ‌شه‌به‌ق به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌ردولامان ناژین، گه‌رده‌لولی ڕقمان ده‌تانسوتێنێ وه‌ك چۆن ئێوه‌ له‌ناو مه‌نجه‌لێكتان ئاخنیوین له‌سه‌ر ئاگری بێ باكی ئێوه‌دا ده‌كوڵێین، تینومان ده‌بێت هه‌ناومان تاوده‌دات بۆ نان و ئازادی و دادپه‌روه‌ری پێی ناگه‌ین، دیسان ده‌مرین، له‌ڕۆژێكدا چه‌ند جارتان پێ باشه‌ بمرین، ئێوه‌ رابردوتان بیرچۆته‌وه‌ مێژوی كۆنتان دوباره‌ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مساته‌ شه‌ڕی نوێیه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ژاراندا ده‌یكه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ش فێربوین یه‌كتر ناكوژین ڕقمان لێتان ده‌بێته‌وه‌ ساتێ شه‌ڕبو ڕه‌نگ زه‌ردتان كردین، كاتێ ئاشتی هاته‌ ژیانه‌وه‌ ڕوخسارمان خوێنی تێزاو كانی وره‌ به‌رزی له‌ناخماندا ته‌قیه‌وه‌ وتمان ژیانی نوێ میری نوێ یه‌ك ده‌خه‌ینه‌وه‌، نه‌مانزانی له‌ژێره‌وه‌ به‌گڕكانێكی گڕگرتو تابێت كڵپه‌و نێڵه‌ تر ده‌بێت له‌سه‌رخۆ ئه‌مان برژێنن، ئیتر بۆچی خۆتان به‌ كه‌مه‌ری ئازادیه‌كانی ئێمه‌دا هه‌ڵده‌واسن، گوایه‌ ژیان فه‌راهەمه‌ كوا نان كوا ماڵ و سه‌روه‌ت و سامان كوا ڕۆڵه‌ وبراكانمان ، باوكم وتی: ...كوڕم ئه‌م ئه‌زمونه‌ به‌تراژیدیایەكی خوێناوی كۆتایی دێت.

كاتێ شه‌قامی عه‌ره‌بی پڕ له‌خوێن ده‌بینین ئاخۆ شه‌قامه‌كانی شاره‌كه‌م به‌و ده‌رده ‌برێت  خه‌باتی شاخ زه‌مینه‌ی له‌باری خوڵقاند كه‌ چه‌ندین پاڵه‌وانی نه‌خوێنده‌واری بێ فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی تێدا له‌دایك بێت، ئه‌وان بونه‌ ده‌مڕاستی شۆڕش ئێسته‌ هه‌مان پاڵه‌وان و عه‌نته‌ری نه‌خوێنده‌وار بونه‌ته‌ پاڵه‌وان و سیاسه‌تمه‌داری ناو ده‌سه‌ڵات، چاره‌نوسی سیاسی و ئابوری هه‌رێمێك له‌ناو له‌پی ده‌ستیان یاری ده‌كات به‌هه‌مان سات و دۆخی شاخدا تێمان ده‌په‌ڕێنن، ئێوه‌ منه‌تمان به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن گوایه‌ شۆڕتان كردوه‌ له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات جێگیر بون و تاجی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیتان له‌سه‌ر ناوه‌، به‌ئه‌قڵیه‌تی شاخاویه‌ نه‌خوێنه‌ده‌واره‌كان بێ سه‌روبه‌رترین و گه‌نده‌ڵترین سیسته‌می ئیداری پڕ له‌فه‌وزا خوڵقاوه‌، كه‌ ئێمه‌ی پێده‌مرین، له‌كۆتایدا ئێمه‌ له‌ژێر سێبه‌ری نه‌خوێنده‌واره‌كاندا ده‌ژین، ئه‌بێ هه‌وڵ ده‌ین به‌كڵۆڵی نه‌مرین، وڵاتێك بۆ خوێنه‌واران دروست كه‌ین تا نه‌وه‌ی نوێ بتوانێ  لەدیوی دوهەمدا بەئاسودەیی بژی .

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×