ساڵی كەوتنی حورمەتی سیاسیی!

محەمەد نوری
  2019-01-01     1777

لەماڵئاوایی كردن  لەساڵی ٢٠٠٠ رۆماننوسی عەرەب ئەحلام مستەغانی دەنوسێت:  ساڵانی بەڵاو نەمانی ماناو شكاندنی رێز وكەوتنی سیاسییەكان بو.


رەنگە ئێستاش هەمان رستە بەسەر ئەم ساڵەی كە تێمان پەڕاند  جی بەجێ بێت .ساڵی كەوتنی بەهای دەنگ و نەمانی ماناكانی هەڵبژاردن بوو  ،ساڵی سڕینەوەی یەكتر و شكاندنی هەنگاوەكانی چاكردنی كۆمەڵگا بو.

ساڵێك بوو  سیاسییەكان بەڵێنی وا بریقەداریاندا كە ئاسمانیان  خستە سەر زەوی و بەهەشتیان خستە ناو ئەو گەڕەكانەی لافاو دەینبات، كەچی لەوسەرەوە لەپێناو پۆست‌و پارەو كورسی شەقی گەورەیان لەناویی خۆیان هەڵداو هەموشتێكیان لەپێناو پۆستدا دانا، بەڵێنەكانیش با بردی.



ساڵی كەوتنی حورمەتەكان بو، ساڵی بردنەوەی دەنگ بوو بۆ بەردەم قاپی سوڵتانەكانی ستەمگەر ،ساڵی سەركەوتنی هێز بوو بەسەر دیالۆگدا ،ساڵی قیرتاوكردنی رێگای سەری رەش و گردەكەی زەرەگەتە بوو ،ساڵی لە تورەكەنانی حورمەتی سیاسیی بوولەلایەن  بەرهەم ساڵح و فڕێدانی بوو بۆ ناو دیجلەی پڕ پاشماوە ،ساڵی گۆڕینەوەی سندوقەكانی هەڵبژاردن بوو بە پۆستە لاوەكییەكان و ساڵی لەدەستدانی رێزی دەنگ بو.



ساڵی بەجێهیشتنی شەقام و تەنهاكردنی هاوڵاتیان بوو ،ساڵی دەركەوتنی مەقەباكانی كوردایەتی بوو لەبەردەم  مێزەر رەشەكانی بەغدا ،ساڵی  كوشتنی ژن  وفڕێدانی منداڵەكان ئاسانتر لە خواردنەوەی پەرداخێك ئاو،ساڵی داڕوخانی خانوە قوڕەكان بوو بەهۆی لافاوو لەوسەریشەوە دروشمی خانوە قوڕەكان  بە فۆنتێكی گەورە لەسەر تابلۆ زەبەلاحەكان هەڵواسرابو.



ساڵی تەسیلمیكردنی دەسەڵات  بو بەكوڕە نازدارەكانی بنەماڵە، ساڵی چەپڵەی موعارەزەكان بوو بۆ تەزویرچییەكانی حكوم ،ساڵی  وەستانی ئەو هەموو ردێن سپی وپرچ سپییە بوو بۆ موچەی خانەنشینیی خۆیان ئێمەش  وەك ئاسن  بێ هیچ هەستێك لێمان دەڕوانین ،ساڵی گریانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان‌و   دیاریكردنی شاجوانی وڵات بو، ساڵی كەوتنی سیوەو منداڵەكانی بۆ ناو پێچەكانی مەرگ‌و ساڵی نمایشی جلوبەرگ بوو لەپایتەختی قەیران.



چ ساڵێكمان بەڕێ كرد؟ساڵی دوڕاندنی خۆمان وبردنەوەی ئەوان بو، ساڵی قاقای پیاوانی حوكم و شكاندنی ئێمە بوو ، ئەوان بردیانەوە ئێمەش  چاوەڕێی هەواڵی موچە و كاتی  پێدانی كارەباین.ئەوان ئەمساڵێش لەسەر تەختی حكومڕانیی وەك شای  چیرۆكەكان دانیشتنەوە و قاسەی پڕ پارەی دزراوی ئێمەیان تەسلیم بەكوڕەنازدارو زاوا زێڕینەكانیان كرد وئێمەش لە چاوەڕێی هەرباشدەبێت خۆمان پیركرد.



ساڵیی بەناوی رێبازی نەوشیروانەوە خیانەتیان لەكاك  نەوشیروان كرد، بەناوی رێبازی تاڵەبانییەوە كەوتنە شەڕكردن بۆ پۆست بەناوی رێبازی بارزانییەوە سەری میلەتێكیان دابە بەردی رەقی كوردایەتیدا.


ساڵیی هاككردن و ساڵی بێ فەڕكردنی دیموكراسیی و ساڵی بێئومێدكردنی  هەنگاوەكان بو بۆ سبەی .ساڵی وردوخاشبونی دەنگ و پەرتەوازەیی نەخێرەكان بو.



چ ساڵێكمان بەڕێكرد؟ زۆربەی زمان گەرمەكان گەڕانەوە لای سوڵتان ،زۆربەی قەومەچییەكانی درۆ چوونە حزوری ئایەتوڵاكان، زۆربەی توڕەییەكان بە نرخی پۆست فرۆشرانەوە بە ستەمەگەرەكانی وڵاتی نەوت.



چ ساڵێكمان تێپەڕاند؟ مانامان بۆ هیچ مانایەك نەهێشتەوە، بەهامان لەهەموو بەهایەك داماڵی، خۆشمان وەك بتێك بەدیار بتە گەورەكانەوە حەپاساوین وهیچ ناكەین بە هیچ.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×